زانیاری لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران
چالاکڤانێکی غەززە لە بەرنامەی ( رۆژی هیوا جەمال) زانیاریی ورد لەسەر دۆخی مرۆیی کەرتەکەیان دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات، "غەززە لە لێواری کارەساتێکی گەورەی مرۆییدایە بەهۆی برسییەتی". ئاماژە بەوەش دەکات "خەڵکی غەززە دەستیان ناگاتە خۆراک و پێداویستی مرۆیی رۆژانە".
لە بەرنامەکەدا هەروەها مژارەکانی لووتکەی عەرەبی، سوپرایزی لووتکەکە باس کران.
هەروەها باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ژیریی دەستکرد و ئامرازەکانی گەڕان لەنێو ژیریی دەسکرد کرا.
بابەتێکی دیکەی گرنگ کە رۆژی هیوا جەمال لەسەری وەستا، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئێران.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەچێتە ئێران، لە کۆڕبەندێکدا بەشدار دەبێ. محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەردانی تاران دەکات.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە (کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران) کە لە لایەن (ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتی)ی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێک دەخرێ.
کۆڕبەندەکە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بەڕێوەدەچێت.
سوپرایزی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا
ئەمڕۆ شەممە 17-5-2025 لوتکەی کۆمکاری عەرەبیی لە بەغدا ساز دەکرێت، زۆرینەی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبیی بەشداریی ناکەن، سوپرایزی لوتکەکە محەممەد بن سەلمانە، هەمووان چاوەڕێن بەشداریی بکات.
ئەمڕۆ سی و چوارەمین گەڕی لوتکەی کۆمکاریی عەرەبیی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، تاوەکو ئەم بەیانییە بە عێراقەوە سەرۆک و پادشانی هەشت وڵات بەڵینی بەشداریکردنیان داوە، سوپرایزی لوتکەکە محەممەد بن سەلمانە، چاوەڕێ دەکەن بەشداریی بکات بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رۆژی هیوا جەمال، ئەو سەرۆکانەی دڵنیابوونەتەوە کە بەشداریی لوتکەکە دەکەن، سەرۆکی میسر، شای ئوردن، سەرۆکی بەحرەین، فەلەستین، سۆماڵ و سوودان و ئەگەری یەمەن هەیە، ئەوەی چاوەڕێ دەکرێ بەشداریی بکات، جێنشنی سعودیەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان هەندێ لە وڵاتان عێراقیان ئاگەدارکردووەتەوە کە لەسەر ئاستی سەرۆکی وڵاتەکەیان بەشداریی ناکەن، وەکو لیبیا، جەزائیر، تونس، مەغریب، سوریا، کوەیت و عومان.
هیوا جەمال لە بەرنامەکەیدا پرۆژەبڕیاری پیشنیازکراوی کۆمکاری عەرەبیی بە گرافیک بڵاوکردەوە.. بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێوە سەر بەرنامەکە.
ئەمریکا خەڵکی غەززە دەنێرێتە لیبیا
بەگوێرەی پلانێکی ئیدارەی ترەمپ نزیکەی یەک ملیۆن لە خەڵکی غەزە دەنێردرێنە لیبیا، پلانەکە سەربگرێت ملیاران دۆلاری لیبیی ئازاد دەبێت.
تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکا لە زاری پێنج سەرچاوەی ئاگادارەوە گواستییەوە، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، کار لەسەر پلانێک دەکات بۆ گواستنەوەی نزیکەی یەک ملیۆن فەڵەستینی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە کەرتی غەززەوە بۆ لیبیا.
پلانەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئیدارەکە لەگەڵ سەرکردایەتی لیبیا گفتوگۆی لەسەر کردووە، بەگوێرەی پلانەکە لە بەرامبەر نیشتەجێکردنەوەی فەڵەستینییەکان، ئەگەری هەیە ئیدارەی ئەمریکا ملیاران دۆلار لە پارەی لیبیا ئازاد بکات کە ئەمریکا زیاتر لە دە ساڵە سڕی کردووە.
چالاکڤانێکی غەززە: نرخی یەک کیلۆ ئارد 60 دۆلاری تێپەڕاندووە
بەهۆی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە، دۆخی مرۆیی لەوپەڕی خراپیدایە و هەزاران کەس بۆ دەستکەوتنی ژەمێک نانی خێرخوازی لە نۆرەیەکی دوور و درێژ دەوەستن، چالاکڤانێک لە رۆژی هیوا جەمال، باس لە خراپیی دۆخەکە دەکات.
ئەنەس ئاغا، چالاکڤانێکی دانیشتووی کەرتەکەیە، باسی لەوە کرد "ئێستا هیچ خۆراک و پێداویستی ناگاتە غەززە، دۆخەکە لەوپەڕی خراپیدایە". ئاماژەی بەوەش کرد "نرخی یەک کیلۆ ئارد 60 دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەها کیلۆیەک برنج بە زیاتر لە 30 دۆلارە".
ئەو چالاکڤانەی غەززە هۆشداری دەدات "ئەگەر چارەسەرێکی ئەو دۆخە نەکرێت، کەرتی غەززە لە لێواری کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و جینۆسایدێک دایە بەهۆی برسیبوونی خەڵک، تەنانەت رێکخراوە خێرخوازییەکانیش ناتوانن هیچ شتێک بگەیەنن".
درێژەی هەڤپەیڤینەکە لە بەرنامەی هیوا جەمال ببینە.
نوێترین کێشە بۆ ژیری دەستکرد دروست دەبێت
چاتبۆتی گرۆک(Grok) لە تۆری ئێکس کێشەی بۆ دروسکرا، بەهۆی پێدانی زانیاری هەڵە لەبارەی سپیپێستەکانی ئەفریقای باشوور کە گوایە رووبەرووی جینۆساید بوونەتەوە.
کۆمپانیاکەی ژیری دەستکردی ئیلۆن مەسک دەڵێت؛ بە بی مۆڵەت دەستکارییەکی چاتبۆتەکە کراوە و زانیاریی هەڵەيی پێدراوە. لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس (X) کە مەسک خاوەندارێتی دەکات، کۆمپانیای ئێکس ئەی ئای (xAI) رایگەیاند رێوشوێنی نوێ دەگیرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کارمەندەکانی ناتوانن رەفتاری بۆتەکە بگۆڕن بەبێ چاودێری زیاتر.
ساهیرە سدیق: پێدانی زانیاریی هەڵە ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم ژیریی دەستکردە
ساهیرە سدیق، بەڕێوەبەری تەکنیکی رووداو دیجیتاڵ، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، ئاماژەی بەوە کرد پێدانی زانیاریی هەڵە بە بۆتەکانی ژیریی دەستکرد، یەکێکە لە ئاڵنگارییە گەورەکانی بەردەم ژیریی دەستکرد و رەنگە بە شێوەی هەڵە ئاراستە بکرێن".
دوای گەشەکردنی ژیریی دەستکرد، چەندین ئامراز و مۆدێلی ژیریی دەستکرد بڵاوکراونەتەوە و ئێستا وەک ئامرازێک بۆ گەڕان بەکاردەهێنرێن، بەشێکیان خەریکە دەبنە شوێنگرەوەی گووگڵ و بەکارهێنەران بۆ گەڕانەکانیان بەکاری دەهێنن.
ساهیرە سدیق ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد، پشتیوانی لە زمانی کوردی دەکەن و گەڕانیان بە زمانی کوردی بەردەستە، تەنیا "کۆمپانیای مێتا پشتیوانی لەوە نەکردووە و بە کوردی ناتوانی گەڕانی تێدا بکەیت".
وێنەیەک ترەمپ تووڕە دەکات
لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کەنار دەریا ترەمپ تووڕە بووە، دەڵێت هانی کوشتنم دەدات، نیوەی حکومەت هاتوونە سەرخەت، بەڕێوەبەری پێشووتری ئێف بی ئای رووبەرووی لێکۆڵینەوە دەکەنەوە، جەیمس کۆمی وێنەکەی سڕییەوە و دەڵێت نەمزانی.
کۆمی کە لەسەر دەریا وێنەیەکی بە ژمارە 8647 کێشاوە، ترەمپی تووڕە کردووە، بە هەڕەشەیەک و ئاماژەیەک بۆ کوشتنی ترەمپ لێکدراوەتەوە، جەیمس کۆمی ، بەڕێوەبەری پێشووتری ئێف بی ئای، چووتە کەنار دەریا ، هەندێ سەدەفی کۆکردووەتەوە، ژمارە 8647ی دروست کردووە، هەر بە موبایلەکەی وێنەیەکی گرتووە دواتر لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە، لەسەر وێنەکە نوسیویەتی "شێوەیەکی جوانی سەدەفەکان لەکاتی پیاسەکردنم لە کەنەر دەریا".
وردەکاریی زیاتر لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال ببینە
ئەنجلینا جولی دەگەڕێتەوە کان
هەواڵێکی دیکەی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، تایبەتە بە دەرکەوتنی ئەنجلینا جولی، ئەکتەری ئەمریکی لەسەر فەرشی سووری 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان.
ئەنجلینا جولی، ئەکتەری ئەمریکی بە پۆشاکی کرێمی، قژێکی زەرد، ملوانەکە و جووتێک گوارەی ئەڵماسی سادە، چووە فێستیڤاڵەکە.
هەرچەند ئەنجیلینا جۆلی ئەمساڵ بە هیچ فیلمێک لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار نەبووە، بەڵام بۆ بینینی فیلمی "ئێدنتن" ئامادەبوو.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).