کەمکردنەوەی نرخی کارەبای 24 کاژێری و چارەنووسی مووچەی مانگی 5

14 May 2025
کەمکردنەوەی نرخی کارەبای 24 کاژێری و چارەنووسی مووچەی مانگی 5

رۆژی هیوا جەمال، بەدواداچوون بۆ مووچەی گرێبەستەکان و مامۆستایانی گرێبەست دەکات، وەزارەتی دارایی هەواڵێکی خۆشی بە رۆژی هیوا جەمال راگەیاند لەوبارەوە. 

بەرنامەی رۆژی چوارشەممە 14-5-2025ـی ( رۆژی هیوا جەمال)، کۆمەڵێک هەواڵی گرنگی لەخۆ گرت، لەبارەی مووچە، هەروەها کۆمەڵێک پرسی دیکەی وەکو چەک دانانی پەکەکە و پێڤاژۆی ئاشتی، سەردانی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لووتکەی عەرەبیی لە بەغدا تاوتوێکرد. 

هیوا جەمال وەڵامی دوو پرسیاری هاونیشتمانییان لە وەزارەتی دارایی وەردەگرێت 

هیوا جەمال لە بەرنامەکەیدا وەڵامی دوو پرسیاری هاونیشتمانییانی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەرگرت، پرسیارەکان لەبارەی مووچەی ئەو گرێبستانەیە کە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو گرێبەستیان بۆ کرا، هەوەها مامۆستایانی گرێبەست.

لەبارەی گرێبەستەکانەوە، وەزارەتی دارایی بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند "ئەو کەسانەی لەدوای یەکی تەمووز دامەزراون بە گرێبەست، لەم مانگەوە مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، ئەگەری هەیە دوو مووچە وەربگرن. ئەوانە بەسەر وەزارەت و دەستەکان دابەشبوون و کاتی ویستووە تاوەکو کۆکراونەتەوە".

لەبارەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستیش، وەزارەتی دارایی راگەیاند "هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دابەش دەکرێت".


ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی گرنگ دەدات

بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال) بە هەواڵێکی بەپەلە دەستیپێکرد، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی ئەو هەواڵەی گەیشتە دەستی ( رۆژی هیوا جەمال)، ئەمرۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەکە راپۆرتی وەزارەتی کارەبا و "تیمی رووناکی" دەخوێندرێتەوە کە بە راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی کارەبا ئامادەکراوە و نرخی نوێی کارەبای 24 کاژێرییان پێشنیاز کردووە بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەسنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.

بەگویرەی زانیارییەکان بەراورد بە نرخی پێشتری کارەبای 24 کاژیری نرخەکە کەمکراوەتەوە. ئەگەر ماڵێکی کەم دەرامەت کارەبای 24 کاژێری بەرکابهێنیت و نەهێڵێت کارەبا بەفیڕۆ بچێت مانگاکە کەمتر لە 50 هەزار دیناری بۆ دێتەوە.

سێ وەزارەت موچەکانیان پێش دەخرێت

  
چوارشەممە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان دەستپێدەکات. بەشێکی فەرمانبەرانی سێ وەزارەت ناویان لە لیستی مووچەدا نییە، بەڵام مووچە وەردەگرن. ئەوانە له رێگه‌ی (پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من) و بە ئامێرەکانی ATM مووچه‌كانیان وه‌رده‌گرن.

بەپێی ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی هەریمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینی شارستانی، خاوەنپێداویستیی تایبەت، زیندانیانی سیاسی، بەرکەوتووانی کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت، تیمی (هەژماری من) دەڵێت: "فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە و تەندروستی کە لە هەژماری من تۆمارکراون، ئەمڕۆ دوای گەیشتنی نامەی ئاگادارکردنەوە، دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن."


چیرۆکی ناردنی مووچەی مانگی نیسان 

رۆژی هیوا جەمال بەدواداچوونی وردی بۆ ناردنی مووجە کردووە، لە درێژەی بەرنامەکەیدا، هیوا جەمال، ئەوەی خستەڕوو ئەو کە چۆن وەزیری دارایی ئاماژەی بۆ ناردنی مووچەی مانگی چوار داوە و چارەنووسی مووچەی مانگی پێنج چییە. 
چوارشەممەی رابردوو لەوکاتەی مەسروور بارزانی بەشداری لە پرسەی کوڕەکەی ئەیاد عەلای کردووە پێێان گوطوە کیشە بۆ موچەی مانگی چوار دروست دەکەن، دەبێت خۆت قسەی تێدا بکەیت.

سەرۆکوەزیران بە د، فوئادی گوتووە لەگەڵ سوودانی قسە بکات و نابێت موچە دوا بکەوێت، هەر ئەو ئێوارەیە قسە لەگەڵ سوودانی کردووە، هەر ئەوکات گوتوویانە هەندێ لیمان بووەستن، هەفتەی دهاتوو مووچە دەنێرین.

پاشان رۆژی یەکشەممە پاش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، فوئاد حوسین و خالید شوانی جارێکی دیکە هاتونەوە سەر خەت، لەگەڵ سوودانی قسەیان کردووەتەوە کە مووچە کێشەی بۆ دروست نەکرێت و بنێردرێت.

درێژەی بابەتەکە لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال ببیستە. 


محەممەد رەقیبئۆغڵو: ئەم مانگە چارەنووسی پەکەکە یەکلایی دەکرێتەوە

بابەتێک دیکەی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، پێکهاتووە لە تاوتوێکردنی پرۆسەی ئاشتی و خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە. 

محەممەد رەقیبئۆغڵو، مامۆستای زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی مێردین، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، باسی لەوە کرد کە پرۆسەیەکە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ سەردەمێکی نوێ، ئەو شرۆڤەکارە باسی لەوە کرد "ئەم مانگە چارەنووسی چەکداران و چەکی پەکەکە یەکلایی دەکرێتەوە". 

خشتەی کارەکانی چوارشەممەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە سێشەممە سەردانی سعوودیەی کرد، ئەمرۆ رۆژێکی پڕ کۆبوونەوەی هەیە، هیوا جەمال لە بەرنامەکەیدا خشتەی کارەکانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترەمپی خستەڕوو کە بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو دەکات و پاشان بەرەو ئیمارات بەڕێدەکەوێت، هەر ئەمشەو دەگاتە قەتەر.

ئەمرۆ دۆناڵ ترەمپ 12 کاژێری تەواو لە کاردا دەبێت، خشتەی کارەکانی لە کاژێر 10ی بەیانیی دەستپێدەکات تاوەکو 10ی شەو بەردەوام دەبێت.

گەنجێکی کورد دەبێتە فڕۆکەوان لە هێڵێکی ئاسمانیی ئەمریکی

سیپان محەممەد میکائیل، گەنجێکی تەمەن 26 ساڵانی خەڵکی دهۆکە، خێزانەکەی لە 2016ـەوە چوونەتە ئەمریکا. سیپان دەرفەتی ئەوەی هەبووە فرۆکەوانی بخوێنێت و وەک خۆی دەڵێت، ئێستا فرۆکەوانێکی سەرکەوتووە و لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی کار دەکات. 

سیپان محەممەد، میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، باسی لە چیرۆکی خۆی کرد و رایگەیاند "2023 توانیویەتی دوو بڕوانامەی بواری فرۆکەوانی بەدەستبهێنێت". 

ئەو فڕۆکەوانە کوردە روونیکردەوە کەوا "دەتوانم هەموو جۆرەکانی فڕۆکە بفڕێنم و تاوەکو ئێستا لەگەڵ چوار کۆمپانیای نێودەوڵەتی فڕۆکەوانیی ئەمریکی کارم کردووە و زیاتر لە 2500 کاژێر فڕینم تۆمار کردووە". 


لە بەغدا سێ لووتکە لە یەک رۆژدا بەڕێوەدەچن

لەگەڵ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، دوو لوتکەی دیکە بەڕێوە دەچن. شارەکە رۆژی شەممەی داهاتوو زۆرترین جموجۆڵی تێدا دەبێت.

لوتکەکانی شەممەی داهاتوو، 17ی ئەم مانگە، لە بەغدا بریتین لە: لوتکەی وڵاتانی عەرەبی، لوتکەی گەشەپێدانی وڵاتانی عەرەبی، و لوتکەی سێقۆڵیی عێراق، ئوردن و میسر.


رۆژی هیوا جەمال 

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).