پەنجەمۆر | بەشی دووەم لەگەڵ جەلال سام ئاغا
جەلال سام ئاغا، سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و ناسراو بە "پیاوە سپییەکە"، لە بەشی دووەمی بەرنامەی پەنجەمۆر دا، چەندین نهێنی و وێستگەی ژیانی سیاسی و تایبەتیی خۆی ئاشکرا دەکات و باس لە رووداوە گرنگەکانی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد دەکات.
سەرەتا باس لە چالاکییەکانی سەردەمی گەنجێتیی خۆی دەکات و دەڵێت، لە کاتی خۆپیشاندانی قوتابییان لە بەغدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە ئەو کوژراوە، لە کاتێکدا لەو خۆپیشاندانەدا حەوت کەس گیانیان لەدەستدا. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە "کۆلێژی سەربازی بە زۆر بوو، دەبوو ساڵ و نیوێک سەربازی بکەیت."
سام ئاغا روونیدەکاتەوە کە بیروباوەڕی چەپی لای ئەو بۆ "کەمکردنەوەی جیاوازیی چینایەتی" بووە و شانازی بەوەوە دەکات کە "لەسەر باڵی مەلاییەکان" بووە و لە شۆڕشی ئەیلوولدا رۆڵی هەبووە، بۆ نموونە "هاوکاربووین بۆ گەیاندنی نامەیەکی شۆڕشی ئەیلوول بۆ باڵیۆزخانەی میسر لە بەغدا."
لەسەر هەڵوێستی جەمال عەبدولناسری سەرۆکی ئەوکاتی میسر دەڵێت"نەتەوەیی بوو، دەیویست ببێتە رابەری عەرەب."
سەرۆکی پێشووی دیوانی چاودێریی دارایی باس لە کاریگەرییەکانی رێککەوتنی 11ی ئادار دەکات و نموونە دەهێنێتەوە کە "دوای رێککەوتنی 11ی ئادار زمانی کوردی لە بەسرە خوێندرا."
سام ئاغا جەخت لەسەر گیانی کوردایەتیی ئەو سەردەمە دەکاتەوە و دەڵێت "ساڵی 1974 خەڵک بۆ کوردایەتی چووبوونە دەرەوە، نەک بۆ دەستکەوت و قازانجی کەسی." لەبارەی دارایی شۆڕشەوە دەڵێت: "کۆنترۆڵی تەواومان بەسەر ئەو پارانەدا هەبوو کە شۆڕش پەیدای دەکرد." هەروەها گرنگیی پارە بۆ سەرخستنی کارەکان بەبیردێنێتەوە و دەڵێت: "پارە گەورەیە، ئەگەر نەتبوو هەزار بیرۆکەشت هەبێت ناتوانیت جێبەجێیان بکەی."
دەربارەی پەیوەندییەکانی دوای نسکۆی شۆڕشی 1975، سام ئاغا تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی هەڵسوکەوتی سەددام حوسێن و دەڵێت: "لە دوای ساڵی 1975 سەددام وەکو جاران رووی نەدەدایە فوئاد عارف."
یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی قسەکانی سام ئاغا، پێشبینییەکەیەتی بۆ ئیدریس بارزانی، کە لە ساڵی 1974 بە هاوڕێکانی گوتووە: "ئیدریس بارزانی دەبێتە کیسنجەری کورد."
لە کۆتاییشدا، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ کەسایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو و دەڵێت: "کاک نێچیرڤان بارزانی کەسێکی کراوەیە و لە باوکی دەچێت."
بهشی بكه لە