حەسیبە حەسەن لە پەنجەمۆردا، چیرۆکی قوتابخانەیەکی بن دار و رۆژانی سەختی شۆڕش دەگێڕێتەوە
لە بەرنامەیەکی نوێی پەنجەمۆردا، حەسیبە حەسەن یوسف، کادری تێکۆشەر و یەکێک لە قوتابییە دیارەکانی سەردەمی شۆڕش ی ئەیلوول، پەردە لەسەر کۆمەڵێک بیرەوەری مێژوویی لادەبات کە تێیدا تێکەڵەیەک لە ئازار، خۆڕاگری و هیوا رەنگی داوەتەوە، حەسیبە خان باس لەو قۆناخە دەکات کە تێیدا ژیانیان لە نێوان بۆردوومانی فڕۆکە و حەزی خوێندندا دابەشببوو.
1974 ساڵی
شەڕ و بونیادنان
حەسیبە حەسەن باس
لەوە دەکات کە دوای پاشەکشەی حکومەتی عێراق لە رێککەوتننامەی 11ی ئادار، ساڵی 1974
بوو بە ساڵی شەڕێکی سەخت، لەو کاتەدا بنەماڵەکەیان کە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر
بوون، تێکەڵ بە کاروانی شۆڕش دەبن، باوکی کە پێشتر پۆلیس بووە، بەهۆی هەڵوێستە کوردپەروەرانەکانی
و چوونە ناو شۆڕشی براکانی، روودەکاتە ناوچە ئازادکراوەکان و لە (ناو پردان)
نیشتەجێ دەبن.
خوێندن لە ژێر سایەی
فڕۆکە باجەرەکاندا
یەکێک لە
سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی راپۆرتەکە، باسی قوتابخانەی ناوپردانە، حەسیبە خان
دەگێرێتەوە چۆن وەک منداڵێکی تەمەن 9 ساڵان، رۆژانە رێگایەکی دوور و سەختی لە
نێوان گوندی ناوبەرگە و قوتابخانەکەی بەپێ بڕیوە. ئەو دەڵێت"نە لە سەرما
دەترساین و نە لە ئاژەڵی کێوی، تەنیا مەبەستمان خوێندن بوو."
لەو سەردەمەدا، تیمێکی تەلەڤزیۆنی هۆڵەندی بە رێکەوت لە ناوچەکە دەبن و دیمەنی قوتابیان تۆمار دەکەن کە لە بن دارەکان و لە ژێر هەڕەشەی فڕۆکە باجەرەکاندا وانە دەخوێنن، حەسیبە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان فێری زمانی کوردی دەکران و ورەیان هێندە بەرز بوو، تەنانەت کاتێک فڕۆکە دەهات، بە ئاسایی دەچوونە ناو خەندەقەکان و دوای تەواوبوونی بۆردومانەکە دەگەڕانەوە سەر وانەکانیان.
بنەماڵەیەکی فیداکار
لە مێژووی ئەم
خێزانەدا، نیشتمان لە سەروو هەموو شتێکەوە بووە، حەسیبە خان باس لە قسەکانی باوکی
و مامی دەکات کە لە تۆمارە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەون و دەڵێن "یان کوردستان
یان نەمان"، تەنانەت دایکی ئامادەیی نیشان داوە منداڵەکانی دیکەشی ببەخشێتە شۆڕش
و ببنە پێشمەرگە. هەر لەو سەردەمەدا،
حەسیبە خوشکێکی بچووکی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ناو شۆڕش دا کۆچی دوایی دەکات.
ئاوارەیی و زوڵمی
ساواک
دوای رێککەوتننامەی
جەزائیر لە ساڵی 1975، حەسیبە و خێزانەکەی ناچار دەبن روو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و
ئێران بکەن، ئەو باس لەوە دەکات کە ژیانی ناو شۆڕش زۆر لە ژیانی ئاوارەیی خۆشتر
بوو، چونکە لە ئێران لە ژێر چاودێری تووندی دەزگای ساواک دا بوون. حکومەتی ئەو
کاتەی ئێران بە ئەنقەست خێزانە کوردەکانیان پەرتەوازە دەکرد بۆ ئەوەی رۆحی
نەتەوایەتییان لاواز بکەن، بەو هۆیەوە خێزانەکەی حەسیبە بۆ ناوچەی توربەتی
حەیدەریە لە خوراسان دوور دەخرێنەوە.
هونەر لە ناو ئازاردا
یادگارییەکی دیکەی
حەسیبە خان، خوێندن بووە لە لایەن هونەرمەندە گەورەکانی کورد. ئەو دەڵێت مامۆستا
محەممەد تەیب تاهیر وانەی هونەر و سروودی پێ دەگوتن، و لە بۆنەکاندا هونەرمەند
محەمەد شێخۆیان بینیوە کە بە دەنگە کز و پڕ لە سۆزەکەی، دڵنەوایی ئاوارەکانی
داوەتەوە.
راپەرین و گەڕانەوە
بۆ باوەشی نیشتمان
دوای ساڵانێکی زۆر لە
غەریبی و خوێندن بە زمانی فارسی، دواجار لە بەهاری 1991 و دوای راپەرینە مەزنەکەی
گەلی کوردستان، حەسیبە و خێزانەکەی دەگەڕێنەوە. ئەو باس لەوە دەکات کە هەمیشە
هیوایان وابووە "بەهارێک دەگەڕێنەوە" و هەر وایشی لێهات.
حەسیبە حەسەن یوسف، کە ئێستاش وەک کادرێکی ماندوونەناس بەردەوامە لە خزمەت، پەیامێک ئاراستەی نەوەی نوێ دەکات و دەڵێت "پێویستە قەدری ئەم رۆژانە بزانین، چونکە ئەم دەستکەوتانە بە خوێن و قوربانییەکی زۆر بەدەست هاتوون."
ئەم بەرنامەیەی پەنجەمۆر، تەنیا گێڕانەوەی ژیاننامەی کەسێک نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی زیندووی مێژووییە بۆ قۆناخێکی پڕ لە شانازی شۆڕشی گەلی کوردستان.
پەنجەمۆر شەوانە چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.