فەرەیدوون دارتاش: لە نێوان نۆتەکانی مۆسیقا و ململانێی باڵەکاندا مێژوویەک دەگێڕێتەوە

13 May 2026
فەرەیدوون دارتاش: لە نێوان نۆتەکانی مۆسیقا و ململانێی باڵەکاندا مێژوویەک دەگێڕێتەوە

هونەرمەند و تێکۆشەری دێرین، فەرەیدوون دارتاش، سەرۆکی پێشووی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای سلێمانی، لە بەشی سێیەمی بەرنامەی پەنجەمۆر دا، پەردە لەسەر چەندین وێستگەی هەستیاری مێژووی سیاسی و هونەریی کوردستان لادەبات، لە ململانێی نێوان باڵی جەلالی و مەلاییەوە تاوەکو دامەزراندنی کۆمەڵەی رەنجدەران و گەورەیی تیپی مۆسیقای سلێمانی لەسەر ئاستی عێراق.
کۆنفرانسی تیمی و جیابوونەوە لە باڵی مەکتەبی سیاسی
دارتاش باس لە ساڵی 1966 دەکات، کاتێک وەک ئەندامێکی لقی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان (باڵی مەکتەبی سیاسی) بەشداری لە کۆنفرانسی تیمار لە قەرەداخ کردووە. ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە لەوێ بڕیاری ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕی ناوخۆ درابوو، بەڵام کاتێک دەبینێت سەرکردایەتی باڵەکە بە پێچەوانەی بڕیارەکان بارەگاکانیان دەبەنە بەغدا و پشتگیری لە حکومەتی "ناجی تاڵب" دەکەن، بڕیاری وازهێنان دەدات. دارتاش دەڵێت: "قەناعەتم بەو هەنگاوانە نەبوو، بۆیە لە ساڵی 1967 بە یەکجاری وازم لەو تەنزیمە هێنا."
تەمەنی زێڕینی تیپی مۆسیقای سلێمانی
لە بەشێکی دیکەی گێڕانەوەکەیدا، دارتاش تیشک دەخاتە سەر دامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی لە ساڵی 1967. ئەو باس لەوە دەکات کە چۆن ئەم تیپە بە شێوازێکی زانستی و بە  نۆتە کاریکردووە و بووەتە قوتابخانەیەک بۆ هونەری کوردی.
لە دوای رێککەوتنامەی 11ی ئازار، تیپەکە دەچێتە قۆناخێکی نوێوە. دارتاش دەڵێت "ئێمە لە فێستیڤاڵەکانی عێراقدا لە چەندین بواری وەک ئۆپەرێت، کۆراڵ و مۆسیقای منداڵان پلەی یەکەممان بەدەستدەهێنا." ئاماژە بە ئۆپەرێتەکانی وەک "کۆتایی زۆردار" و "کەژاوەی مێژوو" دەکات کە سەرەڕای ناوەڕۆکە سیاسی و نەتەوەییەکەیان، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە بەغداش پێشوازییەکی بێوێنەیان لێکراوە.
پەیوەندیکردن بە کۆمەڵە و گەڕانەوە لە شاخ
سەبارەت بە ژیانی سیاسیی نهێنی، فەرەیدوون دارتاش ئاشکرای دەکات کە لە ساڵی 1971ـەوە لە رێگەی ئەشرەف تاڵەبانی و شیروان عادلەوە پەیوەندی بە (کۆمەڵەی مارکسی لیلینی کوردستان) کردووە.
لە کاتی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ساڵی 1974، دارتاش وەک زۆربەی هونەرمەندان ڕوو لە شاخ دەکات و لە گوندی وەسان جێگیر دەبن و "تیپی مۆسیقای شۆڕش" دادەمەزرێنن. بەڵام دارتاش زوو بڕیاری گەڕانەوە دەدات. ئەو لەو بارەیەوە دەڵێت: "چوومە لای دارۆ تۆفیق و پێم گوت کە من متمانەم بە پشتیوانی ئێران و ئەمریکا نییە و دەزانم پشتمان تێدەکەن، بۆیە بڕیارمدا بگەڕێمەوە."
هونەر وەک چەکێکی سیاسی
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، دارتاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان هونەریان بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بەکارهێناوە. تەنانەت لە ژێر چاودێری تووندی بەعسیشدا، لە رێگەی ئۆپەرێت و سروودەکانەوە، پەیامی ئازادیخوازییان گەیاندووەتە هەموو ماڵێکی کورد.
بڕیارە لە ئەڵقەکانی داهاتووی پەنجەمۆر دا، دارتاش وردەکاری زیاتر لەسەر نهێنییەکانی ناو کۆمەڵە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان بخاتەڕوو.
پەنجەمۆر شەوانی چوارشەممە کاژێر 22:00 پەخش دەکرێت.