هۆشداریی سووری لافاو و وەڵامی دەستپێشخەریی یەکگرتوو

10 December 2025
هۆشداریی سووری لافاو  و وەڵامی دەستپێشخەریی یەکگرتوو

وەڵامنەدانەوەی دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو، زیانەکانی لافاو و قەدەخەکردنی سۆشیال میدیا لە ئوسترالیا

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایدەگەیێنێت کە ئەوەی لە لافاوەکاندا روودەدات دەرئەنجامی شکستی ٣٠ ساڵەی حکومڕانی و دەستێوەردانە لە سرووشت، هاوکات ئاشکرای دەکات کە سێ لایەنی سەرەکی (پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ) وەڵامی دەستپێشخەرییەکەیان نەداوەتەوە بۆ کۆبوونەوەی شەش لایەنە براوەکە. لەلایەکی دیکەوە شەپۆلی بارانبارین کۆتایی دێت و ئامارەکان باس لە گیانلەدەستدانی ٥ کەس دەکەن.

کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین و ئامارەکان؛ ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، شەپۆلی بارانبارینەکە لە ئەمڕۆوە کۆتایی دێت، بەڵام شەپۆلێکی سەرما شوێنی دەگرێتەوە. لە ئەنجامی لافاوەکاندا ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە (دوو کەس لە چەمچەماڵ، منداڵێک لە کەرکووک و دوو کۆڵبەر لە ورمێ بەهۆی رنووی بەفر). زیانە ماددییەکانیش بریتین لە زیانگەیشتن بە ٥٠٠ ماڵ و ١٠٠ دووکان لە چەمچەماڵ. وەزارەتی ناوخۆ هۆشداریی سوور بۆ ١٠ ناوچە و کەناراوەکانی زێی بچووک دەهێڵێتەوە.

سەڵاحەدین بابەکر: حکومەتی "کاربەڕێکەر" بۆ سێ ساڵ لە هیچ شوێنێکی دونیا نییە

سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی لافاوەکان، سەڵاحەدین بابەکر رەخنەی تووندی ئاراستەی دەسەڵات کرد و گوتی: "لافاو لە بنەڕەتدا رەحمەتی خودایە، بەڵام کاتێک دەبێتە نێکبەت و کارەسات، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلانسازی. لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا، سەرەڕای بوونی ئیمکانیاتێکی زۆر، حکومەت نەیتوانیوە ژێرخانێکی گونجاو بۆ ئاوەڕۆ دابین بکات. ئەوەی دەبینرێت دەرئەنجامی ئەوەیە کە رێڕەوی سرووشتیی ئاو و دۆڵەکان کراونەتە بینا و پڕۆژەی بازرگانی بەبێ گوێدانە لێکەوتەکان."

لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانیشەوە،  سەڵاحەدین بابەکر نهێنیی دەستپێشخەرییەکی نوێی ئاشکرا کرد کە لە ٢٦ی مانگی رابردووەوە خستوویانەتە روو و گوتی: "ئێمە وەک یەکگرتوو داوامان کرد هەر شەش لایەنە براوەکەی هەڵبژاردن لەسەر مێزێک کۆببینەوە، بەڵکو ببێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ بەغدا. بەداخەوە، هەرچەندە پارتی و یەکێتی دەستپێشخەرییەکەیان پێ جوان بوو، بەڵام بە کردەیی بەتەنگیەوە نەهاتن، هەروەها جووڵانەوەی نەوەی نوێش بەشدارییان نەکرد." جەختیشی کردەوە کە "کێشەی سەرەکیی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانە، نەک خزمەتگوزاری."

کە خەوتبوویت چی روویدا؟

١. تەقەکردن لە کێنتاکی: بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زانکۆی ویلایەتی کێنتاکی تەقەکردن روویدا، خوێندکارێک کوژرا و یەکێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو؛ هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەیان راگەیاند.
٢. کارەسات لە مەغریب: لە شاری فاسی مەغریب، بەهۆی رووخانی دوو باڵەخانە، ٤ منداڵ گیانیان لەدەستدا و ١٢ کەسی دیکە بریندار بوون.
٣. هەڵمەتی دەستگیرکردن لە فەڵەستین: سوپای ئیسرائیل لە نابلس ٣٠ فەڵەستینی دەستگیرکرد کە زۆربەیان دیلی پێشوون، لە شاری سەلفیتیش ١٠ هاووڵاتی دەستگیرکران.
٤. مانگێکی نوێی چینی: چین مانگێکی دەستکردی نوێی بۆ تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان و گواستنەوەی داتا رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد.
٥. هەڕەشەی ڤەنزوێلا: سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا پڕۆژەیاسای کشانەوە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پێشکەش دەکات و ئەمریکا بە کوشتنی ٨٠ کەس لە دەریای کاریبی تۆمەتبار دەکات.

عێراق سڕکردنی دارایی لەسەر دوو لایەن هەڵدەوەشێنێتەوە

لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان لە عێراق، بە بڕیارێکی نوێ سڕکردنی دارایی لەسەر دوو لایەن هەڵگرت کە پێشتر لە لیستی تیرۆردا بوون (ئاماژەکان بۆ حیزبوڵڵا و حووسییەکانن). لیژنەکە روونکردنەوەی داوە کە بڕیارەکە تەنیا تایبەتە بە داعش و قاعیدە و ئەو دوو لایەنە پەیوەندییان بەو گرووپانەوە نییە.
ئەردۆغان: جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئادار "گرێیەکی گەورە" دەکاتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کرد رێککەوتنی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکەن. ئەردۆغان رایگەیاند کە پابەندبوون بەو رێککەوتنە پیلانی دابەشکردنی سووریا پووچەڵ دەکاتەوە و سووریایەکی نوێ دادەمەزرێت.

فریدەم هاوس: سووریا باش دەبێت و تورکیا خراپتر دەبێت

لە راپۆرتی ٢٠٢٥ی فریدەم هاوسدا هاتووە، دوای ١٩ ساڵ لە داکشانی ئازادی لە جیهان، سووریا دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە کۆتایی ٢٠٢٤ گۆڕانکاریی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە و ٤ خاڵ چووەتە پێشەوە. لە بەرامبەردا تورکیا و ئێران هێشتا لە لیستی وڵاتە "نائازادەکان"دان و تورکیا لە ماوەی دە ساڵدا ٢٢ خاڵ پاشەکشەی کردووە.

ئوسترالیا سۆشیال میدیا بۆ خوار ١٦ ساڵ قەدەخە دەکات

لە ئەمڕۆوە یاسای قەدەخەکردنی سۆشیال میدیا بۆ منداڵانی خوار ١٦ ساڵ لە ئوسترالیا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند: "ئوسترالیا دەیسەلمێنێت کە ئیتر بەسە". ئەم بڕیارە بە پشتیوانیی کچێکی ١٢ ساڵان بەناوی فلۆسی دەرچوو کە دەڵێت: "منداڵان شایەنی ئەوەن بزانن کێن بەبێ ئەوەی ئەلگۆریزمەکان پێیان بڵێن چییان خۆشبوێت."

دۆزینەوەیەکی گەردوونی 

مانگی دەستکردی SVOM تەقینەوەیەکی تیشکی گامای تۆمار کردووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٣ ملیار ساڵ پێش ئێستا.

پشکنینی پیاوان

پزیشکان رێنمایی دەدەن کە پیاوان لە دوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە پێویستە ساڵانە ١٤ جۆر پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن، لەوانە پشکنینی پرۆستات، دڵ و شەکرە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).