فەرەیدوون دارتاش: لە نێوان چەک و ئامێرە مۆسیقییەکاندا مێژووی بنەماڵەیەک و شارێک دەگێڕێتەوە
لە بەشی یەکەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، فەرەیدوون دارتاش، کەسایەتیی دیاری شاری سلێمانی، سەرۆکی پێشووتری تیپی مۆسیقای سلێمانی و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە، پەردە لەسەر چەندین وێستگەی گرنگی ژیانی خۆی و مێژووی سیاسی و هونەریی کوردستان لادەبات، دارتاش باس لە رەگ و ریشەی بنەماڵەکەی و رۆڵی باوکی لە خۆپیشاندانە مێژووییەکان و چۆنیەتی تێکەڵبوونی بە دنیای هونەر دەکات.
لە سەقزەوە بۆ سلێمانی؛ چیرۆکی کۆچی بنەماڵەی دارتاش
فەرەیدوون دارتاش لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژە بە مێژووی بنەماڵەکەی دەکات و دەڵێت، باوکی و باپیری ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانی و هێرشی رووسەکان بۆ سەر ناوچەکە، خێزانەکەیان ناچار دەبن سەقز بەجێبهێڵن و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ ببن.
باوکی فەرەیدوون دارتاش، کە بە "وەستا حەمە سەعید دارتاش" ناسراوە، لە بنەماڵەیەکی وەستاکار و تەلارساز بووە، دارتاش دەڵێت "باپیرم بە وەستا جەعفەری میعمارباشی بەناوبانگ بوو، باوکمیش کە هاتە سلێمانی هەر خەریکی دارتاشی بوو، بەڵام پیاوێکی نیشتمانپەروەر و تێکەڵاوی کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی شار بوو."
شەشی ئەیلوولی 1930 باوکێک لە ناو جەرگەی خۆپیشاندانەکان
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ناو گێڕانەوەکانی فەرەیدوون دارتاش، رۆڵی باوکیەتی لە خۆپیشاندانە ناودارەکەی 6ی ئەیلوولی 1930 لە بەردەرکی سەرای سلێمانی، دارتاش دەگێڕێتەوە کە باوکی رۆژێک پێش خۆپیشاندانەکە لەناو بازاڕدا خەڵکی هانداوە بۆ بەشداریی، بۆیە دوای رووداوەکان فەرمانی گرتنی بۆ دەردەچێت و بۆ ماوەی 40 رۆژ لە ناوچەی قەرەداغ خۆی دەشارێتەوە.
دارتاش دەڵێت "دوای دەستگیرکردنی، لەگەڵ فایەق بێکەسی شاعیر لە زیندانی سەرا زیندانی دەکرێن، دواتر بە واستەی شێخ مەحموودی حەفید ئازاد دەکرێت." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی لەگەڵ شێخ مەحموود، شێخ لەتیف، برایم ئەحمەد و هونەرمەندانی وەک عەلی مەردان هەبووە.
عەبدولڕەحمانی زەبیحی، شەش مانگ میوانداریی نهێنی
فەرەیدوون دارتاش پەردە لەسەر نهێنییەکی سیاسی بنەماڵەکەیان لادەبات و دەڵێت، لە ساڵانی 1955 و 1956دا، تێکۆشەری ناودار عەبدولڕەحمانی زەبیحی بۆ ماوەی شەش مانگ بە شێوەیەکی نهێنی لە ماڵەکەی ئەواندا لە سلێمانی ماوەتەوە.
دارتاش زەبیحی وەک پیاوێکی ئێجگار زیرەک و خوێنەوار وەسف دەکات و دەڵێت "رۆژی دوو رۆژنامە و هەر دوو رۆژ جارێک کتێبێکی دەخوێندەوە." هەروەها باس لەوە دەکات کە باوکی و باوکی هونەرمەند زاهیر عەلی، بە نهێنی زەبیحییان گەیاندووەتە شاری کەرکووک بۆ ئەوەی لە چاوی پۆلیس و ئەمن دوور بێت.
خوێندن لە بەغدا، یەکەم کچی کورد لە ئەکادیمیای هونەر
فەرەیدوون دارتاش باس لە وێستگەی خوێندنی خۆی دەکات لە قوتابخانەی ئەییووبییە و دواتر چوون بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا لە کۆتایی پەنجاکان، ئەو دەڵێت بە هاندانی برایەکەی (شەهید ئەنوەر دارتاش) چووەتە بەشی مۆسیقا.
لە زانیارییەکی مێژووییدا، دارتاش ئاماژە بەوە دەکات کە خوشکەکەی، (بەدیعە دارتاش)، یەکەم کچی کورد بووە کە لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرگیراوە و دواتر رۆڵێکی گەورەی لە پەروەردەکردنی نەوەیەک لە کچانی هونەرمەند بینیوە.
مامۆستا ویلیام یوحەننا، مەسیحییەک لە خزمەت هونەری کوردیدا
بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تەرخان کرا بۆ باسی مامۆستا ویلیام یوحەننا، دارتاش وەک کەسێکی نزیک لەو هونەرمەندە دەڵێت "ویلیام یوحەننا هەرچەندە مەسیحی بوو، بەڵام خۆی بە کورد دەزانی و هەموو ئاواز و سروودەکانی بە کوردی بوون. پیاوێکی ئێجگار دڵسۆز و پاک بوو، هەرگیز رێگەی نەدا رژێمی بەعس بۆ مەرامی سیاسی بەکاریبهێنێت و هیچی بۆ نەکردن."
مۆسیقا و سروودە نیشتمانییەکان
لە کۆتایی بەشی یەکەمی بەرنامەکەدا، دارتاش باس لە سەرچاوەی ئاوازی سروودە کۆنە کوردییەکان دەکات و روونیدەکاتەوە کە بەهۆی کاریگەریی دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچەکەدا، زۆرێک لەو سروودانە ئاوازەکانیان تورکی بوون، بەڵام شاعیرانی کورد شیعری نیشتمانییان لەسەر داناون و لە ناو قوتابخانەکاندا بوونەتە هەوێنی جۆشدانی هەستی نیشتمانی.
بەرنامەی پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە 22:00 پێشکێش دەکرێت.