کحوول بۆ دڵ و گورچیلەکان باشە؟
بەرنامەیەکی نوێی دکتۆر ئاراس؛ "گەورەترین توێژینەوەی زانستیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەلماندوویەتی هیچ بڕێكی کحوول سەلامەت نییە؛ سوودی تەندروستیشی نییە بۆ دڵ"، ئەمە گوتەی دکتۆر ئاراس برادۆستی و د. محەممەد عومەر لەک، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەرە لە دەستپێکی بەرنامەکەدا.
د. محەممەد عومەر لەک، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر دەڵێت: "کحوول بۆ دڵ باشە" تەواو هەڵەیە و گوتیشی، "هیچ توێژینەوەیەکی زانستیی ئاستبەرز و باوەڕپێکراو نییە کە بیسەلمێنێت کحوول بۆ گورچیلە و دڵ باشە."
پسپۆڕەکە دەڵێت ئەو قسانەی کە گوایە کحوول بۆ گورچیلەکان یان بۆ پەتاکان باشە، هیچ راستییەکیان تێدا نییە و تەنیا پاساو و بەهانەن بۆ خواردنەوەی. روونیکردەوە، لە زۆرێک لە وڵاتان ئێستا ئەگەر یەک دڵۆپ کحوولت خواردبێتەوە و شۆفێری بکەیت، سزا دەدرێیت.
بە گوتەی د. محەممەد، کحوول راستەوخۆ پەیوەندیی بە 60 جۆری نەخۆشییەوە هەیە و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی کۆڵۆن و رێکە زیاد دەکات، کە زۆربەی ئەو نەخۆشییانە کوشندەن و مەترسییەکانیان دواتر دەردەکەون. دەشڵێت لە درێژخایەندا توانای سێکسی کەم دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا، ئەو پسپۆڕە گوتی، "بەداخەوەم کەسێک هەبێت پێیوابێت خواردنەوەی کحوول پێشکەوتن و کراوەییە." هۆشداریشیدا کە هەندێک جار هاوڕێ و کەسانی نزیک دەبنە هۆکار بۆ ئالوودەبوون بە خواردنەوەی کحوول.
بەرنامەی رەمەزانی دکتۆر ئاراس سەرچاوەیەکی تەندروستیی متمانەپێکراو و پشت بەستووە بە نوێترین بەڵگە و توێژینەوە زانستییەکان، کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ مانگی رەمەزان ئامادە کراوە. ئامانجی سەرەکیی بەرنامەکە ئەوەیە کە ببێتە رێبەرێکی کرداری بۆ بەدەستهێنانی تەندروستییەکی باشتر لەم مانگەدا، لەرێگەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو باوەڕ و بۆچوونە تەندروستییانەی کە زۆرترین تێگەیشتنی هەڵە و مشتومڕیان لەسەرە. بەرنامەکە تەنیا زانیاریی تیۆری پێشکەش ناکات، بەڵکو رێنمایی کرداری و ئاسان بۆ جێبەجێکردن دەخاتە روو، بۆ ئەوەی بینەران بتوانن بڕیاری تەندروستیی دروست بدەن و سوود لە مانگی رەمەزان وەربگرن بۆ باشترکردنی شێوازی ژیانیان.