حەبێک بۆ رێگریکردن لە پووکانەوەی مێشك و کونبوونی دڕکەپەتک لە منداڵ

25 April 2026
حەبێک بۆ رێگریکردن لە پووکانەوەی مێشك و کونبوونی دڕکەپەتک لە منداڵ

بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس.. دکتۆر ئاراس برادۆستی لە دەستپێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاسکیل دەبێت مرۆڤ بجوڵێنێت، ئەگەرنا بە پاسکیل دانانرێت. 
نموونەش بە پاسکیلی کەارەبایی دەهێنێتەوە و دەڵێت مرۆڤ ناجوڵێنێت و سوودی تەندروستی نابێت. لە بەرنامەکە دوو تەوەرەی گرنگ باسکران،  یەکەمیان پاراستنی منداڵ لە کونبوونی دڕکەپەتک و پووکانەوەی مێشك، دووەمیان لێخوڕینی پاسکیل لەلایەن منداڵ.

د. ئەڤین عومەر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و دەمار، باسی لە شێواوییەکی سکماکی کرد "پووکانەوەی مێشک و کونبوونی دڕکەپەتک" کە بەهۆی تەواو دانەخرانی رێڕەوی گەشەی مێشک و دڕکەپەتک لە 28 ڕۆژی یەکەمی دووگیانیدا روودەدات. ئەم حاڵەتە دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی گەورە لە جووڵەی قاچەکان و کۆئەندامەکانی میزەڕۆ.

بۆ رێگریکردن لەم حاڵەتە، د. ئەڤین عومەر جەختی لەسەر پلاندانانی پێشوەختە بۆ دووگیانی کردەوە، کە دەبێت سێ بۆ شەش مانگ پێش دووگیانی دەست پێبکات. 
ئەم پلانە خۆی لە ئامادەکردنی جەستەی دایکەکەدا دەبینێتەوە لەڕووی وەرگرتنی ڤیتامین و کانزا پێویستەکان، بەتایبەتی "حەبی فۆلیک ئەسید"، هەروەها کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی وەک قەڵەوی و شەکرە و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان. دکتۆر ئاراس برادۆستی ئاماژەی بەوەدا کە خواردنی یەک دەنکە حەبی فۆلیک ئەسید دەتوانێت رێگری لەوە بکات منداڵ تووشی ئەم حاڵەتە ببێت.

لە تەوەری دووەمدا، سوودەکانی پاسکیلسواری بۆ منداڵان خرایەڕوو. د. دڵزار ئەدهەم، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، رایگەیاند کە پاسکیلسواری یارمەتی بەهێزبوونی ماسولکە و ئێسکەکان دەدات و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش یارمەتی درێژبوونی باڵا دەدات، چونکە وا دەکات منداڵ شەوان زووتر بخەوێت و هۆرمۆنی گەشە زیاتر دەربدرێت. هەروەها پاسکیلسواری تەرکیز و هاوسەنگی منداڵ باشتر دەکات، لەڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونیشەوە منداڵێکی باشتر و کراوەتری لێدەردەچێت و رێگریش لە قەڵەوبوون دەکات.

بۆ سەلامەتی منداڵان، د. دێدەوان نامیق، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی ئێسک و شکاوی، چەند مەرجێکی گرنگی خستەڕوو. دەڵێت: "منداڵی تەمەن سێ بۆ پێنج ساڵ دەبێت پاسکیلی سێ تایەی بۆ بەکاربهێنرێت و لە شەش ساڵییەوە دەتوانێت پاسکیلی دوو تایە بەکاربهێنێت، بە مەرجێک قەبارەی پاسکیلەکە لەگەڵ تەمەن و باڵای منداڵەکەدا بگونجێت و پێی بگاتە زەوی. هەروەها پێویستە منداڵ کڵاوی سەلامەتی، ئەژنۆبەند و دەستکێشی تایبەت بەکاربهێنێت و لە شوێنی سەلامەت و دوور لە شەقامی گشتی پاسکیل لێبخوڕێت".

بەرنامەی دکتۆر ئاراس شەوانی پێنجشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.