وەزارەتی گواستنەوە هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت

26 November 2025
وەزارەتی گواستنەوە هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت

یەکگرتوو دەستپێشخەرییەک بۆ یەکگرتوویی کورد رادەگەیێنێت و وەزارەتی گواستنەوەش هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمەڵێک پرسی گرنگی نێوخۆیی و جیهانیی خستەڕوو. لە سەرووی هەموویانەوە، دەستپێشخەرییە نوێیەکەی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد و دیاریکردنی "هێڵی سوور" بۆ بەغدا، هاوکات بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنەوە لەسەر پەخشی نایاسایی کەناڵەکان. لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی کردەوە، پەرلەمانی تورکیا وردەکاریی دیدارە مێژووییەکەی ئیمراڵی ئاشکرا دەکات و ترەمپیش موژدەی نزیکبوونەوەی کۆتایی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەدات.

یەکگرتوو نەخشەڕێگایەک بۆ "یەکخستنی ماڵی کورد لە بەغدا" و دروستکردنی "چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کوردی" رادەگەیەنێت

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەرنامەکەدا وردەکاریی دەستپێشخەرییەکی نوێی حیزبەکەی بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد لە بەغدا ئاشکرا کرد. د. سەڵاحەدین بابەکر رایگەیاند، پڕۆژەکەیان کە لە ١٠ لاپەڕە پێکهاتووە، داوای پێکهێنانی "چوارچێوەیەکی هاوئاهەنگیی کوردی" دەکات بۆ ئەوەی هاوشێوەی لایەنە شیعە و سوننەکان، کوردیش بە یەک دەنگ بچێتە بەغدا.

ئەمڕۆ دوو شاندی باڵای یەکگرتوو لە هەولێر و سلێمانی سەردانی سەرجەم لایەنە براوەکان (پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و هەڵوێست) دەکەن. د. سەڵاحەدین گوتی: "داوا دەکەین لیژنەیەکی باڵای مەکتەبی سیاسیی لایەنەکان پێکبهێنرێت بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی هاوبەش".
سەبارەت بە بەشداری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی یەکگرتوو گوتی: "ئەگەرچی بڕیارمان ئۆپۆزیسیۆن بوونە، بەڵام دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە و دەمانەوێت ببینە بەشێک لە چارەسەر". هەروەها جەختی کردەوە کە پەیوەندییان بە "ئیخوان موسلیمین"ـەوە نییە و حیزبێکی کوردستانیی سەربەخۆن.

وەزارەتی گواستنەوە: مانگێک مۆڵەت بۆ راگرتنی پەخشی نایاسایی (beIN Sports)

بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە، هۆشداری دایە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت کە دەبێت کۆتایی بە بردنی پەخشی کەناڵەکانی بین سپۆرت بهێنن. د. جەمال ئەحمەد لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، لەسەر داواکاری فەرمیی گرووپی بین سپۆرت، بڕیاریانداوە فلتەر بخەنە سەر ئەو ئایپی ئەدرێسانەی بەبێ مۆڵەت و گرێبەست یارییەکان دەگوازنەوە.
د. جەمال گوتی: "ماوەی یەک مانگمان وەک مۆڵەت دیاری کردووە بۆ کۆمپانیاکان. ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتییە و پەیوەندی بە هاووڵاتییانەوە نییە، بەڵکو کۆمپانیاکان دەبێت خۆیان راست بکەنەوە و مۆڵەت وەربگرن". ئاماژەی بەوەش کرد کە لە قەتەر کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بین سپۆرت دەکات بۆ ئاسانکاری لە وەرگرتنی مۆڵەت.

یەکێتی: دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە و پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی ئێمەیە

کاروان گەزنەیی، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، حیزبەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی، بەمەرجێک "هاوبەشی راستەقینە بن لە دۆسیە ئەمنی و داراییەکان". گەزنەیی جەختی کردەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار مافی شەرعیی کورد و پشکی یەکێتییە.


بانکی ناوەندیی عێراق: بڕیاری تووند بۆ ئینفلۆنسەران؛ "هەژمارەکانتان دەخرێتە لیستی مەترسیدار"

بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا هەژماری بانکیی نێودارانی سۆشیال میدیا بخاتە لیستی "مەترسی بەرز". بەپێی بڕیارەکە، دەبێت سەرچاوەی داهات (گرێبەستی ریکلام) ئاشکرا بکرێت و کۆکردنەوەی پارە بۆ خێرخوازی بەبێ مۆڵەت وەک "تەمویلکردنی تیرۆر" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەروەها بەکارهێنانی هەژماری کەسوکار بۆ شاردنەوەی داهات قەدەخە کرا.

فاکت چێک: سەرتاشین بە ژیریی دەستکرد؛ خەیاڵ یان راستی؟

بەشی فاکت چێکی بەرنامەکە ئاشکرای کرد کە ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی باس لە "سەرتاشین بە رۆبۆت و ژیریی دەستکرد" دەکەن لە دوبەی، ساختەن و بە ژیریی دەستکرد دروستکراون. نیشانەکانی وەک شێوانی پەنجەکان و ناڕوونیی رووخساری کەسەکانی دواوە، دەریدەخەن کە دیمەنەکان راستەقینە نین.

ترەمپ: پلانی ئاشتی گۆڕاو نوێنەرەکەم دەچێتە مۆسکۆ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "رێککەوتنی رووسیا و ئۆکراینا نزیکە" و هەفتەی داهاتوو نوێنەری تایبەتی خۆی دەنێرێتە مۆسکۆ. ترەمپ ئاشکرای کرد کە پلانەکەی دەستکاری کراوە و رووسەکان ئامادەن سازش بکەن و زەوی زیاتر داگیر نەکەن، بەڵام هۆشداریدا کە ئەگەر ئۆکراینا ئێستا رێکنەکەوێت، زەوی زیاتر لەدەست دەدات.

نەینەوا جگەرەکێشان لە فەرمانگەکان قەدەخە دەکات

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیاریدا بە تەواوی جگەرەکێشان لە فەرمانگە حکومییەکان قەدەخە بکات. بڕیارەکە فەرمانبەر و هاووڵاتییان دەگرێتەوە و لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی سزای سەرپێچیکاران پێکهێنراوە.

رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 40 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).