فەرەیدوون دارتاش چیرۆکی خوێناوی 9ی حوزەیران و مێژووی پڕململانێی شۆڕش دەگێڕێتەوە

29 April 2026
فەرەیدوون دارتاش چیرۆکی خوێناوی 9ی حوزەیران و مێژووی پڕململانێی شۆڕش دەگێڕێتەوە

لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆردا، هونەرمەند و تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە فەرەیدوون دارتاش، تیشک دەخاتە سەر وێستگە هەرە هەستیارەکانی مێژووی سیاسی و رێکخراوەیی کوردستان لە شەستەکانی سەدەی رابردوو. لە گێڕانەوەیەکی پڕ لە وردەکاریی مێژووییدا، دارتاش باس لە دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایان، کارەساتی نۆی حوزەیرانی سلێمانی و دیدارە مێژووییەکەی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی دەکات.
یەکێتیی مامۆستایان، قەڵایەکی مەدەنی بۆ پشتیوانی شۆڕش
فەرەیدوون دارتاش دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1962، کاتێک یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە سلێمانی دامەزرا. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم رێکخراوە بە هەوڵی کۆمەڵێک مامۆستای دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لە ماڵی شەهید یاسین لە گەڕەکی چوارباخ بڕیاری دامەزراندنی درا. دارتاش دەڵێت: "کاکم، مامۆستا ئەنوەر دارتاش، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو و دواتر بوو بە سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان. ئامانجی سەرەکییان رێکخستنی توانای مامۆستایان بوو بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ئەیلوول."
دارتاش باس لە خۆڕاگریی براکەی (شەهید ئەنوەر) دەکات لە زیندانەکانی رژێمدا، کاتێک لە ساڵی 1962 دەستگیر دەکرێت و لەژێر ئەشکەنجەیەکی زۆردا، بە زیرەکی و ورە بەرزییەکەیەوە بەرامبەر زەعیم سدیق دەوەستێتەوە و دەبێتە مایەی بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی زیندانییەکان.
9ی حوزەیرانی 1963 ئەو رۆژەی سلێمانی تێیدا خەڵتانی خوێن کرا
یەکێک لە هەژێنەرترین بەشەکانی گێڕانەوەکەی فەرەیدوون دارتاش، باسکردنی کارەساتی "مەلحەمەی جەولە" یان قەدەغەی هاتووچۆ و کۆمەڵکوژییەکەی 9ی حوزەیرانی 1963یە لە سلێمانی.
دارتاش دەڵێت: "دۆخەکە بەرەو تووندوتیژی دەڕۆیشت، بەعسییەکان شارەکەیان گەمارۆدابوو. شەهید ئەنوەر و هاوڕێکانی (شەهید یاسین، حەمەبۆر و ئیسماعیل) لە یاریگای سلێمانی دەمانەوە. شەوی 9ی حوزەیران، هێزەکانی بەعس هەڵیانکوتایە سەر یاریگاکە و دەستگیریان کردن."
ئەو ساتەوەختە پڕ لە تراژیدیایە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: "بردنیان بۆ مەحکەمەی وادی (کە ئێستا دەکەوێتە نزیک پارکی ئازادی). زەعیم سدیق داوای لێکردن جنێو بە شۆڕش و مەلا مستەفا بارزانی بدەن، بەڵام ئەوان بە سەربەرزییەوە رەتیان کردەوە. هەر لەوێ بڕیاری گوللـەبارانکردنیان درا."
سەربازە عێراقییەکە، قوربانییەک لەپێناو ویژداندا
چیرۆکی دۆزینەوەی تەرمی شەهیدەکان لایەنێکی تری پڕ بایەخی شایەتییەکەی دارتاشە. ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن سەربازێکی عێراقی ویژدانی رێگەی نەداوە ئەو چوار گەنجە بکوژێت و بەو هۆیەوە خۆشی گولـلەباران کراوە.
"دوای ماوەیەک لە گەڕان، سەربازێک بە نهێنی شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی پێ گوتین. کاتێک گۆڕەکەمان هەڵکەندەوە، پێنج تەرممان دۆزییەوە، چوار شەهیدەکەی ئێمە و تەرمی سەربازە عێراقییەکە کە ئامادە نەبوو رەمیان بکات. ئەمە بەرزترین ئاستی مرۆڤایەتی بوو." دارتاش ئاماژە بەوەش دەکات کە دواتر بە هاوکاری ماڵی شێخان، "گردی شەهیدان" لە سلێمانی تەرخانکرا بۆ ئەسپەردەکردنی ئەو شەهیدانە.
دیدار لەگەڵ بارزانی، وەفایەک بۆ شەهید ئەنوەر
لە ساڵی 1970 و دوای بەیاننامەی 11ی ئازار، فەرەیدوون دارتاش و دایکی لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە بانگهێشتی حاجی ئۆمەران دەکرێن. دارتاش دەڵێت: "بارزانی زۆر بە گەورەیی باسی کاکمی کرد. گوتی کە لە کۆنگرەی کۆیە (1963) وتارێکی ئەنوەر دارتاشی بیستووە کە هێندە نیشتمانی و کاریگەر بووە، هەرگیز لەبیری ناچێت. بارزانی ویستی پاداشتی خێزانەکەمان بکات، بەڵام ئێمە تەنها سوپاسمان کرد و هیچ داواکارییەکی تایبەتمان نەبوو."
ململانێی باڵەکان و رۆڵی مام جەلال
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی ناو پارتی لە ساڵی 1964 (باڵی مەکتەبی سیاسی و باڵی سەرکردایەتی)، دارتاش وەک شایتحاڵێک دەڵێت: "باڵی مەکتەبی سیاسی لە ماوەت کۆبوونەوە، دۆخەکە بەرەو تووندی رۆیشت. هەرچەندە مام جەلال لەگەڵ رێککەوتنی 10ی شوبات نەبوو، بەڵام هەمیشە هەوڵی دەدا کورد یەکڕیز بێت و تەبایی لەگەڵ مەلا مستەفا نەشێوێت." ئەو جەخت دەکاتەوە کە مام جەلال تەنانەت لە سەردەمی شۆڕشی نوێشدا، هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ ئاشتی و یەکڕیزی.
هونەر لە خزمەت شۆڕشدا
فەرەیدوون دارتاش باس لە لایەنە هونەرییەکەی ژیانیان دەکات. ئەوان لەناو ماڵەکاندا و بە شێوەیەکی نهێنی، سروودە نیشتمانییەکانی وەک "دایە گیان تخوا بەسێتی گریان"یان تۆمار کردووە. باس لەوە دەکات چۆن بە بەتانی پەنجەرەکانیان دەپۆشی تا دەنگی مۆسیقا و سروودەکان نەچێتە دەرەوە و لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی بەعسەوە هەستی پێ نەکرێت.
بەرنامەی پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.