نانی دانەوێڵە تەواوەکان "گەنم و جۆ" پارێزەرە لە نەخۆشییەکان
بەرنامەیەکی نوێی رەمەزانی دکتۆر ئاراس.. د. محەممەد جەباری، پسپۆڕی خۆراک روونیدەکاتەوە خواردنی نانی گەنم و جۆ بە رێژەیەکی دیاریکراو تەندروستە و مەترسیی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.
د. محەممەد جەباری، پسپۆڕێکی خۆراکە و رایدەگەیەنێت، خواردنی نان بەشێوەیەکی گشتی تەندروستە، بەتایبەتی نانی دانەوێڵە تەواوەکان کە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی کانزا، ریشاڵ و ڤیتامینەکان دادەنرێت. بەڵام لە بەرامبەردا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نانی بادەم و تۆوە جیاوازەکان جێگرەوەی نانی ئاسایی نین و بۆ هەموو کەسێک سەلامەت نین.
بە گوتەی د. محەممەد جەباری، گەورەترین توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە خواردنی نانی گەنم و جۆ (دانەوێڵەی تەواو) پێویست و تەندروستە. ئەم جۆرە نانە پارێزەرە لە نەخۆشییەکان و مەترسیی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ کەمدەکاتەوە.
ئەو پسپۆڕە روونیکردەوە، "نانی گەنم و جۆ کە لە دانەوێڵەی تەواو دروستکرابێت، دەوڵەمەندە بە کانزا، ریشاڵ و ڤیتامینەکان. لە زانستی پزیشکیدا، هەر نانی گەنم و جۆ بە سەرەکی دادەنرێت."
د. محەممەد جەباری ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لەو باوەڕانەی لەسەر نان هەن، بنەمای زانستییان نییە. بۆ نموونە، نانی بادەم و تۆوە جیاوازەکان نەک هەر جێگرەوەی نانی ئاسایی نین، بەڵکو "پڕن لە چەوری و بۆ هەموو کەسێک سەلامەت نین". هەروەها، جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی سەرەکی لە خۆراکی نێوان ژەمەکاندایە نەک نان و ژەمە سەرەکییەکان.
بەرنامەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس سەرچاوەیەکی تەندروستیی متمانەپێکراو و پشت بەستووە بە نوێترین بەڵگە و توێژینەوە زانستییەکان، کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ مانگی رەمەزان ئامادە کراوە. ئامانجی سەرەکیی بەرنامەکە ئەوەیە کە ببێتە رێبەرێکی کرداری بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی باشتر لەم مانگەدا، لەرێگەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو باوەڕ و بۆچوونە تەندروستییانەی کە زۆرترین تێگەیشتنی هەڵە و مشتومڕیان لەسەرە. بەرنامەکە تەنیا زانیاریی تیۆری پێشکەش ناکات، بەڵکو رێنمایی کرداری و ئاسان بۆ جێبەجێکردن دەخاتە روو، بۆ ئەوەی بینەران بتوانن بڕیاری تەندروستیی دروست بدەن و سوود لە مانگی رەمەزان وەربگرن بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانیان.