رۆژی هیوا جەمال؛ نهێنیی پشت رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە

19 January 2025
رۆژی هیوا جەمال؛ نهێنیی پشت رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە

بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) یەکشەممە 19-1-2024 چەند تەوەرێکی خستەڕوو، لەنێویاندا بڵاوکردنەوەی نهێنیی پشت ئاگربەستی غەززە، کە نوێنەری ترەمپ چووەتە ئیسرائیل و گوشاری لە ئیسرائیل کردووە بۆ رێککەوتن. 
هەر لەو بەرنامەیە، داتاکانی پەیوەست بە زیانەکانی ئیسرائیل و حەماس، زیانە گیانی و مرۆییەکان بڵاوکرایەوە. 
بابەتێکی دیکەی بەرنامەکە، نێوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بوو بۆ ساڵی 2025


هەمواری یاسای بودجە ناکۆکی لەسەرە

بڕیارە ئەمڕۆ 19-1-2024  ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو بەشەی هەمواری یاسای بودجە بدات کە تایبەتە بە کرێی کۆمپانیاکانی نەوتی کوردستان، بەڵام هێشتا ناکۆکیی لەسەرە، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتە، تاوەکو نەگەنە رێکەوتن دەنگی لەسەر نادرێت.

بەرلەوەی دانیشتنی پەرلەمان دەستپێبکات، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ بەیانی جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، گفتوگۆی هەمواری یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، دوێنێ گفتوگۆکان درێژەیان کێشا، نەگەیشتنە ئەنجام بۆ دەنگدانی لیژنەی دارایی لەسەر هەموارەکە.

بە گوتەی نەرمین مەعرووف، ئەندامی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنەکانی رابردوو خشتەکانی بودجە گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە، ئەگەر ئەمڕۆ لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر هەموارەکە بدەن ئینجا لە دانیشتنی پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە.


نهێنیی ئاگربەستەکەی غەززە

ئێوارەی 10ی ئەم مانگەیە و رۆژی هەینییە، ستیڤن ویتکۆف، نێردراوی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دەوحەیە، پایتەختی قەتەر.

بە فەرمانی ترەمپ، تەلەفۆنەکەی دەردەهێنێ و قسە لەگەڵ تیمەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات و پێیان دەڵێ، "وا بەرەو ئیسرائیل بەڕێدەکەوم بۆ بینینی نەتەنیاهوو دێم".
جەماعەتی نەتەنیاهوو پێی دەڵێن، "سبەی شەممەیە و پشوومانە، تەنیا ئەوکاتە دەتوانی سەرۆکوەزیران ببینی کە پشوومان تەواو دەبێت".

مەبەستیان لە دووشەممە و سێشەممە بووە.

ویتکۆف بە دوو وشە وەڵامیان دەداتەوە، "سبەی دەیبینم".

ستیڤن ویتکۆف پیاوێکی 67 ساڵانی ملیاردێرە، پارێزەر و وەبەرهێنەریشە، رەفیقی نزیکی ترەمپە هەر بۆیە وەکو نێردەی خۆی بۆ ئەم ناوچەیە دیاریکردووە.

بەپێی بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەی ویتکۆف و نەتەنیاهوو "دیدارێکی تەشەنووجاوی" بووە. پەیامی تووند و بێ ئەملاولای ترەمپی پێ گەیاندووە کە دەیەوێ بەر لەوەی بچێتە کۆشکی سپی لە 20ی ئەم مانگە، هەر چۆنێک بووە ئاگربەست لەگەڵ حەماس رابگەیێنن و بارمتەکان ئازاد بکرێن.

نەداڤ ئەیال، رۆژنامەڤانێکی نێوداری ئیسرائیلیە و لە کەناڵ 13 نزیکە، دەڵێ، نەتەنیاهوو و تیمەکەی گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە نابێ لەبەردەم ترەمپدا بووەستن و هەر لە ئێستاوە ئیدارە نوێیەکەی ئەمریکا لە خۆیان تووڕە بکەن. بۆیە ئەگەر بە نابەدڵیش بووبێ، بڕیاری ئاگربەستیان دا.


زیانەکانی حەماس و ئیسرائیل

بەهۆی 15 مانگ شەڕەوە بە دەیان هەزار خەڵکی سڤیل لە هەردوولا کوژراون، هەزاران باڵەخانە و ماڵ رووخاون، بە ملیۆنان ئاوارەبوون و بە ملیاران دۆلار زیانیان پێگەشتووە.

هیوا جەمال بە گرافیک، تەواوەی ئامارەکانی زیانەکانی شەڕ، هەروەها نێوەرۆکی ئاگربەستەکەی خستەڕوو. 

ئەنەس ئاغا، کە چالاکڤانێکی خەڵکی غەززەیە، بە رێگەی تەلەفۆن میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، روونیکردەوە "دانیشتووانی غەززە هیوایەکی زۆریان بۆ دروست بووە لەباریە ئاگربەستەوە". 

ئەو چالاکڤانە کە لە غەززە دادەنیشێت، رایگەیاند "شتێک نەماوە بەناوی غەززە، هەمووی وێرانکراوە، بەڵام خەڵک دەیانەوێت بگەڕێنەوە و شارەکەیان بنیات بنێنەوە، ژیانی ئاوارەیی سەختە، ئاوارەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە نێو خانووە کاولبووەکانیان". 

داواشیکرد، "سازش بکرێت لەپێناو کۆتاییهێنان بە شەڕ و کۆمەڵکوژی و گەڕاندنەوەی ئارامی". 



سوبحی رەشاڤەیی: پزیشکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان پشتگوێ خراون

پەرتووکێکی نوێ لە دهۆک بەشێوەزاری بادینی بڵاوبووەوە، ژیان 
و کاری سەردەمی شۆڕشەکانی گوڵان و ئەیلوولی دەیان پزیشکی هەردوو شۆڕشەکە دەگێڕێتەوە. 

نووسەری کتێبەکە دەڵێت، "وەکو پیویست هاوکاریی پزیشکانی شۆڕش نەکراوە". ئاماژە بەوەش دەکات "خانەنشینیی پزیشکانی شۆڕش کەمە، هەندێکیان هەر تۆمار نەکراون." 

پەرتووکەکە لەژێر نێونیشانی "نۆشدارێن چیا" بڵاوبووەتەوە، سوبحی عوبەیدوڵڵا رەشاڤەیی نووسیویەتی. ئەو لە پێشەکیی کتێبەکەدا دەڵێت "لەبەرئەوەی پزیشکانی شۆڕش وەکو زۆربەی پێشمەرگەکانی دیکە مەغدوور بوون، لە رووی مادی و مەعنەوی هەر لەبەرئەوەیە ویستوومە بەم کتێبە هەندێ لە ماندوبوونیان کەم بکەمەوە".

یەکشەممە 19-1-2024 سوبحی عوبەیدوڵڵا رەشاڤەیی میوانی رۆژی هیوا جەمال بوو، ئامارێکی لەبارەی پزیشکانی شۆڕش بۆ رووداو ئاشکرا کرد و رایگەیاند " پزیشکانی شۆڕشی ئەیلوول، 62 کەس بوون، 39 کەس کۆچی دواییان کردووە و 29 کەس لە ژیاندا ماون. هەروەها پزیشکانی شۆڕشی گوڵان، 121 پزیشک بوون، 14 کۆچی دواییان کردووە و 107 ماون". گوتیشی "لەکۆی 183 شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، 12 پزیشک ئافرەت بوون". 

فاکت چێکی هاوژینەکەی ئەحمەد شەرع

وێنەیەکی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئیدارەی نوێێ سووریا و ئافرەتێک بڵاوبووەتەوە، نووسراوە هاوژینی ئەحمەد شەرعە. ئافرەتەکە وەکو لە وێنەکەدا دیارە سەرتاپای داپۆشراوە، تەنیا چاوەکان دیارن.

بەشی فاکت چێکی رۆژی هیوا جەمال دەڵێت، وێنەکە راستە، بەڵام زانیارییەکە هەڵەیە، ئەوە هاوژینی ئەحمەد شەرع نییە.

ئەی راستییەکە چییە؟ راستییەکەی ئەوەیە، ئەو ئافرەتە ناوی ئالا مستەفا عەلییە، شاعیرە و خەڵکی حەلەبە.

چیرۆکی وێنەکە چییە؟

ئافرەتەکە لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و ئەدیبی سووریا، رۆژی 15ی مانگ سەردانی ئەحمەد شەرعیان کردووە، ئەوانە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون، ئالا یەکێک بووە لەو شاندە.