مۆندیال، قەیرانی کارەبا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؛ پوختەی بابەتەکانی رۆژی هیوا جەمال

01 April 2026
مۆندیال، قەیرانی کارەبا و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە؛ پوختەی بابەتەکانی رۆژی هیوا جەمال

لە رۆژێکی پڕ لە رووداوی سیاسی، سەربازی و خزمەتگوزاریدا، بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" تیشک دەخاتە سەر دواین پێشهاتەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە. لە سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی هەڵبژاردەی عێراق و بەڵێنەکانی سوودانییەوە، تاوەکو چیرۆکی ئەو خێزانەی لەنێو جەرگەی هەولێر لە تاریکیدا دەژی، هاوکات دۆخی خوێندنی ئۆنلاین، هەڕەشە ئەمنییەکان لە بەغدا و لێدوانە دژبەیەکەکانی ترەمپ لەبارەی جەنگی ئێران، تەوەری سەرەکیی هەواڵەکانن.

سوودانی پاداشتی گەورە بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دەدات

دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بەسەر بۆلیڤیا بە ئەنجامی (2-1) لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەدنان دەرجال ئەنجامدا، سوودانی بەڵێنی پاداشتی دارایی "شایستە و گەورە"ی بە یاریزانان و تیمی راهێنەران داوە لە ئەگەری گەیشتنیان بە مۆندیال.

چیرۆکی هاونیشتمانییەک لە هەولێر کە هەشت رۆژە کارەبای بڕاوە 

لە ناوەڕاستی شاری هەولێر، چەندین خێزان سەرەڕای دانی پارەی کارەبا بە شێوەی ئەلیکترۆنی، ماوەی هەشت رۆژە کارەبایان بڕدراوە، لە کاتێکدا وەزارەتی کارەبا دەڵێت گەڕانەوەی کارەبا تەنیا 24 کاژێری دەوێت، هاونیشتمانییان گلەیی لەوە دەکەن کە هێڵی گەرمی (1992) وەڵام نادەنەوە.

رێنماییە نوێیەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ خوێندنی ئۆنلاین

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد؛ "دخول عام" بۆ پۆلی 12 نییە و تاقیکردنەوەکان لە کاتی خۆیاندا دەبن. قوتابخانە ناحکومییەکان مافی بڕینی مووچەی مامۆستایانیان نییە. بۆ ئەو قوتابیانەشی ئینتەرنێتیان نییە، خشتەی وانەکانی تەلەفزیۆنی پەروەردەیی راگەیێندرا. هاوکات هەر قوتابخانەیەکی حکومی بە شێوەی ئۆنلاین وانە بڵێتەوە، ستافەکەی سوپاس و پێزانینی وەزارەتیان پێدەدرێت.

ئێران؛ خوێندن لەژێر سێبەری "ئینتەرنێتی نیشتمانی"دا

بەهۆی دۆخی جەنگەوە، ئێران خوێندنی کردووەتە ئۆنلاین و ئینتەرنێتی جیهانی بڕیوە. قوتابیان تەنیا لە رێگەی ئەپی "شاد" و ئینتەرنێتی ناوخۆیی دەتوانن بخوێنن. هاووڵاتییان پەنایان بردۆتە بەر ئەپڵیکەیشنە ناوخۆییەکانی وەک (رووبیکا و سرووش)، بەکارهێنەرانی دەرەوەش تەنیا بە (VPN) و سیمکارتی ئێرانی دەتوانن بچنە نێو سیستمەکە.

هەڵکشانی هێرشە درۆنییەکان و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە

گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" رایگەیاند کە لە یەک رۆژدا 23 هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. گرووپی "ئەسحابولکەهف" بانگەشەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و بەحرێن دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو زیاتر لە 20 درۆن لە ئاسمانی هەولێر و سۆران تێکشکێندران. هاوکات گرووپی "سەیدولشوهەدا" هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سووریا دەکات ئەگەر خاکەکەی دژی ئێران بەکاربهێنرێت.

ئەحمەد شەرع: سووریا نابێتە لایەن لە ململانێی ئێران و ئەمریکا

ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە لەندەن رایگەیاند کە وڵاتەکەی بێلایەن دەمێنێتەوە بەو مەرجەی هێرشی نەکرێتە سەر. شەرع رەخنەی تووندی لە دەستوەردانەکانی 40 ساڵەی ئێران گرت و بە هۆکاری ئاوارەبوونی ملیۆنان سووری وەسفی کرد. هەروەها ئاماژەی بە بوونی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل کرد بەڵام دەشڵێت چەندین جار ئیسرائیل پێشێلی رێککەوتنەکانی کردووە.

رفاندنی رۆژنامەڤانێکی ئەمریکی لە بەغدا

شێلی کیتلسن، رۆژنامەڤانی ناسراوی ئەمریکی لە شەقامی سەعدوونی بەغدا رفێندرا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت یەکێک لە رفێنەرەکان دەستگیرکراوە کە پەیوەندی بە "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا"وە هەیە. ئەمریکا لە رێگەی (FBI)ـیەوە بەدواداچوون بۆ ئازادکردنی دەکات. کیتلسن لە ساڵی 2012ـەوە رووماڵی جەنگەکانی عێراق و سووریا دەکات و شارەزای زمانەکانی عەرەبی و ئیتالییە.

ترەمپ: لە ماوەی دوو هەفتەدا لە ئێران دەکشێینەوە

دۆناڵد تڕەمپ رایگەیاند کە ئەرکی ئەمریکا لە ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و لە ماوەی دوو هەفتەدا هێزەکانیان دەکشێننەوە. ترەمپ دەڵێت ئامانجیان گەڕاندنەوەی ئێران بووە بۆ "سەردەمی بەردین" تاوەکو نەتوانن چەکی ئەتۆمی دروست بکەن. ئەم لێدوانانە بوونە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و بەرزبوونەوەی پێوەرەکانی بۆرسەی جیهانی.

گفتوگۆی واشنتن لەگەڵ قالیباف؛ ترەمپ گەشبینە

بۆ یەکەمجار ترەمپ ئاشکرای کرد کە لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گفتوگۆدان. ترەمپ قالیبافی بە "میانڕۆ و ژیر" وەسف کرد و گوتی تۆنی دەنگی نزم کردووەتەوە، هەرچەندە هۆشداریشی پێدا کە "دەزانن لە کوێ دەژیت". هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەربڕیوە.

12 جار لە مانگێکدا"؛ بەڵێنە دووبارەکانی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕ

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، تڕەمپ لەم مانگەدا 12 جار باسی لە کۆتاییهاتنی جەنگ کردووە، بەڵام جەنگ پێی ناوەتە هەفتەی پێنجەمی و هێزی زیاتریش رەوانەی ناوچەکە دەکرێت. شارەزایان پێیان وایە ترەمپ ئەم لێدوانانە بۆ هێورکردنەوەی بازاڕی وزە و رای گشتیی ئەمریکا بەکاردەهێنێت.

حیزبوڵڵا و ئیسرائیل؛ ئۆپەراسیۆنەکان و قوربانییەکان زیاد دەکەن

حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند کە لە یەک رۆژدا 39 ئۆپەراسیۆنی دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە و 4 تانکی مێرکاڤای تێکشکاندووە. لە بەرامبەردا، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بووەتە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی 35ی دیکە، کە لەنێویاندا ژن و کارمەندی فریاگوزاری هەن.

دوای نیو سەدە مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر مانگ؛ ناسا کاتی هەڵدانی ئارتەمیس دووی راگەیاند

ئاژانسی ناسا دوای چەندین مانگ لە گرفت و دواکەوتن، دواجار گەورەترین و گرنگترین گەشتی مرۆڤ بەرەو بۆشایی ئاسمان لەم سەدەیەدا دەستپێدەکات. مووشەکی "ئارتەمیس 2" کە چوار کەشتیوان بۆ دەوروبەری مانگ دەگوازێتەوە، لەسەر سەکۆی هەڵدانە و چاوەڕوانی ئاماژەی دەسپێکردنە بۆ ئەوەی مێژوویەکی نوێ بنووسێتەوە کە زیاتر لە 50 ساڵە مرۆڤ لێی دابڕاوە.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).