میزی حوشتر، لەڕووی تەندروستییەوە گونجاوە بخورێتەوە؟

24 February 2026
میزی حوشتر، لەڕووی تەندروستییەوە گونجاوە بخورێتەوە؟

لەم بەرنامە نوێیەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس، د. ئیبراهیم تاهیر، پسپۆڕی تەندروستیی کۆمەڵگە و خۆراک هەڵەیەکی باو راست دەکاتەوە، دەڵێت خواردنی ماست و ماسی پێکەوە هیچ گرفتێکی تەندروستیی نییە و نابێتە هۆی بەڵەکی، بەڵکو سوودبەخشە، بە مەرجێک کەسەکە هەستیاریی پێی نەبێت.

لەبارەی باشترین خواردنەوە لەگەڵ ماسی، پزیشكە پسپۆڕەکەی خۆراک دەڵێت: "دۆ یەکێکە لە باشترین خواردنەوەکان کە لەگەڵ ماسی بخورێت، دۆ و ماستاوی خۆماڵی لە هی هاوردەکراو باشترن". سەبارەت بە تێکەڵکردنی شیر و چا، ئەو پسپۆڕە روونیکردەوە، باشترە پێکەوە نەخورێنەوە، چونکە کافاینی نێو چا چالاککەرە و شیر هێورکەرەوەیە، بۆیە کاریگەرییەکانی یەکدی کەم دەکەنەوە. دەشڵێت: "چا دەبێتە هۆی قەبزی و زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە، لە کاتێکدا شیر یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی قەبزی".

د. ئیبراهیم تاهیر، باسی جۆرەکانی شیریشی کرد و گوتی، شیری گوێدرێژ و حوشتر کۆلیستڕۆڵیان کەمترە و سووکترن لەسەر گەدە بە بەراورد بە شیری مانگا، بەڵام خواردنەوەی شیری مانگا پەسەندترە. لەبارەی میزی حوشتریشەوە جەختیکردەوە، "لەڕووی پزیشکییەوە هیچ سوودێکی نییە و پڕە لە مادەی زیانبەخش بۆ گورچیلەکان".

بەرنامەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس سەرچاوەیەکی تەندروستیی متمانەپێکراو و پشت بەستووە بە نوێترین بەڵگە و توێژینەوە زانستییەکان، کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ مانگی رەمەزان ئامادە کراوە. ئامانجی سەرەکیی بەرنامەکە ئەوەیە کە ببێتە رێبەرێکی کرداری بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی باشتر لەم مانگەدا، لەرێگەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو باوەڕ و بۆچوونە تەندروستییانەی کە زۆرترین تێگەیشتنی هەڵە و مشتومڕیان لەسەرە. بەرنامەکە تەنیا زانیاریی تیۆری پێشکەش ناکات، بەڵکو رێنمایی کرداری و ئاسان بۆ جێبەجێکردن دەخاتە روو، بۆ ئەوەی بینەران بتوانن بڕیاری تەندروستیی دروست بدەن و سوود لە مانگی رەمەزان وەربگرن بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانیان.