رۆژی هیوا جەمال... لە گێژاوی هەڵبژاردنەوە بۆ شانازیی جیهانی
لە گێژاوی هەڵبژاردنەوە بۆ شانازیی جیهانی.. وردەکاریی دەرئەنجامەکان، ناڕەزایەتییەکان و سەرکەوتنی قوتابییە کوردەکان
ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وێنەیەکی نوێی سیاسیی خستەڕوو، کە پڕ بوو لە دژبەیەکی و رووداوی چاوەڕواننەکراو. لەلایەک نیگەرانیی کورد لە کەرکووک بەهۆی لەدەستدانی کورسییەک، و لەلایەکی دیکەوە شانازیی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی تەواوی عێراق. رۆژی هیوا جەمال ئەمرۆ پێنجشەممە 13-11-2025 زۆرینەی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەستا. هاوکات تیشکی خستە سەر کۆتاییهاتنی داخستنی حکومەتی ئەمریکا و یەکەمبوونی دوو قوتابیی کورد.
کورد لە کەرکووک کورسییەکی لەدەستدا؛ پارتی ئاهەنگەکان رادەگرێت
ئەوەی کورد لێی دەترسا لە کەرکووک روویدا و ژمارەی کورسییەکانی بۆ پێنج کورسی کەمبووەوە. لە کاردانەوەیەکدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، کە زۆرترین دەنگی لیستی پارتی بەدەستهێنا، رایگەیاند کە سەرجەم ئاهەنگ و چالاکییەکان رادەگرن. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر هۆشداریی دابوو لە مەترسیی لەدەستدانی کورسی شەشەم و بەهۆی کەمتر لە پێنج هەزار دەنگەوە کورسییەکەیان لەدەستداوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن.
کوردێک بووە یەکەمی عێراق؛ دوو کورد لەنێو پێنج دەنگهێنەری یەکەمدا
لە ئەنجامێکی چاوەڕواننەکراودا، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، بە بەدەستهێنانی 96 هەزار دەنگ بووە یەکەمی سەر ئاستی عێراق. هەروەها جەمال کۆچەر، سەرلیستی یەکگرتوو لە دهۆک، پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەسایەتییەکانی وەک محەممەد شیاع سوودانی، محەممەد حەلبووسی و نووری مالیکی لە پلەکانی دووەم تا چوارەمدان.
لایەنگرانی بەربژێرێکی دەرنەچوو رێگەی هەولێر- دهۆکیان داخست
لایەنگران و کەسوکاری سەرکەوت مزەفەر، بەربژێری پارتی لە بازنەی نەینەوا، دوای دەرنەچوونی لە هەڵبژاردنەکان، رێگەی سەرەکیی هەولێر-دهۆکیان داخست و ناڕەزایەتییان دەربڕی. خۆپیشاندەران رایانگەیاند کە "ستەم و خیانەت" لە بەربژێرەکەیان کراوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر وا بڵاوکرابووەوە کە ناوبراو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
پارتی زۆرینەی کورسیی کۆتاکانی مسۆگەر کرد
لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی پشتیوانیی پێکهاتەکاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پێنج لە کۆی نۆ کورسیی کۆتاکان بە پشتیوانیی ئەو حیزبە مسۆگەر کران. ئەم کورسییانە کۆتای کریستیانەکان، ئێزدییەکان و فەیلییەکان دەگرێتەوە، کە نیشانەی پشتیوانیی بەردەوامی پارتییە لە مافی پێکهاتەکان.
جیاوازییەکی گەورە: رکابەرەکەی عەلی حەمەساڵح تەنیا ١٨٢ دەنگی هێنا
لە ئەنجامێکی سەرنجڕاکێشدا، د. دڵشاد محەممەد کە رکابەریی عەلی حەمەساڵحی دەکرد، تەنیا 182 دەنگی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا عەلی حەمەساڵح خاوەنی زیاتر لە 48 هەزار دەنگ بوو. ئەم جیاوازییە گەورەیە و کارەکتەری بەربژێرەکە کە بە سکاڵا تۆمارکردن ناسراوە، بووەتە جێی باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
وەزیرە براوە و دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن کێن؟
ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتی عێراق خۆیان بۆ پەرلەمان بەربژێر کردبوو. لەنێویاندا محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان، بە زیاتر لە 37 هەزار دەنگ براوەی یەکەم بوو. لە بەرامبەردا، ئەحمەد موبەرقەع، وەزیری وەرزش، بە کەمتر لە 4 هەزار دەنگ، کەمترین دەنگی لەنێو وەزیرە بەربژێرەکاندا بەدەستهێنا.
ئیدریس نێچیرڤان بارزانی پاداشتی بانگەشەکارێکی چالاکی پارتی دەکاتەوە
وەک رێزگرتنێک لە هەوڵەکانی، ئیدریس نێچیرڤان بارزانی ئۆتۆمبێلێکی نوێ و ئەرکی نۆژەنکردنەوەی ماڵەکەی پێشکەش بە عەبدولباری زێباری کرد. عەبدولباری، گەنجێکی چالاکی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو لە ناحیەی دینارتە و بە دروشمی "دێ پەرلەمانی هەژ هەژینین" ناسرابوو.
کۆتایی بە درێژترین داخستنی حکومەتی ئەمریکا هات
دوای 43 رۆژ لە پەککەوتن، کۆنگرێسی ئەمریکا کۆتایی بە درێژترین داخستنی حکومەت لە مێژووی وڵاتەکەدا هێنا. ئەم داخستنە کە بەهۆی ناکۆکیی سیاسی لەسەر بودجە روویدا، زیانی ئابووریی گەورەی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی سەدان هەزار فەرمانبەر بێ مووچە بمێننەوە.
ترامپ پڕۆژەیاسای بودجەی واژۆ کرد و حکومەت کرایەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای بودجەی واژۆ کرد و بە فەرمی کۆتایی بە داخستنی حکومەت هێنا. ترامپ لە لێدوانێکدا دیموکراتەکانی بە هۆکاری ئەم "کارەساتە کورتخایەنە" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند کە وڵاتەکە دووبارە دەست بە کار دەکاتەوە.
دوو قوتابیی کورد لەسەر ئاستی جیهان بوونە پاڵەوانی بیرکاری
دوو قوتابی بەهرەمەندی کورد، سروشت رزگار عەبدولڕەحمان و لاوی ڕەئوف حوسێن، لە پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتیی بیرکاری لە تورکیا، نازناوەکانی "پاڵەوانی پاڵەوانان" (Super Champion) و "پاڵەوان" (Champion)ـیان بەدەستهێنا. بڕیارە ئەمڕۆ ئەم دوو قوتابییە و مامۆستاکانیان میوانی بەرنامەکە بن.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).