Dr Aras - گەشەی منداڵانی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
پسپۆڕێكی نەخۆشییەکانی گەشە و خۆراکی منداڵان دەڵێت ئێستا لە کوردستان کێشی زۆربەی منداڵان خراپە، منداڵانی ئێستا زۆر لاواز یان زۆر قەڵەون و شەکری نێو خواردنەوە گازییەکان، ئەندۆمی و چپس بە هۆکار دەزانێت.
د. تارا عەلی بابان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گەشە و خۆراکی منداڵان لە بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس لە وەڵامی دکتۆر ئاراسدا لەبارەی گەشەی منداڵانی کوردستان، دەڵێت ئێستا گەشەی منداڵانی کوردستان زۆر خراپە، ئەندۆمی، چپس، خواردنەوە گازییەکان بە هۆکاری ئەمە دەزانێت و دەڵێت دوورنییە مادەی نێویان هێندە مەترسیداربێت کە هۆکاری شێرپەنجە بێت.
د. تارا عەلی بابان روونیدەکاتەوە خۆراک و خواردنەوە خراپەکان زیان بە هەموو ئەندامەکان دەگەیێنن، وەکو نموونە دەڵێت ئەندۆمی کەمترین بەها خۆراکییەکانی تێدا هەن، بەڵام مادەی دروستکەری شێرپەنجەی تێدایە و بە دووری نازانێت، خواردنی ئەندۆمی لەداهاتوودا هۆکاری شێرپەنجە بێت
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی گەشە و خۆراکی منداڵان دەڵێت دایک و باوک جێگرەوەی تەندروست بە منداڵەکانیان بدەن، لەجیاتی خواردنەوە گازییەکان ماستاو، دۆ و ئاو بە منداڵ بدرێت، ئەوەش ناشارێتەوە منداڵ ئەگەر فێرنەکرێت، داوای چپس و ئەندۆمی ناکات و نازانێت تامیان چۆنە تاوەکو داوای بکات.