کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک بزوێنەری ئابووری و کلیلی هەرزانبوونی نرخی مریشک لە کوردستان

12 May 2026
کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئالیک بزوێنەری ئابووری و کلیلی هەرزانبوونی نرخی مریشک لە کوردستان
لە هەرێمی کوردستان، کەرتی بەرهەمهێنانی ئالیک تەنیا وەک پیشەسازییەکی کێڵگەیی نابینرێت، بەڵکو وەکو بڕبڕەی پشتی ئاسایشی خۆراک و دیاریکەری سەرەکیی نرخی گۆشتی مریشک و ماسی لە بازاڕەکاندا هەژمار دەکرێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی بەرنامەی مەید ئین کوردستان، ئێستا ئەم کەرتە نەک هەر پێداویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی هەناردە بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق.
ئالیک 70٪ی تێچووی مریشک
بەهۆی ئەوەی ئالیک زیاتر لە 70٪ی تێچووی پەلەوەرخانەکان پێکدەهێنێت، هەر گۆڕانکارییەک لە نرخەکەیدا راستەوخۆ کاریگەری لەسەر گیرفانی هاووڵاتییان دادەنێت. شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن، ئالیک تەنیا خۆراک نییە، بەڵکو هەوێنی کوالێتی و تەندروستی گۆشتەکەیە. لە کارگە مۆدێرنەکانی کوردستاندا، بەپێی تەمەن و جۆری مریشکەکە (گۆشتە، هێلکە، یان دایکانە) پێکهاتەی ئالیکەکە دەگۆڕدرێت، مریشکی بچووک پێویستی بە پرۆتینی زیاترە و مریشکی گەورەش وزەی زیاتری دەوێت.
یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی بەرهەمی ناوخۆ، بەکارهێنانی پڕۆبایۆتیکە، کە بەکتریای سوودبەخشە بۆ ڕیفۆڵەی مریشک و وای لێدەکات زووتر گۆشت بگرێت و بەرگری لەبەرامبەر نەخۆشییەکان بەرز ببێتەوە، ئەمەش پێویستیی بەکارهێنانی دەرمان و چارەسەری کیمیایی کەمدەکاتەوە.
ژمارە و داتاکان هەڵکشانی پیشەسازییەکە
ئامارەکان ئاماژە بە گەشەیەکی خێرا دەکەن. لە هەرێمی کوردستان 48 کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک هەن، کە توانای بەرهەمهێنانیان هەزار و 18 تۆنە لە کاژێرێکدا. بەرهەمی ساڵانەی ئەم کارگانە لە 2 ملیۆن و 500 هەزار تۆن تێپەڕ دەبێت، کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 13 ملیۆن دۆلار. سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە زیاتر لە نیوەی ئەم بەرهەمە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێت.
ئەم کارگانە تەنیا ئالیک بەرهەم ناهێنن، بەڵکو بوونەتە بازاڕێکی گەورە بۆ جووتیارانی ناوخۆ. پێشتر گەنم و گەنمەشامیی جووتیاران بەهۆی نەبوونی بازاڕەوە تێکدەچوو، بەڵام ئێستا کارگەکان بەرهەمی زیادەی ناوخۆ ساغ دەکەنەوە. بۆ نموونە، یەکێک لە کارگەکان کە بە سەرمایەی 6 ملیۆن دۆلار دامەزراوە، هەلی کاری بۆ 300 کەس بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەخساندووە.
ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکان
سەرەڕای گەشەکان، کێشە جیۆپۆلیتیکییەکان سێبەریان خستووەتە سەر ئەم کەرتە. ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کاریگەری لەسەر نرخی ماددە خاوەکان داناوە، بەجۆرێک نرخی هەر تۆنێک ئالیک نزیکەی 200 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.
زۆربەی ماددە خاوەکانی وەک سۆیا و پریمێکس لە وڵاتانی بەرازیل، ئەرجەنتین و رووسیاوە لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی وەک ئیبراهیم خەلیل هاوردە دەکرێن. خاوەن کارگەکان گڵەیی لە بەرزبوونی باجی گومرگی دەکەن و داوا لە حکومەت دەکەن باج لەسەر ماددەی خاو هەڵبگرێت تاوەکو نرخی مریشک بۆ هاووڵاتییان هەرزانتر بێت.
تەکنەلۆژیا و کوالیتی
پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کارگەکاندا بە سیستەمێکی ئۆتۆماتیکی پێشکەوتوو (PLC) بەڕێوەدەچێت. بۆ دڵنیابوون لە پاکژی، ئالیکەکە لە پلەی گەرمی 320 سیلیزیدا گەرم دەکرێت تاوەکو لە هەر ڤایرۆس و بەکتریایەک پاک بێتەوە، پاشان سارد دەکرێتەوە بۆ ئەوەی تەمەنی مانەوەی درێژتر بێت. لێژنەکانی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵیش بەردەوام نموونەی ئالیکەکان دەبەن بۆ تاقیگەکان تاوەکو لە کوالێتییەکەی دڵنیا بن.
پاڵپشتی بۆ کێڵگەکان
کارگەکان بوونەتە پشتیوانێکی دارایی بۆ خاوەن کێڵگەکان؛ زۆربەی کات ئالیک بە شێوەی قەرز دەدەنە کێڵگەکان تا ئەو کاتەی مریشکەکانیان ساخ دەکەنەوە. ئەمەش وای کردووە بازرگانیی هاوردەکردنی ئالیک ڕوو لە کەمی بکات و سەدا 30ی ئەو پارەیەی پێشتر بۆ کڕینی ئالیک دەچووە دەرەوە، ئێستا لە ناوخۆی کوردستاندا دەستاودەستی پێ بکرێت.
لە کۆتاییدا، خاوەن کارگەکان دوو داواکاری سەرەکییان هەیە: لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ماددە خاوەکان و ڕێگریکردنی جددی لە هاوردەکردنی ئالیکی بیانی.
مەید ئین کوردستان هەموو شوانی سێشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.