Dr Aras - بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێش هاوسەرگیری ئەستەمە

03 June 2023
Dr Aras - بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێش هاوسەرگیری ئەستەمە

 
بەرنامەی ئەم هەفتەیەی دکتۆر ئاراس تایبەتە بە باسکردنی بنەما و مەرجەکانی پێش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، راوێژکارێکی دەروونی رایدەگەیێنێت، باشترە پێش تەمەنی 25 ساڵی هاوسەرگیری نەکرێت، هاوکات لە بەشێکی بەرنامەکەدا پرۆفیسۆرێکی دەرمانساز باس لە توێژینەوەکەی دەکات لەسەر سوودەکانی ریحانەکێوی و دەڵێت، دەتواندرێت بۆ چارەسەری شێرپەنجە بەکاربێت. 
 
ئاواز جەعفەر، راوێژکاری دەروونی ئاشکرای دەکات، پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەڕووی دەروونییەوە پێشمان دەخات، بەڵام پێویستە لە تەمەنی گونجاودا ژیانی هاوژینی پێکبێت، هاوکات دەشڵێت: ''تەمەنی گونجاو بۆ هاوسەرگیری 25-26 ساڵییە، چونکە دەروونی تاک سەقامگیر دەبێت''. 
 
ئاواز جەعفەر گوتیشی، تەمەنی گونجاو بۆ هاوسەرگیری بەپێی کەسەکانیش دەگۆڕێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە پێش هاوسەرگیری لەڕووی دەروونییەوە ئامادەکاری بکرێت، هەروەها روونی دەکاتەوە کە پێش پێکهێنانی ژیانی هاوژینی هەردوو رەگەزەکە زانیاری لەسەر مێشکی یەکدی بخوێننەوە و شارەزای یەکدی ببن. 
 
راوێژکارەکەی دەروونی جەختیش لەوەدەکاتەوە، نابێت لە هاوسەرگیریدا تەنیا کێماسییەکانی یەکدی ببیندرێن، لە بارەی هۆگربوونیشەوە گوتی، ''هۆگربوون زۆر جیاوازە لە خۆشەویستی''.
 
لە بارەی بەڵێنەکانی پێش هاوسەرگیرییەوە گوتیشی، ئەستەمە پێش هاوسەرگیری هەموویان جێبەجێبکرێن و نابێت هیوای زۆر لەسەر بەڵێنەکانی پێش هاوسەرگیری هەڵبچندرێن، چونکە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی پێش هاوسەرگیری دەدرێن ئەستەمە.
 
هاوکات ئاواز جەعفەر رێنوێنیی خانمان و پیاوان دەکات، گوێ بۆ یەکدی بگرن و راوێژ بە یەکدی بکەن، هەروەها بە خانمانیش دەڵێت: ''رێز لە ماندووبوونی پیاوان بگرن''. 
 
لەبارەی فیسیۆلۆژی مێشکی پیاوانەوە راوێژکارەکەی دەروونی دەڵێت: مێشکی پیاوان وایە بەرواری لەدایکبوونی خانمەکەی لەبیردەکات و کەمتر وردەکارییەکانی خانمەکەی دەبینێت یاخود بۆ لەبەرکردنی ژمارەکان باش نییە.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، ژن و پیاو فێربن داوای لێبوردن لەیەکدی بکەن، چونکە ژیانی هاوژینی بە رق لەیەکدی هەڵگرتن سەرکەوتوو نابێت، هەروەها هۆشیاری دەداتە کوڕ و کچان کە ژیانی هاوسەرگیری و ژیانی پێش هاوسەرگیری تەواو جیاوازن و پێویستە پێش پرۆسەکە دەروون و کەسایەتی یەکدی بەباشی بناسن.
 
پرۆفیسۆر کاوە دزەیی، پرۆفیسۆری دەرمانسازی باسی ئەو توێژینەوەیەی دەکات کە لەسەر سوودەکانی ریحانەکێوی ئەنجامی داوە و دەڵێت: ''کاریگەریی دژە هەستیاری و دژە کەڕووی هەیە''.
 
پرۆفیسۆر کاوە دزەیی ئاشکراشی دەکات، ریحانەکێوی نزیکەی 100 مادەی جیاوازی تێدایە و کاریگەرییەکی باشی دژەشێرپەنجەی هەیە، بەڵام نابێت ریحانەکێوی وەکو جێگرەوەی دەرمانی شێرپەنجە بخورێت. 
 
دکتۆر ژینەر سەمیر، پزیشکی نیشتەجێ بەشێک لە بەکارهێنانی کەلوپەلەکانی سندووقی فریاگوزاری باسدەکات و رایدەگەیێنێت، باشترە بۆکسی فریاگوزاری لە هەموو ماڵێک هەبێت.
 
سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خوێنبەربوون دکتۆر ژینەر گوتی، ''لەکاتی خوێنبەربوون قۆڵە بریندارەکە زۆر بە تووندی نەبەسترێت، هەروەها لەکاتی خوێنبەربوونی زۆر سەرووی برینەکە ببەسترێت''. 
 
لە کۆتاییشدا ئاشکرای کرد، لەکاتی سووتان کەسەکە لە سەرچاوەی ئاگرەکە دووربخرێتەوە و ئاوی پاک و سارد بە شوێنی سووتاوییەکەدا بکرێت، هەروەها دەشڵێت: ''ماست و هەویری ددان بۆ شوێنی سووتاوی بەکارنەهێندرێت، چونکە هۆکار دەبێت بۆ تووشبوون بە هەوکردن و هەستیاری شوێنی سووتاوییەکە''.