کاڤین فارم هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی شیرەمەنی لە هەرێمی کوردستان

05 May 2026
کاڤین فارم هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی شیرەمەنی لە هەرێمی کوردستان
دوو ساڵ لەمەوبەر، رەفەی مارکێتەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ بەرهەمی وڵاتانی دراوسێ بوون، بەڵام ئێستا دیمەنەکە گۆڕاوە. کارگەی کاڤین فارم لە دهۆک، نەک تەنیا کێبڕکێی کوالێتی دەکات، بەڵکو بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی، خەریکە متمانەی کڕیاری ناوخۆیی بۆ بەرهەمی شیرەمەنی مەید ئین کوردستان دەگێڕێتەوە.
لەنێو جەرگەی سروشتی دهۆک و لە نزیک بەنداوی مووسڵ، یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەسەر رووبەری هەزار دۆنم زەوی بونیاد نراوە. ئێرە کارگەی کاڤین فارمە؛ شوێنێک کە تێیدا سێ هەزار مانگای شیردەر و سەدان گۆلک بە ستانداردێکی جیهانی بەخێو دەکرێن و رۆژانە زیاتر لە 120 هەزار لیتر شیر بەرهەم دەهێنن.
دروشمی کارگەکە "لە کێڵگەوە بۆ ماڵ"ە. ئەمە تەنیا دروشم نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی وردی زانستییە. کاڤین فارم بۆ دابینکردنی ئالیک، پشت بە دوو هەزار و 500 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە قەزای بەردەڕەش دەبەستێت. ساڵانە هەزاران تۆن وێنجە و گەنمە شامی بەرهەم دەهێنن تاوەکو دڵنیابن لەوەی ئەو شیرەی دەگاتە دەست هاووڵاتییان، لە سەرچاوەیەکی تەندروست و سروشتییەوە سەرچاوەی گرتووە.
سیستەمی کارکردن و تەکنەلۆژیا:
چوونە ناو کێڵگە و کارگەکە هاوشێوەی چوونە ناو ژووری نەشتەرگەرییە، رێکارە تەندروستییەکان لەوپەڕی تووندیدان. لە بەشی دۆشیندا، بە نوێترین تەکنەلۆژیای ئەڵمانی، لە ماوەی تەنیا حەوت خولەکدا 72 مانگا دەدۆشرێن، بێ ئەوەی دەستی مرۆڤیان بەربکەوێت.
یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی ئەم کارگەیە، بەرهەمهێنانی جۆرە شیرێکە کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکرێت. ئەم شیرە بەهۆی بەکارهێنانی گازی نایترۆجین و بوتڵی تایبەتەوە، بەبێ هیچ ماددەیەکی پارێزەر بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێنێتەوە و تامی ناگۆڕێت.
هەلی کار و رۆڵی ژنان:
پڕۆژەکە بووەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ نزیکەی هەزار خێزان. ئەوەی جێی سەرنجە، ئامادەیی بەرچاوی ژنانە وەک ئەندازیاری کشتوکاڵی و پزیشکی ڤێتێرنەری، کە بە وردی سەرپەرشتی گەشەی گۆلکەکان و کوالێتی ئالیکەکان دەکەن.
بازاڕ و ئابووری:
بەرهەمەکانی کاڤین فارم لە ماست و شیر و پەنیر و ماستاو، ئێستا نەک تەنیا لە دهۆک، بەڵکو لە تەواوی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقیش بازاڕێکی گەرمی پەیدا کردووە. کڕیاران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمەکان هەم فرێشن و هەم نرخیشیان لە چاو بەرهەمی بیانی گونجاوترە.
دیدگای داهاتوو:
بەرپرسانی کارگەکە پلانیان هەیە هێڵی بەرهەمهێنانی شیرەمەنییە تامدارەکان و کەرە و قەیماغیش زیاد بکەن. ئامانجی کۆتایی ئەوەیە کە لە دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا، کوردستان لە هاوردەکردنی شیرەمەنی بێزار بێت و ببێتە هەناردەکارێکی سەرەکی.
ئێستا کە نۆ کارگەی گەورەی شیرەمەنی لە کوردستان کار دەکەن، چاوەکان لەسەر حکومەتن تاوەکو بە دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە، رێگە بۆ ئەم پڕۆژە نیشتمانییانە خۆشتر بکات، تا سەرمایەی ناوخۆ بۆ ناوخۆ بگەڕێتەوە و سفرەی کوردستانییان بە بەرهەمی دەستی خۆیان بڕازێتەوە.
مەید ئین کوردستان شەوانی سێشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.