مەلا محەممەدی شەڵماشی - بەشی یەکەم

02 April 2022
مەلا محەممەدی شەڵماشی - بەشی یەکەم

بەردەوام بە جلی مەلایەتییەوە دەردەکەوێت، پیاوێکی زانا لە بواری ئایینیدا، قسەخۆش و وەرگێڕێکی بەتوانا، زۆرێک لە خوێندەوارانی کورد لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێگەی وەرگێڕانی رۆمانە بەناوبانگەکەی ڤیکتۆر هیگۆ بەناوی (بێ نەوایان) بۆسەر زمانی کوردی ئاشنایەتیان لەگەڵ مەلا محەممەدی شەڵماشی پەیدا کردووە.

لەماوەی ژیانیدا لەگەڵ زۆر سەرکردە، نووسەر و مامۆستای ئایینییە بەناوبانگەکان ئاشنایەتی پەیدا کردووە، بەتایبەتی هێمن و هەژار، ئەگەرچی ئەو پێیوایە هەژار زاناتر بووە لە هێمن، بەڵام هێمنیشی بەلاوە شاعیرێکی باڵایە، وەکو خۆی بۆی گێڕامەوە، جارێک لە سلێمانی هێمن و چەند کوردێکی دیکەی رۆژهەڵات میوانی دەبن، لە باخچەی ماڵەکەیاندا دەیانحەوێنێتەوە، مامۆستا هێمن دیمەنەکەی پێ جوان دەبێت، بەڵام لەبەرخۆیەوە دەڵێت: حەیف ئەم ماڵە بۆ ماڵە مەلا نابێت؟ مەلا محەممەد تێدەگات مەبەستی چییە، ئاخر من دەمزانی هێمن ئەرەقخۆرە، مەبەستی ئەوە بوو باخچەکەی من ماڵی ئارەق خواردنەوەیە و منیش دوورم لەو شتانە.

لە چەند ئەڵقەیەکی بەرنامەی پەنجەمۆردا میوانداری مامۆستامان کردووە و دواندوومانە، وەکو دەڵێن سینەی خۆی بۆ کردینەوە، لەم ئەڵقەیەدا باسی چەندین بابەت دەکات لە نێویاندا:

- هۆکاری رووخاندنی کۆماری کوردستان.

- رۆڵی حوجرەکان لە پاراستنی فەرهەنگی کورد، فێرکردنی خوێندن و نووسین لە کوردستاندا؟

- ئایا حیزبی توودە لە کوردستاندا برەویان هەبوو؟ کێ بوون ئەوانەی نوێنەرایەتی حیزبی تودەیان دەکرد لە کوردستاندا؟

- باسی مەلا ئاوارە، چۆنیەتی شەهید بوونی. شای ئێران داوای چی لە مەلا ئاوارە کردووە؟

- مەلا ئاوارە چۆن وەڵامی مەلا محەممەدی برای دەداتەوە، کاتێک داوای تەسلیمبوونەوەی لێ دەکات؟ 

- بۆچی لە ساڵی 1968 لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێت و ئیدی روو ناکاتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان؟

- بۆچی دەبێت کورد شانازی بە سەلاحەدینی ئەیوبییەوە بکات؟

ئەمانە و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی مێژوویی لە پەنجەمۆردا، شایەتیان لەسەر دەدرێت و مەلا محەممەد راشکاوانە وەڵامیان دەداتەوە.