Dr Aras - د. هەڤاڵ کێلی – پسپۆری نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا

01 February 2024
Dr Aras - د. هەڤاڵ کێلی – پسپۆری نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراسە لە ئەتلانتای ئەمریکا، پسپۆڕێكی دڵ میوانی بەرنامەیەکەیە و چیرۆکی سەرکەوتنی بۆ دکتۆر ئاراس دەگێڕێتەوە، ئەوەش باسدەکات چۆن بەسەر ئەو زەحمەتییانەدا زاڵبووە کە هەم وەکو کەسێكی دەرەوەی وڵاتەکە ئەم  سەرکەوتنەی بەدەستهێناوە.

دکتۆر هەڤاڵ پزیشکێكی گەنجی کوردی رۆژئاوای کوردستان، کە ئێستا پسپۆڕێكی بەتوانای نەخۆشییەکانی دڵە لە ئەمریکا، لە ئەمریکاوە پەیام دەنێرێت و دەڵێت هەر کەسێك بیەوێت لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان دووربێت، دەبێت خۆی لە قەڵەوی 
بپارێزێت، وەکو نمونەش دەڵێت قەڵەویی ئەمریکییەکان هۆکارێكی تووشبوونیان بە کۆمەڵێک نەخۆشیی درێژخایەنی وەکو شەکرە، بەرزە پەستانی خوێن و جەڵتەی دڵ و مێشکە.

دکتۆر ئاراس کە دەگاتە لای دکتۆر هەڤاڵ ئاماژە بۆ ئاڵاکەی کوردستان دەکات کە لەسەر سنگی و لەسەر جلە سپییە پزیشكییەکەی دایناوە و لەبارەیەوە پرسیاری لێدەکات، دکتۆر هەڤاڵیش باسی نیشتمان و خۆشەویستی خاک و خەڵکی وڵاتەکەی بۆ دەکات.

دکتۆر هەڤاڵ لە ئەتلانتای ئەمریکا لەگەڵ خانمە پزیشكێکی کوردی بادینی خەڵکی دهۆک، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و ئێستا لەگەڵ دوو منداڵەکەیان بەیەکەوە دەژین، باسی ئەوەش دەکەن لەو وڵآتە کەمترین گرفت بۆ خەڵکی بیانی دروستدەبێت، هیچ کات هەست بە ئاوارەیی و بێزاری ناکەن، چونکە توانیویانە بە سەرکەوتنەکانیان بەسەر ئەو لایەنە زاڵبن.

دکتۆر ئاراس چووەتە یەکێك لە کافێیەکانی ئەتلانتا و داوای ئێسپرێسۆیەک دەکات، لە قاوەخانەکە باسی ئەوە دەکات کە چۆن رۆژانە خەڵکی 60 نەتەوە کە بە 45  زمان قسەدەکەن، بەبێ ئەوەی گرفتی رەگەزپەرستی و جیاوازیی زمانیان هەبێت 
بەیەکەوە دەژین.

لەنێو بەرنامەکە دکتۆر ئاراس بایەخێكی جیاوازی داوە بە تێكەڵاوی و هەمەڕەنگی وڵاتەکە و ئەتلانتا، بینەری ئەم بەرنامەیە بن، کۆمەڵێك زانیاری دیکە لەسەر دکتۆر هەڤاڵ و ئەتلانتای ئەمریکا بزانن.