زۆرخۆری زیان بە دڵ و مێشک دەگەیەنێت
د. سەڵاح محەممەد روشدی، پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشییەکانی دڵ لە بەریتانیا لە بەرنامەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس رایگەیاند، بڕی خواردن بۆ کەسەکان جیاوازە و بەپێی کار و ماندووبوونی جەستەیی کەسەکان دەگۆڕێت، "کرێکارەکان و ئەوانەی کاری جەستەیی دەکەن، بە دڵنیایی زۆرتر خۆراکی رۆژانەیان پێویستە". پسپۆڕەکە دەشڵێت زۆرخۆری زیان بە دڵ، مێشک و توانای بەرهەمهێنان دەگەیەنێت، هەروەها بڕوابەخۆبوون و توانای کارکردن کەمدەکاتەوە.
د. سەڵاح محەممەد روشدی ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرخۆری هۆکارە بۆ نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، جەڵتەی جۆراوجۆر و مردنی لەناکاو. دەشڵێت خواردنی یەک پاروو لە دوای کاژێر 6ی ئێوارە زیانەکەی هاوشێوەی خواردنی 10 پارووە، هەروەها خۆراکە خێراکان بەهۆی ئەوەی چەورتر، شیرینتر و سوێرترن، مەترسییان زۆر زیاترە.
لەبارەی کاتی ژەمەکان، ئەو پسپۆڕە گوتی، "باشترە ژەمی بەیانی لەنێوان کاژێر 5 بۆ 8ی بەیانی و ژەمی ئێوارە پێش کاژێر 6ی ئێوارە بخورێن." راشیگەیاند، دەکرێت هەموو جۆرە خۆراکێک بخورێت، بەڵام بە بڕێکی دیاریکراو و پێویست.
سەبارەت بە مانگی رەمەزان، د. سەڵاح محەممەد روشدی روونیکردەوە، ئامانج لە رەمەزان نوێبوونەوەی جەستەیە نەک برسییەتی و دواتر زۆرخۆری لەکاتی بەربانگدا. جەختیشی کردەوە، زۆرخۆری لە بەربانگدا خوویەکی تەواو هەڵەیە و نابێت وەک قەرەبووکردنەوەی رۆژووگرتنەکە سەیر بکرێت.