د. مازیار جەبار: فرۆشتنی دەرمانی ئۆنلاین تاوانە

26 February 2026
د. مازیار جەبار: فرۆشتنی دەرمانی ئۆنلاین تاوانە

بەرنامەیەکی نوێی رەمەزانی دکتۆر ئاراس.. پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی شەکرە هۆشداری دەدات لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی کۆنتڕۆڵنەکردنی شەکرە و پشت بەستن بە چارەسەری نازانستی، دەڵێت نەخۆش هەیە دوای وەستاندنی دەرمانەکان و کڕین و وەرگرتنی دەرمانی گیایی یان ئۆنلاین، تووشی پاشهاتی مەترسیداری نەخۆشییەکە بووەتەوە.

د. مازیار جەبار، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرە رژێنەکان، رایدەگەیێنێت کە زۆرێک لە نەخۆشەکانی بەهۆی ترسی پەککەوتن و بڕینەوەی قاچەکانیان سەردانی دەکەن. ئەو دەڵێت، "زۆر نەخۆش دەبینم بەهۆی کۆنتڕۆڵنەکردنی شەکرەکەی، چاوەکانی لەدەستداون و گورچیلەکانی وەستاون."

پزیشكە پسپۆڕەکە دەڵێت هەندێک پیاو تەنیا بۆ وەرگرتنی چارەسەری لاوازی سێکسی سەردانی دەکەن، کە یەکێکە لە ماکەکانی نەخۆشییەکە. د. مازیار جەبار هۆشداری دەدات و دەڵێت، "هیچ رێنمایینامەیەکی پزیشكیی جیهانی نییە، پەسەندی بەکارهێنانی دەرمانی گیایی بۆ چارەسەری شەکرە بکات،" و فرۆشتنی دەرمانی ئۆنلاین بە "تاوانێکی گەورە" ناودەبات.

ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆربەی چارەسەرە پێشکەوتووەکانی شەکرە لە کوردستان بەردەستن، بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، و دەڵێت، "هیچ شتێک نییە بەناوی ئالوودەبوون بە دەرمانەکانی شەکرە."

بەرنامەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس سەرچاوەیەکی تەندروستیی متمانەپێکراو و پشت بەستووە بە نوێترین بەڵگە و توێژینەوە زانستییەکان، کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ مانگی رەمەزان ئامادە کراوە. ئامانجی سەرەکیی بەرنامەکە ئەوەیە کە ببێتە رێبەرێکی کرداری بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی باشتر لەم مانگەدا، لەرێگەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو باوەڕ و بۆچوونە تەندروستییانەی کە زۆرترین تێگەیشتنی هەڵە و مشتومڕیان لەسەرە. بەرنامەکە تەنیا زانیاریی تیۆری پێشکەش ناکات، بەڵکو رێنمایی کرداری و ئاسان بۆ جێبەجێکردن دەخاتە روو، بۆ ئەوەی بینەران بتوانن بڕیاری تەندروستیی دروست بدەن و سوود لە مانگی رەمەزان وەربگرن بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانیان.