پەنجەمۆر، مێژووی پڕشنگداری کۆیە لە زمانی گولیزار حەوێزییەوە

01 October 2025
پەنجەمۆر، مێژووی پڕشنگداری کۆیە لە زمانی گولیزار حەوێزییەوە

پەنجەمۆر، مێژووی پڕشنگداری کۆیە لە زمانی گولیزار حەوێزییەوە
بەرنامەی ئەمجارەی پەنجەمۆر تیشک خرایە سەر مێژووی پڕ بایەخی شاری کۆیە و رۆڵی بنەماڵە دیارەکانی لە پێشخستنی شارستانی و نەتەوەیی کورددا، میوانی ئەمجارەی بەرنامەکە، خاتوو گولیزار حەوێزی، مامۆستا و کەسایەتی دیاری کۆیە و ئەندامی یەکێک لە گەورەترین و دەوڵەمەندترین بنەماڵە رۆشنبیری و بازرگانییەکانی شارەکە، بە وردەکارییەوە باسی قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی کۆیە و کاردانەوەکانی لەسەر تەواوی کوردستان کرد.

بنەماڵەی حەوێزی: بناخەی شارستانی و رۆشنبیری کۆیە
خاتوو گولیزار حەوێزی سەرەتا تیشکی خستە سەر مێژووی بنەماڵەکەیان کە ریشەی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە هەیە، باپیرە گەورەی بنەماڵەکە، حاجی بەکر ئاغا، کەسایەتییەکی دەوڵەمەند و رۆشنبیر بووە و رۆڵێکی گەورەی لە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆیەدا گێڕاوە، ناوبراو یەکەم کەس بووە قەیسەری (بازاڕی داخراو) لە کۆیە دروست بکات، هەروەها مزگەوتی گەورەی کۆیە لە ساڵی 1844 لەسەر ئەرکی ئەو دروستکراوە، ئەو دەڵێت "حاجی بەکر ئاغا زۆر عاشقی کتێب بووە، کتێبخانەیەکی گەورەی هەبووە و خەڵک لە شارەکانی دەوروبەرەوە بۆ خوێندن و کتێب روویان تێکردووە".
حەوێزی ئاماژەی بەوەشدا کە حاجی بەکر ئاغا سێ کوڕی بۆ خوێندن ناردووەتە بەغدا، یەکێک لەوانە، حاجی تەیار ئاغا، دواتر بووەتە سەرۆکی شارەوانی بەغدا، ئەمین ئاغا، یەکێکی دیکە لە کوڕەکانی، کۆشک و تەلاری خۆی لە کۆیە کردووەتە ناوەندی هونەر و ئەدەب و یەکەم گرووپی هونەری لە شارەکە دامەزراندووە، ئەم رۆشنبیری و پێشکەوتنخوازییەی بنەماڵەکە وای کردووە کۆیە ببێتە ناوەندێکی بازرگانی گرنگ کە کاریگەری گەیشتووەتە مەهاباد، موسڵ، کەرکووک، و تەنانەت وڵاتانی ئەورووپا.

کۆیە و رۆڵی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا
خاتوو گولیزار حەوێزی باسی پەیوەندی بنەماڵەکەیان بە شێخ مەحموودی حەفید و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردەوە کرد، باپیرەیان، عەولا ئاغا، یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق بووە و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ شێخ مەحمووددا هەبووە و پشتیوانی کردووە، ئەو رۆڵی بنەماڵەی حەوێزی و غەفوورییەکانی لە مێژووی کۆیەدا بە گرنگ وەسفکرد، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە دایکی مەلای گەورەی کۆیە، کچی حاجی بەکر ئاغا بووە و مەلای گەورەش بە پشتیوانی بنەماڵەکەیان بۆ خوێندن نێردراوەتە شام.
سەبارەت بە شۆڕشی ئەیلوول و کاردانەوەکانی لەسەر کۆیە، حەوێزی باس لە ترس و دڵەڕاوکێی خەڵک دەکات کاتێک فڕۆکەکانی رژێم بۆمبیان بەسەر ناوچەکەدا دەباراند، چیرۆکی خۆیان وەک پەنابەر لە گوندەکاندا دەگێڕێتەوە و دەڵێت "جارێک مام جەلال تەلەفۆنی کرد و داوای کرد کلیل ماڵەکەمان لە کۆیە ببەین، گوتی باشتر وایە بارزانی ببرێتە ماڵەکەی ئێوە بۆ پارێزراوی".

تاوانەکانی رژێمی بەعس و خۆڕاگری کۆییەکان
میوانی بەرنامەکە بە ئازارەوە باسی تاوانەکانی رژێمی بەعس و بەتایبەتی حەرەس قەومییەکان لە ساڵی 1963 دەکات، ئەو دەڵێت" بەعسییەکان خەڵکی بێ تاوان، وەک جووتیار و کرێکار و قوتابیان، دەستگیردەکرد و لە سێدارەیان دەدان"، ئاماژەی بە محەممەد عەبدولوەهاب حەوێزی، ئامۆزای دایکی دەکات، کە قوتابییەکی بێتاوان بووە و بەعسییەکان لەسەر جادە لە سێدارەیان داوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی خۆی وەک مامۆستا لە سەردەمی بەعسدا، حەوێزی روونیکردەوە، هەرگیز سازشی نەکردووە و چەندین جار رووبەڕووی بەرپرسانی بەعس بووەتەوە، ئەو دەڵێت "جارێک گوتیان بۆچی نایەیتە دەرەوە بۆ خۆپێشاندان دژی حافز ئەسەد؟ تووڕە بووم و گوتم من ئی خۆپێشاندان و چەپڵە لێدان نیم، مووچەکەش ئەگەر هی بەعس بێت، دەیخەمە ژێر پێڵاوەکانمەوە".
مام جەلال و نفیز جەلال: دوو کەسایەتی گرنگ لە ژیانی گولیزار حەوێزیدا
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی گفتوگۆکە، باس لە خاڵی گولیزار حەوێزی، نفیز جەلال، کەسایەتی دیاری شۆڕشی ئەیلوول و دواتریش وەزیری حکومەتی عێراق دەکات، حەوێزی بە شانازییەوە باسی نفیز جەلال دەکات و دەڵێت "نفیز جەلال کەسایەتییەکی زۆر بەرز و بەڕێز بوو، زۆر ماندوو بوو بۆ شۆڕش".
ئەو دەربارەی کوژرانی گوماناوی نفیز جەلال دەڵێت "حکومەتی بەعس دەستی لە کوشتنەکەیدا هەبوو"، بە ئاماژەدان بە رۆژێکی رەش لە مێژووی کۆیە، باس لە غەمباری و ناخۆشی خەڵک دەکات لەو رۆژەدا.
پەیوەندی تایبەتی گولیزار حەوێزی لەگەڵ سەرۆک مام جەلال یەکێکی دیکە لە تەوەری گفتوگۆکە بوو، ناوبراو دەڵێت کە بنەماڵەکەیان پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی هەبووە، بە تایبەتی حاجی بەکر ئاغا کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا هاوکاری باپیری مام جەلالی کردووە و لە کەرکووکەوە هێناویەتییەوە کۆیە.
حەوێزی گلەیی لە مام جەلال دەکات کە وەک وەعدی پێدابوون، قوتابخانەیەکی بۆ کۆیە دروست نەکردووە، بەڵام هاوکات دەڵێت مام جەلال زۆر رێزی لێ گرتووە و چەندین جار داوای لێکردووە ببێتە پەرلەمانتار، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.

کۆتایی قسەکان و پەیامی گولیزار حەوێزی
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، خاتوو گولیزار حەوێزی سوپاسی بەرنامەی پەنجەمۆر دەکات و دەڵێت "زۆر شت هەیە لەسەر کۆیە و بنەماڵەکەم و برا و باوکم کە ناتوانرێت لەم کاتە کەمەدا باس بکرێت"، ئەو بەداخەوە ئاماژەی بەوەدا کە کۆیە ئەو شوێنەی بۆ نەکرا کە شایستەیەتی، "هەرچەندە کۆیە کاریگەری لەسەر هەموو کوردستان هەبووە و خەڵکانی وەک حاجی قادری کۆیی و مەسعود محەممەدی پێگەیاندووە".
لە کۆتاییدا، حەوێزی بە چیرۆکێکی کاریگەر قسەکانی کۆتایی پێهێنا و گوتی "مامۆستا عەرەبەکان دەهاتنە کۆیە، ساڵێک دوو ساڵ دەمانگەڕاندنەوە، دەگریان و دەیانگوت کۆیە قوتابخانە بوو بۆ ئێمە".
بەرنامەی پەنجەمۆر هەموو شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.