لە هۆشدارییە تووندەکانی واشنتنەوە بۆ پاکبوونەوەی هەوای کوردستان..
ئەمڕۆ سێشەممە زنجیرەیەک رووداوی گرنگ لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان تۆمار کران، لە کاتێکدا شەپۆلی باران و مەترسیی لافاو باڵی بەسەر کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا کێشاوە، لە هەڵەبجە شانەیەکی داعش هەڵوەشێنرایەوە و لە بەغداش مەرجەکانی ئەمریکا تووندتر دەبنەوە. هاوکات دەستەی ژینگەی کوردستان ئاماژەی دڵخۆشکەر لەبارەی پاکبوونەوەی هەواری هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
گوتەبێژی دەستەی ژینگە: بەهۆی داخستنی پاڵاوگەکان و پڕۆژەی رووناکی کوالیتی هەوا باشتر بووە
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) وردەکاریی دۆخی ژینگەی خستەڕوو و رایگەیاند، کوالیتی هەوای شارەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو روو لە باشبوونە. هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ جێبەجێکردنی (پڕۆژەی رووناکی) و لابردنی زیاتر لە 3500 مۆلیدە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی گازە زیانبەخشەکانی وەک دوانۆکسیدی کاربۆن و گۆگرد.
هاوکات ئاماژەی بە هەڵمەتی داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان کرد و گوتی: "لە شاری هەولێر 138 پاڵاوگە هەبوون، تا ئێستا 85 پاڵاوگەیان داخراون و ئەوانەشی ماون دەبێت پابەندی مەرجە تووندەکان بن وەک دانانی فیلتەر و یەکەی چارەسەر". ناوبراو باسی لەوەش کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەقی گۆڕانی کەشوهەوادان و دەبێت پشکنینی ئۆتۆمبێل (PVI) بەپێی رێنماییە نوێیەکان بێت.
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هۆشداریی لافاو؛ لە گەرمیان پشووە
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، کەشناسی هۆشداری دەدات کە ئەمڕۆ کاریگەرییەکەی لە گەرمیان، سلێمانی و هەولێر بەهێزتر دەبێت و مەترسیی لافاو هەیە. بەهۆی پێشبینی بارینی 65 ملم باران، ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆی کردە پشووی فەرمی.
بەفر لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێگەی گرتووە
بەهۆی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، پۆلیسی رێگەوبان داوا دەکات شۆفێران لە رێگەی سەقز-مەریوان زنجیری تایە بەکاربهێنن و خوێندنگە سەرەتاییەکانی مەریوان کرانە پشوو.
توانەوەی بەستەڵەکەکان
ئامارە جیهانییەکان دەریدەخەن لە 20 ساڵدا جیهان ساڵانە 273 ملیار تۆن بەستەڵەکی لەدەستداوە.
لە هەڵەبجە ئەمیرێکی داعش و دوو چەکداری دیکە دەستگیرکران
لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە سەنتەری شاری هەڵەبجە، هێزەکانی ئاسایش رووبەڕووی شانەیەکی داعش بوونەوە و سێ چەکداریان دەستگیرکرد کە یەکێکیان پلەی "ئەمیر"ـی هەیە و بەرپرسی لۆجستیک بووە.
لە پێکدادانەکەدا کارمەندێکی ئاسایش بریندار بوو.
عێراق لە گەندەڵیدا پلەی 38ـی هەیە و 17 ملیۆن دۆلاری گەڕاندووەتەوە
بەگوێرەی ریزبەندی نوێ، عێراق پلەی 38ـەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانی هەیە. هاوکات دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، توانیویانە زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار لە داهاتی گەندەڵی لە دەرەوەی وڵات بگەڕێننەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
بەعسییەکان دەستگیرکران و چوارچێوە 9 بەربژێری هەیە
لە سەڵاحەدین سێ تۆمەتبار دەستگیرکران کە دەستیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی بەعسدا هەبووە. هاوکات چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند 9 بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق لەبەردەستە.
لەسەر لێواری سزای دارایی؛ مەرجەکانی واشنتن بۆ بەغدا تووند دەبن و پێشمەرگە جیا دەکرێتەوە
تۆنی هۆشدارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق لەبارەی "گروپە چەکدارەکان" گۆڕانکاریی ریشەیی بەسەردا هاتووە و گەیشتووەتە قۆناخی "مەرجی دارایی". پڕۆژەیاسای ساڵانەی بەرگریی ئەمریکا (NDAA) کە رۆژی 08-12-2025 دەرچوو، کۆتوبەندی تووندی خستووەتە سەر هاوکارییەکان بۆ بەغدا. بەپێی پڕۆژەکە، بۆ وەرگرتنی یارمەتی، دەبێت عێراق بیسەلمێنێت کە جڵەوی چالاکییە نایاساییەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکات.
خاڵی جەوهەریی بڕیارەکە جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانە؛ پڕۆژەیاساکە پارێزبەندی بۆ بودجەی پێشمەرگە داناوە و جەخت دەکاتەوە کە مەرجەکانی سەر بەغدا بودجەی پێشمەرگە ناگرێتەوە، چونکە پێشمەرگە "هاوبەشێکی ئاسایشی نیشتمانییە". ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەرپرسانی ئەمریکا دۆخی عێراقیان بە "پشێویی رەها" وەسف کردبوو.
ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری لوبنان و رایگەیاند کە ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا و کۆمەڵگەیەکی مەشق و راهێنانی هێزی رەزوانی کردووەتە ئامانج.
بڕیارە سەیرەکانی ترەمپ؛ پارکەکان لە رۆژی لەدایکبوونیدا دەکرێنە خۆڕایی
دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا لە رۆژی لەدایکبوونیدا چوونی پارکە نیشتمانییەکانی ئەمریکا بکاتە خۆڕایی، لە بەرامبەردا رۆژانی تایبەت بە کۆیلایەتی لە لیستەکە لابرد. هەروەها هەڕەشەی سەپاندنی باجی 5٪ لە مەکسیک دەکات و هەوڵی دەرکردنی یاسایەکی نیشتمانی بۆ "ژیریی دەستکرد" دەدات.
دەستیپێکردنەوەی نەوتی بەسرە و نرخی کارتی نیشتمانی
بەهۆی دزەکردنی نەوت، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنە 2 راگیرا و ڕۆژانە عێراق 450 هەزار بەرمیل زیان دەکات. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆ دەنگۆی گرانبوونی کارتی نیشتمانی رەتکردەوە و رایگەیاند تێچووی دەرکردن تەنیا 5000 دینارە.
فلۆریدا ئیخوان و CAIRی قەدەخە کرد
حاکمی ویلایەتی فلۆریدا بە فەرمی رێکخراوی "ئیخوان موسلیمین" و ئەنجوومەنی پەیوەندییە ئەمەریکی-ئیسلامییەکان (CAIR)ی وەک رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی ناساند و هەموو چالاکییەکیانی قەدەخە کرد.
فێستیڤاڵی فیلمی دهۆک دەستیپێکرد و گۆڵدن گڵۆب لیستی خواردنی گۆڕی
12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بە بەشداری 110 فیلم دەستیپێکرد. لە لایەکی دیکەوە ئاهەنگی گۆڵدن گڵۆب لیستی خواردنەکانی گۆڕی و پەتاتە و گوڵی دەگمەنی بۆ رێوڕەسمەکە زیاد کرد.
دیموکراتەکان هەڕەشەی بڕینی بودجەی وەزیری جەنگ دەکەن
چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان هەڕەشەی راگرتنی بودجەی گەشتەکانی پیت هێگسێس دەکات، ئەگەر ڤیدیۆی هێرشەکانی ناوچەی کاریبی بەبێ دەستکاری بڵاونەکاتەوە.
دیپلۆماسی و مرۆیی
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گەیشتە واشنتن، ئەمریکا ستایشی دۆخی نوێی سووریا دەکات، رێکخراوی کۆچ داوای 4.7 ملیار دۆلار دەکات و لە ئێرانیش هۆشداری لە کارەساتی نەمانی دەرمانی تالاسیمیا دەدرێت.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).