ئەحمەد سالار - بەشی یەکەم

29 August 2020
ئەحمەد سالار - بەشی یەکەم
هونەرمەند

هونەرمەند ئەحمەد سالار لەساڵی 1946 لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە شاری هەڵەبجە چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی. خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە.  ساڵی 1971 ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لە بەغدا تەواوکردووە. هەر لەساڵی 1971 دەبێتە سەرۆکی بەشی دراما لە رادیۆی کوردیی بەغدا. ساڵی 1973 تیپی پێشڕەوی پێکهێناوە. 

لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانەوە دەبێت بە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. ساڵی 1974 دەبێتە پێشمەرگە و فیلمێکی دۆکیومێنتەری بەرهەمدەهێنێت. لە بەشی سینەما و شانۆ و  هەروەها لە کارە هونەریەکانی شۆڕشدا دەورێکی گرنگ دەبینێت.

دامەزرێنەری تیپی شانۆی سالارە و لە دەیان شانۆ و فیلمدا رۆڵی ئەکتەری بینیوە و کاری دەرهێنەری کردووە. لە دوای راپەرین دەبێتە بەڕێوەبەری تەلەڤزیۆنی کوردستان. ماوەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. 

ئێستا لە هەولێر دەژی. لە بەرنامەی پەنجەمۆردا، بەسەرهاتی ژیانی دەگێڕێتەوە و شایەتی لەسەر رووداوەکان دەدات. 

پەنجە مۆر
مێژووی کوردستان زۆر لاپەڕەی هەڵنەدراوەی تێدایە. لەبارەی زۆر رووداوی گرنگ لەو مێژووەدا گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆر پرسیار هەن کە هەر پرسیار ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە. زۆر کەسایەتیش هەن کە رۆڵی مەزنیان گێڕاوە لە مێژووی کوردستاندا و خەریکن چیرۆکی ئەو رووداوانەی خۆیان تێیدا بەشداربوون لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر خاک. بەرنامەی پەنجەمۆر دەیەوێ ئەو مێژووە دۆکیۆمێنت بکات. ئەویش لەڕێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینی ٤٨ خولەکی لەگەڵ هەریەکە لە کەسایەتییەکان.