پەنجەمۆر - رەمەزان ئۆزتورک- فۆتۆگرافەر، دەرهێنەر و رۆژنامەڤان - بەشی یەکەم
رەمەزان ئۆزتورک، لە مەڵاتیا لە گوندێکی باکووری کوردستان لەدایکبووە. خوێندنی باڵای لە ئیستەنبوڵ تەواو کردووە. ساڵی 1975 لە رۆژنامەیەک بە ناوی "دونیا" دەست بە کاری رۆژناڤانی دەکات. پاشان وەکو هەواڵنێری ئازاد کار بۆ گۆڤاری تایم دەکات.
لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2010دا لەگەڵ تەلەفزیۆنی تەرەتە کار دەکات و چەندین بەڵگەفیلمی بۆ دورستدەکات.
لە 107 وڵات کاری بەڵگەفیلمی کردووە. یەکێکە لەو پەیامنێرانەی بە هۆی شۆپاندنی شەڕەوە وەکو پەیامنێری جەنگ ناسراوە، بۆ نموونە لە نزیکەوە کاری لەسەر شەڕی ئێران و عێراق و کورد و عێراق کردووە.
لەگەڵ چەندین کەسایەتیی گرنگی دنیا و ناوچەکەدا گفتوگۆی کردووە. گرنگترین شت بە لایەوە بەبەڵگەکردنی کارەساتی هەڵەبجەیە. وێنەیە شەهید عومەری خاوەر کە لە دنیادا ناسراوە، رەمەزان ئۆزتورک گرتوویەتی.
لەم بەشەی بەرنامەکەدا باسی سیستمی پەروەردەی تورکیا و توانەوەی کورد دەکات کە چۆن تورکیا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێی دەکات.
باسی چوونە ناو دنیای رۆژنامەگەری و بەسەرهاتەکانی لاوێتیی دەکات کە بۆ وێنەگرتی شەڕی قوبرس دەچێتە ئەو وڵاتە.
باسی رفاندنی ئەندازیارێکی تورک لەلایەن یەکێتییەوە دەکات کە بۆ ئەو مەبەستە ساڵی 1987 سەردانی مام جەلال دەکات.
باسی ئەوە دەکات کە لە شەوی کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980دا لە تورکیا چی روویدا.
ئەمانە و چەندین بابەتی دیکە لە پەنجەمۆردا شایەتییان لەسەر دەدرێت.
پەنجەمۆر پێنجشەممان کاژێر 22:00 لە تەلەڤزیۆنی رووداو پەخش دەکرێت.