لیژنەکانی قەرەبوو دەست بەکار دەکەن.. گرێبەست نوێ دەکرێتەوە

11 December 2025
لیژنەکانی قەرەبوو دەست بەکار دەکەن.. گرێبەست نوێ دەکرێتەوە

لەگەڵ هێووربوونەوەی شەپۆلی بارانبارین، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەست بە هەنگاوەکانیان دەکەن بۆ قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو. قوباد تاڵەبانی دوو بڕیاری بۆ چەمچەماڵ دەرکرد و هۆکاری لافاوەکەی کەرکووکیش بۆ "زێدەڕۆیی" دەگەڕێندرێتەوە. هاوکات کۆشکی سپی ستراتیژی چوار ساڵی داهاتووی راگەیاند کە کۆتاییهێنانە بە "گۆڕینی رژێمەکان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025، لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، دوایین پێشهاتەکانی لافاو، قوربانییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان خرانەڕوو.

یەکەی فریاکەوتن و لیژنەی زانستی لە چەمچەماڵ پێکدەهێندرێن

دوای سەردانیکردنی بۆ قەزای چەمچەماڵ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوو بڕیاری دەرکرد. سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ رووداو ئاشکرای کرد، بڕیاری یەکەم دامەزراندنی "یەکەیەکی فریاکەوتنی خێرای مرۆیی و چاکبوونەوە"یە کە ئەرکی دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و ئاساییکردنەوەی خزمەتگوزارییەکانە. بڕیاری دووەمیش پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی زانستییە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لافاو.
هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لەڕێگەی وەزارەتی داراییەوە قەرەبووی ماددی سەرجەم زیانلێکەوتووان بکاتەوە.

شارەوانیی کەرکووک: چارەسەری شۆراو 40 ملیار دینارە

ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، هۆکاری لافاوەکەی گەڕەکی شۆراو، دروستکردنی خانوو بووە لەسەر ڕێڕەوی سروشتیی چەم. ناوبراو گوتی: "تاکە چارەسەر دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقی ـە کە تێچووەکەی نزیکەی 40 ملیار دینارە و لە وەزارەتی پلاندانان ماوەتەوە."

هاوکات زاگرۆس گلی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر بودجەکە دابین نەکرێت، چارەسەری دیکە "گواستنەوەی تەواوی گەڕەکەکەیە".

قوربانییەکانی لافاو

 ژمارەی گیانلەدەستدان لە هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتە 10 کەس. لەوانە؛ دۆزینەوەی تەرمی (ئەیوب عومەر)ی تەمەن 12 ساڵ لە کەلار و گیانلەدەستدانی 3 مامۆستا لە لوڕستان.

پشووی پارێزگاکان

 لە 7 پارێزگای عێراق (کەرکووک، زیقار، نەجەف، سەلاحەدین، میسان، دیوانیە و واست) بەهۆی کەشوهەواوە پشووە.

بەفر لە رۆژهەڵات

 رێگەی 110 گوند لە پارێزگاکانی لوڕستان و سنە بەهۆی بەفرەوە داخراون.

دامەزراندن

حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی 764 فەرمانبەری کاروباری مینی نوێکردەوە و بڕیاری وەرگرتنی دەرچووانی پزیشکی ددان و دەرمانسازی بەشێوەی "خۆبەخش" دا. لە بەرامبەردا بەغدا هەموو جۆرە دامەزراندنێکی راگرت.

گەڵف کیستۆن: یەکەم بڕە پارەی هەناردەمان وەرگرت

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پترۆلیۆم (GKP) رایگەیاند دوای دوو ساڵ و نیو وەستان، هەناردەی نەوتی کێڵگەی شێخان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردووەتەوە و یەکەم بڕە پارەی فرۆشی نەوتەکەیان وەرگرتووە.

جۆن هاریس، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ساڵی 2025ی بە "وەرچەرخان" ناوبرد و ئاشکرای کرد بەرهەمهێنانی رۆژانە بۆ 44 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە. 

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە نەوتەکەیان بە نرخی نزیکەی 30 دۆلار فرۆشتووە و لەمەودوا پارەکان مانگانە وەردەگرن.

ستراتیژی نوێی ئەمریکا: واقیعگەرایی نەرم

بەگوێرەی ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ چوار ساڵی داهاتوو کە دۆناڵد ترەمپ واژۆی کردووە، ئەمریکا چیتر هەوڵی "گۆڕینی رژێمەکان" و "بنیاتنانی نەتەوە" لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی نادات.

خاڵە سەرەکییەکانی ستراتیژەکە بریتین لە:

•ئەمریکا لە پێشینەیە: تەرکیزکردن تەنیا لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی.
•واقیعگەرایی نەرم: مامەڵەکردن لەگەڵ سەرکردەکان وەک ئەوەی هەن.
•رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: کشانەوە لە شەڕە بێ کۆتاییەکان و گرنگیدان بە رێککەوتنی ئیبراهیم.

ئەنفلۆنزا بەرۆکی ئێران بەرنادات

تەندروستیی ئێران رایگەیاند، ئەنفلوەنزا لە ئێران بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 101 کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئامارێکی مەترسیداری بڵاوکردەوە و رایگەیاند تاوەکو ئێستا 101 کەس بەهۆی تووشبوون بە ئەنفلوەنزاوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

کۆمەڵکوژیی سروشت

لە سەمسووری باکووری کوردستان 10 هەزار داری میوە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بڕدرانەوە.
زیانەکان رووبەری 500 دۆنم زەوییان گرتووەتەوە لە گوندی ئاککویو، کە تێیدا نەمامی فستق و زەیتوون بەتەواوی لەناوچوون. دارەکان تەمەنیان لە نێوان 2 بۆ 10 ساڵ بووە. 
ئاینور ئارپات، یەکێک لە جووتیارە زیانلێکەوتووەکان رایگەیاند هەموو دارە فستقەکانی خەریک بوو بەر بگرن، بەڵام ئێستا هەموویان بڕدراونەتەوە.

دەم پارتی راپۆرتە 99 لاپەڕەییەکەی پێشکێش کرد

فراکسیۆنی دەم پارتی راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پرسی ئاشتی و چارەسەری پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد. راپۆرتەکە کە لە 99 لاپەڕە پێکهاتووە، لەلایەن ئەندامانی دەم پارتی لە "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی و برایەتی" ئامادە کراوە.

سێنتکۆم سێ ئەرکی لە سووریا راگەیاند

سێنتکۆم رایدەگەیێنێت سێ ئەرکی سەرەکیان لە سووریا هەیە و پشتیوانی لە تێکەڵکردنەوەی هەسەدە و سوپای سووریا دەکەن.

براد کۆپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) سێ ئەرکی سەرەکی لە سووریا هەیە ئەویش ئەمانەن: یەکەم، چاودێریکردنی وردی داعش؛ دووەم، پشتیوانیکردن لە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ سوپای سووریا؛ سێیەم، پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا.

کە خەوتبوویت چی روویدا؟ 

1.کۆتایی سزای قەیسەر: ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای "هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی" سزاکانی یاسای قەیسەری لەسەر حکومەتی سووریا پەسەند کرد، جۆ ویڵسۆن، ئەندامی ئەنجوومەنەکە گوتی: "سوپاس بۆ ترەمپ، با سووریا مەزن بکەینەوە."
2.دەستبەسەرداگرتنی کەشتی: دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتی ڤەنزوێلادا گرتووە.
3.وەڵامی زێلێنسکی: سەرۆکی ئۆکرانیا وەڵامی پلانە ئاشتییەکەی ترەمپی دایەوە و چوارچێوەیەکی 20 خاڵیی پێشکەش کرد.
4.خۆپیشاندان لە بولگاریا: دەیان هەزار کەس دژی گەندەڵیی حکومەت رژانە سەر شەقامەکان.
5.ئێوارەخوانی نۆبڵ: لە ستۆکهۆڵم مەراسیم و ئێوارەخوانی براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ چی روودەدات؟

1.دەستبەکاربوونی لیژنەکان: لە ئەمڕۆوە لیژنەکانی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو لە چەمچەماڵ و ناوچەکانی دیکە دەستبەکار دەبن.
2.فێستیڤاڵی سەری ساڵ: لە پارکی پێشمەرگە لە هەولێر فێستیڤاڵی سەری ساڵ دەستپێدەکات.
3.کۆبوونەوەی ئەڵمانیا و ناتۆ: راوێژکاری ئەڵمانیا و ئەمینداری گشتیی ناتۆ لە بەرلین کۆدەبنەوە.
4.فرۆشتنی شەرابی شازادە دایانا: لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە دانیمارک، بوتڵێک شەرابی ئاهەنگی هاوسەرگیریی شازادە دایانا دەفرۆشرێت.
5.ئاهەنگی دەرچوون: ئاهەنگی دەرچووانی دواناوەندیی کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانی نەمر و پەیمانگەی تەکنیکی رانیە بەڕێوەدەچێت.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).