حەمەی مام عەلی: پێشمەرگەی دێرین - بەشی یەکەم

17 July 2021
حەمەی مام عەلی: پێشمەرگەی دێرین - بەشی یەکەم
 
 
 
محەممەدی مام عەلی لە ساڵی 1946 لە عەربەت لەدایکبووە. لە سلێمانی تاوەکو پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندووە، بەهۆی تێکەڵاوبوونی لەگەڵ کاری رێکخستن و باری ژیانی خێزانەکەی، درێژەی بە خوێندن نەداوە.
 
 لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلوول دەچێتە ریزی رێکخراوە نهێنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو پێشمەرگەیەکی ناوشار لە چەندین چالاکیی ناوشاردا بەشداریی دەکات. تا ساڵی 1975 بەردەوام دەبێت و چەند جارێک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستگیر دەکرێت.
 
لەدوای نسکۆی ساڵی 1975 جارێکی دیکە پەیوەندیی دەکاتەوە بە رێکخستنە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداریی لە یەکێک لە چالاکییە گرنگەکانی ناو شاری سلێمانی دەکات و تێیدا تەقە لە پارێزگاری ئەو کاتەی سلێمانی دەکەن. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیر دەکرێت، رووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆر دەکرێتەوە، بەڵام خۆراگری دەنوێنێت و لەلایەن رژێمەوە بە 15 ساڵ زیندانی حکوم دەدرێت. لە ساڵی1987 بەر لێبووردنی گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت. هەمان ساڵ دەچێتە دەرەوە و دەبێت بە پێشمەرگە. چەندین پلەی سەربازی و حیزبی وەردەگرێت، ئێستا لە سلێمانی دەژی و بەرپرسی هێزی خەباتە.
 
لەم ئەڵقەیەی بەرنامەی پەنجەمۆردا، باسی چالاکییەکانی نێو شاری سلێمانی دەکات. باسی ئەوانە دەکات کە تەقەیان لە زەعیم سدیق کرد لە ساڵی 1963 لە سلێمانی. شایەتی لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان جەلالی و مەلایی و چەندین بابەتی گرنگی مێژوویی دەدات.