پەنجەمۆر - جەلال سام ئاغا | بەرپرسی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی - بەشی چوارەم

20 August 2025
پەنجەمۆر - جەلال سام ئاغا | بەرپرسی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی - بەشی چوارەم
مێژوو تەنیا ئەوە نییە کە لە کتێبەکاندا دەنوسرێتەوە، بەڵکو کۆی ئەو یادەوەرییانەیە کە لە هزری ئەو کەسانەدا هەڵگیراوە کە خۆیان لەنێو گەرمەی رووداوەکاندا ژیاون، جەلال سام ئاغا، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە وەک "یادەوەرییەکی زیندوو"ی مێژووی هاوچەرخی کوردستان دادەنرێت، ئەو لە بەرنامەی پەنجەمۆردا پەردە لەسەر کۆمەڵێک رووداوی گرنگی مێژوو لادەدات.
دوای رێککەوتننامەی جەزائیر لە 1975 و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، دۆخێکی نائومێدی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشا، بەڵام لەنێو ئەو نائومێدییەدا، هەوڵێک بۆ بەرگری سەریهەڵدا، سام ئاغا ئاشکرای دەکات کە کۆمەڵێک فەرماندە و پێشمەرگە، کە خۆیشی یەکێک بووە لەوان، بڕیاریانداوە درێژە بە شۆڕش بدەن.
یەکێک لە دیارترین ئەو کەسانەی سوور بووە لەسەر درێژەپێدانی خەباتی چەکداری، عەلی عەسکەری بووە، سام ئاغا دەڵێت"عەلی عەسکەری داوای 500 کەسی دەکرد کە خۆی هەڵیبژێرێت، پلانی ئەوە بوو بیانکات بە 10 مەفرەزەی 50 کەسی و لە بەسرەوە تاوەکو نزیک موسڵ، عێراق بهەژێنن"، بەڵام ئەم هەوڵە سەرینەگرت، چونکە بە گوتەی سام ئاغا "سەرکردایەتیی ئەو کاتە پێی خۆش نەبوو شۆڕشێک لە دەرەوەی ئیرادە و فەرمانی ئەوان بکرێت".
دوای نسکۆ، سام ئاغا وەک هەزاران کوردی دیکە بۆ بەغدا دوورخرایەوە، ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن لەوێ جارێکی دیکە لەگەڵ هەڤاڵە کۆنەکانی شۆڕش یەکیان گرتەوە و دەستیان بە کۆبوونەوەی نهێنی کرد، "لە ماڵی مێژوونووس کەمال مەزهەر کۆدەبووینەوە، کەسانی وەک عەلی عەسکەری، خەسرەو تۆفیق و تەڵعەت نادر بەشدار بوون".
یەکێک لە یادەوەرییە کاریگەرەکانی ئەو سەردەمە، دوا دیداریانە لەگەڵ عەلی عەسکەری، سام ئاغا دەڵێت "عەلی عەسکەری نامەیەکی مام جەلالی پێگەیشتبوو کە داوای لێدەکرد بگەڕێتەوە بۆ شاخ، هات بۆ ماڵئاوایی و بە پێکەنینەوە گوتی 'ئەمە دوا بینینە' و گوتی 'ئیفاد کراوم بۆ باکووری خۆشەویست".
بە هاتنی راپەڕینی بەهاری 1991، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی کوردستاندا هەڵدرایەوە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا، دیاردەی تاڵانکردن (فەرهوود) وەک پەڵەیەکی رەش بە راپەڕینەوە لکا، یەکێک لە بڕیارە هەرە مشتومڕاوییەکانی دوای راپەڕین، دەرکردنی لێبووردنی گشتی بوو بۆ "جاش و موستەشارەکان".
سام ئاغا ئەم بڕیارە بە "شمشێرێکی دوو دەم" وەسف دەکات، لایەنی باشی ئەوە بوو کە "پێشی لە تۆڵەسەندنەوەی خوێناوی گرت"، بەڵام لایەنی خراپی ئەوە بوو کە "هێڵی نێوان خائین و تێکۆشەری سڕییەوە و وای لێهات ئەوەی چاکەی کردبوو و ئەوەی خراپەی کردبوو، هەردووکیان لە یەک ئاستدا بوون".
دوای هەڵبژاردنەکانی 1992، بڕیاری پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای 50 بە 50 درا، جەلال سام ئاغا پێی وایە ئەمە چارەسەرێکی ناچاری بوو بۆ رێگریکردن لە شەڕ، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، لەو سەردەمەدا، سام ئاغا وەک کەسایەتییەکی بێلایەن، رۆڵێکی گرنگی لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا گێڕا.
ئەو دەڵێت "منیان کردبوو بە گوتەبێژی لیژنەی نێوەندگیری، پێش قسەکردن دەمگوت 'منیان کردووە بە گوتەبێژ، نەک لەبەر ئەوەی لە ئێوە ئاقڵترم، بەڵکو لەبەر ئەوەی ژن و ماڵم نییە، ئەگەر قسەیەکتان بەدڵ نەبوو و ویستتان بمکوژن، با من بم، تاوەکو ئەندامەکانی دیکە پارێزراو بن'"، ئەو رەخنە لە هەردوو لایەنی سەرەکی دەگرێت و دەڵێت "خەتای یەک لایەن نەبوو، خەتای پارتی و یەکێتی هەردووکیان بوو".
جەلال سام ئاغا بە کەسایەتییەکی راشکاو ناسراوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی باڵای ئێران، بە تووندی رەخنەی لێگرتوون و گوتوویەتی "ئێوە یارمەتیی شۆڕشی ئیرلەندا دەدەن کە نە لەسەر دینی ئێوەن و نە دراوسێتانن، کەچی یارمەتیی ئێمەی موسڵمانی دراوسێتان نادەن؟".
ئەم بوێرییە دواتر لە کاری حکومیشدا لەگەڵ خۆی دەیبات، وەک بریکاری وەزارەتی دارایی، بە تووندی دژی گەندەڵی دەوەستێتەوە، لە کۆتاییدا، گێڕانەوەکانی جەلال سام ئاغا وێنەیەکی روون و بێ پێچ و پەنای مێژووی نیوسەدەی رابردووی کوردستان دەخاتە روو؛ وێنەیەک کە تژییە لە هەوراز و نشێو، بەڵام زیاتر لە هەمووی، تژییە لەو وانانەی کە پێویستە بۆ داهاتوو لێیانەوە فێر بین.
پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پێشکێش دەکرێت.