پەینی کیمیایی کارگەی پلانێت ئینێرجی دەبێتە رکابەری بەرهەمە بیانییەکان
کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە، بەتایبەت لە پرسی دابینکردنی پەینی کیمیایی، لە کاتێکدا 80٪ی پەینی بازاڕەکانی کوردستان هاوردەکراون، کارگە ناوخۆییەکان هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و گرژییەکانی ناوچەکە دروست بوون.
بازاڕی پەین لە نێوان جەنگ و گرانیی نرخەکاندا
زۆربەی پەینە جیهانییەکان لە هەولێر دەستدەکەون، بەڵام نرخەکان جێگیر نین،عەدنان رەمەزان، بازرگانی بواری کشتوکاڵە، باس لە کاریگەرییە سیاسییەکان لەسەر پەینی کیمایی دەکات و دەڵێت "شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، ئێستاش گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نرخی پەینی کیمیاییان بە رێژەی 25 بۆ 30٪ بەرزکردووەتەوە."
ئەو بازرگانە روونیدەکاتەوە ئێستا هاوردەی پەینە کیمیاییەکان لە ئێرانەوە کەمبووەتەوە و زۆربەی بەرهەمەکان لە تورکیاوە دێن، بۆ نموونە پەینی داپی ئوردنی کە پێشتر بە ملیۆنێک و 300 هەزار دینار بوو، ئێستا 100 هەزار دیناری چووەتەسەر، هەروەها یوێریای ئێرانی لە 500 دۆلارەوە بۆ 580 دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام جەختدەکاتەوە کە بەرهەمی ناوخۆ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و تەنیا بەهۆی گرانبوونی غازەوە بڕێکی کەم نرخەکەی زیادیکردووە.
پلانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی کارگەکان
خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاشکرای دەکات لە هەرێمی کوردستان 8 کارگەی بچووک و مامناوەند و گەورەی بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی هەن، دەشڵێت "ستراتیژی ئێمە پەرەپێدانی ئەم کارگانەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستی ناوخۆ و تەنانەت عێراقیش پڕبکەنەوە، گواستنەوەی بەرهەمەکان لەسەر ئاستی جیهان بووەتە گرفت، بۆیە پێویستمان بە سەرمایەگوزاریی کۆمپانیا گەورەکان هەیە بۆ دروستکردنی کارگەی زەبەلاح."
پلانێت ئینێرجی، پڕۆژەیەکی 16 ملیۆن دۆلاری لە بناری کێوەڕەش
لە بناری چیای کێوەڕەشی رانیە، کارگەی پلانێت ئینێرجی وەک یەکێک لە پێشکەوتووترین کارگەکانی ناوچەکە دەردەکەوێت، ئەم کارگەیە کە لەسەر رووبەری 5 هەزار مەتر دووجا و بە تێچووی 16 ملیۆن دۆلار دامەزراوە، 63 هەلیکاری رەخساندووە.
دکتۆر محەممەد حەسۆ، خاوەنی کارگەکەیەو خۆشی پسپۆڕی کشتوکاڵە، چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی بۆ مەید ئین کوردستان دەگێڕێتەوە و دەڵێت "ئێمە لە دەبەیەکی 100 لیترییەوە دەستمانپێکرد، دوای هەوڵێکی زۆر توانیمان دوو کۆمپانیای گەورەی وەک ئیندوگۆڵفی هیندی و'ئەلبورزی ئێرانی رازی بکەین لێرە وەبەرهێنان بکەن و تەکنەلۆژیاکەیان بگوازینەوە کوردستان."
کارگەکە رۆژانە بڕێکی زۆر لە پەینی دەنگکۆڵە، پاودەر، شل و دەرمانی قڕکەر بەرهەم دەهێنێت، کۆی بەرهەمی ساڵانەیان دەگاتە نزیکەی 25 ملیۆن تۆن بە نرخی ئێستا بەهای 186 ملیۆن دۆلار.
تاقیگە و کوالێتی، تێکشکاندنی فێڵی بازرگانی
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی کارگەکە، بوونی تاقیگەیەکی پێشکەوتووە، خاتوو میهراکۆ عەبدوڵڵا، بەرپرسی تاقیگەیە، لە بارەی کوالیتی بەرهەمەکان قسەی بۆ مەید ئین کوردستان کرد و گوتی "ئێمە لێرە تێستی ورد بۆ هەموو ماددەکان دەکەین، زۆر لە بەرهەمە بیانییەکان لەسەر پاکەتەکانیان دەنووسن رێژەی کلۆر و خوێیان سفرە، بەڵام کە پشکنینیان بۆ دەکەین دەردەکەوێت فێڵ لە جووتیار دەکەن و رێژەیەکی زۆریان تێدایە کە خاک تێکدەدات، ئێمە لێرە بەرهەمێک دروست دەکەین کە کێبڕکێی کوالێتی جیهانی دەکات."
هەر لەم بارەیەوە، عەزیز مەحموود، ئەندازیاری کشتوکاڵی، ئاماژە بە گرنگی پەینی ئۆرگانی دەکات و دەڵێت "پەینەکانی وەک کریستاڵ گۆڵد و هیومیک ئەسید دۆستی ژینگەن و بڕشتی دۆنم زیاد دەکەن بەبێ ئەوەی زیان بە زیندەوەرە وردەکانی ناو خاک بگەیێنن."
تەکنەلۆژیا و ڕێنمایی بۆ جووتیاران
لە ناو هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی کارگەکەدا، ئامێری زۆر پێشکەوتوو دەبینرێن، سەڵاح محەممەد، ئەندازیاری کشتوکاڵی، باس لەو ئامێرانە دەکات و دەڵێت "ئامێری وەک داینامیڵ و هۆمۆجینایزەرمان هەیە کە بە نوێترین ستاندارد کار دەکەن."
هەروەها ئالان عەبدولڕەحمان، کارمەندی کارگەکەیە، باس لە وردەکاریی بە پاکەتکردنی بەرهەمەکان دەکات و دەلێت "بوتڵەکانمان بە جۆرێک دروست کراون کە بەرگەی ماددە کیمیاییەکان بگرن و نەتەقن، رێنماییەکان بە سێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر نووسراون، هەروەها ژمارەی باجیشی لەسەرە بۆ ئەوەی رێگری لە ساختەیی بکرێت."
ئاستەنگە ئیدارییەکان، کێشەی نێوان هەولێر و سلێمانی
سەرباری سەرکەوتنی بەرهەمەکە، بەڵام کێشە کارگێڕییەکان هێشتا بەربەستن، غازی رانیەیی، فرۆشیاری بەرهەمە کیماییەکانە، بەتایبەتی بەرهەمەکانی ئەم کارگەیە و لەو بارەیەوە دەڵێت "بەرهەمی کارگەکە زۆر نایابە و نرخیشی گونجاوە، هەرچەندە مۆڵەتی فەرمیشمان لە حوکمەت هەیە، بەڵام بەداخەوە ناتوانین بە ئاسانی بەرهەمەکانمان لە ئیدارەی راپەڕینەوە ببەین بۆ هەولێر و دهۆک."
وەزیری کشتوکاڵ، بێگەرد تاڵەبانی، نیگەرانی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕی و گوتی "جێگەی داخە کە رێگری لە گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی دەکرێت لە نێوان پارێزگاکانی هەرێی کوردستان، ئەمە گرفتێکی گەورەیە و ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکان لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنی، چونکە ناکرێت بەرهەمێک کە وەزارەتی کشتوکاڵ پشتگیری دەکات، ئاستەنگی بۆ دروست بکرێت."
دەنگی جووتیار
جووتیارانی ناوچەکەش کە دوو ساڵە ئەم بەرهەمە ناوخۆییانە بەکاردێنن، رەزامەندیی تەواویان هەیە، یەکێک لە جووتیارە نموونەییەکانی ناوچەکە دەڵێت "ئەم پەینانە بەڕاستی کێبڕکێی کۆمپانیا جیهانییەکان دەکەن، من بۆ نەمام و مەشتەل بەکاری دێنم و ئەنجامەکەی زۆر باش بووە، دەستیان خۆش بێت کە کارێکی وا حەڵاڵ و پاک دەکەن."
هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناخێکی نوێی پیشەسازی کشتوکاڵی هەنگاو دەنێت، بەڵام هێشتا پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری نێوان دامودەزگا حکومییەکان و پاڵپشتی زیاتری کەرتی تایبەت هەیە تاوەکو بتوانێت لە هاوردەکردنی پەینەوە ببێتە هەناردەکارێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا.
بەرنامەی مەید ئین کوردستان شەوانی سێشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت