تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە و جیهان بەرەنگاری گێچەڵی دیجیتاڵی دەبێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025، بەرنامەی (ڕۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، بە دۆسیەی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان دەستیپێکرد. جیهان بە رەنگی پرتەقاڵی رووبەڕووی "گێچەڵی دیجیتاڵی" دەبێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش ئامارەکان دڵخۆشکەرن. لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، ئاشکرا کرا کە هەولێر لە پلەی یەکەمی تووندوتیژی دایە، بەڵام رێژەکە لە چوار ساڵدا 25% دابەزیوە. هاوکات پرسەکانی دیکەی وەک کێشەی کارەبا، ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ هەڵمەتی 16 رۆژە تاوتوێ کران.لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، باسی دیدری لیژنەی کۆمیسیۆنی چارەسەری لەگەڵ ئۆجەلان و قەیرانی پسیبوونی هەوای ورمێ کرا.
عەقید سەفین تاهیر: تووندوتیژی لە هەولێر کەمبووەتەوە
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەکەدا ئاشکرای کرد کە ئەگەرچی هەولێر لە پلەی یەکەمدایە، بەڵام لە چوار ساڵی رابردوودا ئامارەکان دابەزیون. عەقید سەفین گوتی: "ساڵی 2022 زیاتر لە 4 هەزار حاڵەتمان هەبوو، بەڵام لە 10 مانگی ئەمساڵدا دابەزیوە بۆ 2647 حاڵەت". ناوبراو هۆشداریدا کە جۆری تووندوتیژی گۆڕاوە بۆ "دیجیتاڵی" و ئاپەکانی وەک سناپچات و ئینستاگرام بوونەتە هۆکاری سەرەکیی کێشە خێزانییەکان. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەدان خێزان لە رێگەی لیژنەی ئاشتەواییەوە کێشەکانیان چارەسەر کراوە و نەچوونەتە دادگا.
جیهان بە رەنگی پرتەقاڵی رووبەڕووی "گێچەڵی دیجیتاڵی" دەبێتەوە
ئەمڕۆ 25ی نۆڤەمبەر، جیهان رەنگی پرتەقاڵی دەپۆشێت و هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان بە دروشمی "گێچەڵی دیجیتاڵی و مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد" دەستپێدەکات. بەپێی ئامارەکان، 1.8 ملیار ژن لە جیهاندا هیچ پارێزبەندییەکی یاساییان نییە بەرامبەر گێچەڵی ئەلیکترۆنی. لە هەرێمی کوردستانیش، ساڵی رابردوو زیاتر لە 13 هەزار حاڵەت تۆمار کراون، بەڵام ئەمساڵ گێچەڵی ئەلیکترۆنی لە هەولێر بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
کارەبا کێشەی تەکنیکی هەیە؛ "بەمزووانە چارەسەر دەبێت"
ماوەی هەفتەیەکە تەزووی کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەپچڕێت. بەرپرسانی کارەبا لە هەولێر و سلێمانی روونیان کردەوە کە کێشەکە تەکنیکییە و پەیوەندی بە سیستەمەکەوە هەیە بۆ رێگری لە "کوژاندنەوەی گشتی". بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر دڵنیایی دا کە لەم رۆژانەدا کێشەکە چارەسەر دەکرێت. هاوکات لە دهۆک 320 ملیار دینار قەرزی کارەبا لای خەڵکە و بەکارهێنانی وزەی خۆر زیادی کردووە.
هەوای پیس 11 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان دادەپۆشێت
بەهۆی پیسبوونی مەترسیداری هەوا و زیادبوونی گەردیلە زیانبەخشەکان، ئەمڕۆ سێشەممە لە 11 شاری پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان (قوتابخانە، زانکۆ و بەشێک لە فەرمانگەکان) کرانە پشوو. بەرپرسان هۆشداری دەدەن دۆخەکە بۆ منداڵان و نەخۆشەکان مەترسیدارە و شەپۆلەکە تاران و تەورێزیشی گرتووەتەوە.
ئێران پانێڵێک لەبارەی مافی کورد و نەتەوەکان رێکدەخات
بۆ یەکەمجار، ئێران لە جنێڤ پانێڵێک لەبارەی مافی پێکهاتەکان رێکدەخات و بڕیارە پێنج نوێنەری کورد و بەلوچ قسە بکەن. چالاکوانانی کورد رەخنە دەگرن و دەڵێن ئامانج لێی "سپیکردنەوەی پێشێلکارییەکانە" و حکومەت دەیەوێت لە زاری کەسانی سەر بە خۆیەوە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رەتبکاتەوە.
پەرلەمانی تورکیا: دیدارەکەمان لەگەڵ ئۆجەلان زۆر ئەرێنی بوو
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، شاندێکی فەرمیی پەرلەمانی تورکیا سەردانی زیندانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمان رایگەیاند کە دیدارەکە "زۆر ئەرێنی" بووە و لێدوانی ورد لە ئۆجەلان وەرگیراوە سەبارەت بە ئاشتی، چەکدانان و دۆخی سووریا. پەرلەمانتارێکی دەم پارتی هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی مەرجەکانی بۆ سەرۆکوەزیران دیاری دەکات
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەیەکدا لە ماڵی هادی عامری، مەرجەکانی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دیاری کرد و جەختی لە "لێهاتوویی و دەستپاکی" کردەوە. تاوەکو ئێستا 9 بەربژێر، لەنێویاندا مالیکی و سوودانی، کێبڕکێ دەکەن. دەوڵەتی یاسا دەڵێت تەنیا بەربژێریان مالیکییە و بەدر دەڵێت تەنیا عامری دەبێت.
لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی 2.5 ترلیۆن دینار دەستپێدەکات
دەستەی دەستپاکی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد لە دەنگۆی دیارنەمانی 2.5 ترلیۆن دیناری سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی. وەزارەتی کار دەڵێت پارەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە راکێشراوە، بەڵام دارایی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت هەژمارەکەی سڕ کردووە.
هەڵمەتێکی ئەمنی لە بەغدا؛ بازرگانیکردن بە کچان و باندی ئاژاوەگێڕ
هێزە ئەمنییەکانی بەغدا لە دوو ئۆپەراسیۆندا، تۆڕێکی 7 کەسییان دەستگیر کرد کە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە کچانیان هەڵخەڵەتاندووە بۆ بازرگانیکردن پێیانەوە و 5 قوربانییان رزگار کرد. هەروەها باندێکیان هەڵوەشاندەوە کە بەناوی سەرۆک هۆزەکانەوە هەڕەشەیان لە خەڵک دەکرد بۆ پارەوەرگرتن.
ئەمڕۆ لە کەرکووک و پارێزگا شیعەنشینەکان پشووە
بەهۆی ساڵیادی کۆچی دوایی فاتیمەی زەهرا، کچی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، ئەمڕۆ سێشەممە لە کەرکووک و زۆربەی پارێزگا شیعەنشینەکانی عێراق (وەک بەغدا، نەجەف و بەسرە) پشووی فەرمییە. لەبەرامبەردا، لە پارێزگا سوننەنشینەکان و هەرێمی کوردستان دەوام ئاساییە. فاتیمەی زەهرا لەلای شیعەکان وەک شەهید سەیر دەکرێت و ساڵانە مەراسیمی "ڕۆژانی فاتیمییە" بۆی ئەنجام دەدرێت.
رۆژی هیوا جەمال
شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.
لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە.
دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).