پزیشکە گەنجەکان لەنێوان بێکاری و کۆچدا، کەرتی تەندروستی بەرەو کوێ دەچێت؟
لەم هەفتەیەدا ستۆدیۆی دکتۆر ئاراس لە هەولێری پایتەخت، بووە شوێنی کۆبوونەوەی 150 پزیشکی گەنج کە لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە هاتبوون. ئەم پزیشکانە کە دوای 18 ساڵ لە خوێندن و رەنجدان وەک "پزیشکی زانستکار" دەرچوون، ئێستا لە جیاتی ئەوەی لە ناوەندە تەندروستییەکان بن، لە چاوەڕوانیی بڕیاری دامەزراندندان. پەیامی ئەوان روون بوو: "ئێمە سەرمایەی نیشتمانین، نابێت رێگە بدرێت لێرە بێکار بین و لە دەرەوەی وڵات خزمەت بکەین."
قەیرانی پلەبەندی و مەترسیی داڕمان
دکتۆر ئومێد عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و پزیشکی پسپۆر، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەکەدا هۆشدارییەکی توندی دایە دەسەڵاتی جێبەجێکردن. ئەو رایگەیاند کە دانەمەزراندنی ئەم پزیشکانە تەنیا کێشەیەکی دارایی نییە، بەڵکو پەکخستنی تەواوی سیستەمی تەندروستییە. دکتۆر ئومێد گوتی "سیستەمی پزیشکی لەسەر پلەبەندی بنیات نراوە، ئەگەر پزیشکی نوێ دەستبەکار نەبێت، پزیشکە کۆنەکان ناتوانن بچنە خوێندنی پسپۆری و پاشان پزیشکی پسپۆریشمان نابێت." ئەو جەختیکردەوە کە ئەم دۆخە وا دەکات خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە دەرەوەی سەنتەری شارەکان بەتەواوی پەکیان بکەوێت و زیانی یەکەمیش بەر هاونیشتمانیان دەکەوێت.
سەرمایەی مێشک و تاقیکردنەوە جیهانییەکان
لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر ئامانج سەعید، راوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ستایشی لێهاتوویی ئەم گەنجانەی کرد و رایگەیاند کە کوالێتیی خوێندنی ئەمان هیچی کەمتر نییە لە زانکۆ جیهانییەکان. دکتۆر ئامانج ئاشکرایکرد کە هەندێک لەو خوێندکارانە هێشتا لە قۆناغی پێنجی کۆلێژ بوون، تاقیکردنەوەی (USMLE)ی ئەمەریکییان بە سەرکەوتوویی بڕیوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە کوردستان خاوەنی مێشکێکی گەورەیە. ئەو راشیگەیاند کە وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانێکی فراوانی هەیە بۆ وەرگرتنی هەموو پزیشکان لە بۆردی کوردستان، بەڵام ئەمە پێویستی بەوەیە سەرەتا دابمەزرێن و بچنە ناو پرۆسەی کارکردن.
ئامارە ترسناکەکان و کۆچی بە لێشاو
ئەو راپرسییانەی لەنێو پزیشکە گەنجەکاندا کراون، داتای جێگەی سەرنج دەخەنە روو. دکتۆر مەتیین ئاماژەی بەوە کرد کە 67٪ی پزیشکە دەرچووەکانی ساڵی 2025 بێکارن و 43٪یشیان بە جدی بیریان لە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات کردووەتەوە. هاوکات دکتۆر ئەحمەد نامیق، پزیشکی پسپۆر لە ئەڵمانیاوە، رایگەیاند کە وڵاتانی ئەوروپا بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم پزیشکە کوردانەن و بە ئاسانی دایاندەمەزرێنن. ئەو پزیشکە کوردە گوتی: "ئەمانە وەک نەوتی خام وان، ئەگەر لێرە سوودیان لێ وەرنەگیرێت، وڵاتانی دیکە دەیانبەن و دەیانکەنە بنزین بۆ ئۆتۆمبێلی خۆیان."
بەرنامەی دکتۆر ئاراس شەوانی پینجشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.