رووداوی ئەمڕۆ.. دوای هەڵبژاردن دامەزراندن دەستپێدەکات؟
لە بازاڕی جووتقاوەی شاری کەرکووک، نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" میوانداریی د. ئەحمەد کەرکووکی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پەرلەمانی عێراقی کرد. لەگەڵ ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان و کاسبکارانی بازاڕەکە، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و خواست و نیگەرانییەکانی خەڵکی کەرکووک.
بەرنامەکە، کە لەناو بازاڕی جووتقاوە و لە نزیک قەڵا مێژووییەکەی کەرکووک بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر هۆکارەکانی خۆبەربژێرکردنی د. ئەحمەد کەرکووکی، کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گواستنەوەی کارەکانی لە ئەنجوومەنی پارێزگاوە بۆ پەرلەمانی عێراق، ناوبراو رایگەیاند، "ئێمە ئەم ئیدارەیەی کە دروستمان کردووە، زەحمەتێکی زۆرمان پێوە کێشاوە و ماندووبوونێکی گەورەی لەپشتە. پێویستمان بە کۆمەڵێک نوێنەری بەهێزە لە بەغدا، کە پشتیوانییەکی سیاسی و لۆبییەکی سیاسیی کاریگەر دروست بکەن تاوەکو بتوانین ئەو دەستکەوتانە بپارێزین و مافەکانمان مسۆگەر بکەین."
کەرکووکی، جەختی لەوە کردەوە کە لە بەغدا پێویستیان بە "نوێنەری زمانپاراو و زمانزان، شەهادەدار و دیندار" هەیە. ئەو روونیکردەوە کە ئەم تایبەتمەندییانە گرنگن، چونکە بە گوتەی ئەو، هەندێکجار رکابەرەکان "دین وەکو کارتێک بەکار دەهێنن" بۆ هێرشکردنە سەر کورد، بۆیە پێویستە نوێنەری کورد توانای ئەکادیمی و ئایینیی هەبێت تاوەکو بتوانێت وەڵامیان بداتەوە و بەرگری لە شوناس و مافەکانی گەلەکەی بکات.
سەبارەت بە پرسیاری بوونی وەکو کەسایەتییەکی ئایینی (مەلا) لەناو حیزبێکی وەکو یەکێتی، د. ئەحمەد کەرکووکی گوتی، "خەڵک لە بنەڕەتدا خزمەتگوزاریی دەوێت و بەدوای ژیانێکی باشتردا دەگەڕێت. بابەتی ئیسلامی و عەلمانی بۆ سیاسەت و خزمەتکردن گرنگ نییە. ئێمە ناچین بۆ شەڕی بەدر و ئوحود، ئێمە دەچین بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافی میللەتەکەمان بکەین و خزمەتیان بکەین." یەکێک لە هاونیشتمانییانیش پشتگیریی لەم بۆچوونە کرد و گوتی، "من ئەگەر دەنگ بدەم، بۆ ئەم شەخسەی دەدەم چونکە باوەڕم پێیەتی. ئەو کەسێکی ئیسلامییە و رێزی لێ دەگرم، من ئیشم بەوە نییە حیزبەکەی عەلمانییە یان نا."
لەناو بازاڕەکەدا، بۆچوونی جیاواز و ناکۆک هەبوون. هاونیشتمانییەک گوتی، "دەنگ نادەین بە کەس، متمانەمان بە هیچ لایەن و کەسێک نییە. ئەزموونمان هەیە و دەزانین کەرکووک هەر هەمان شتە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەر نایەت." د. ئەحمەد کەرکووکی، هۆکاری ئەم بێهیواییەی گەڕاندەوە بۆ "ئەو بەڵێنانەی پێشتر" بە خەڵک دراون و جێبەجێ نەکراون، بەتایبەتی لەبارەی دامەزراندن و هەلی کارەوە. ئەو گوتی، "شەڕکردن لەسەر دامەزراندن و دابینکردنی هەلیکار بۆ هەمووان بە یەکسانی، ئیشی منە. نەک ئەوەی کە تەنیا خزمەکەم و ئامۆزاکەم دابمەزرێنم. بۆ نموونە، خێزانی خۆم لە ساڵی 2016ـەوە دەرچووە و تاوەکو ئێستا دانەمەزراوە."
بەڵام هاونیشتمانییەکی دیکە جەختی لە گرنگیی دەنگدان کردەوە و رایگەیاند، "ئەوەی دەنگ نەدا ستەم لە خۆی و لە شارەکەی دەکات، بەتایبەتی کورد دەبێت بەشداری بکات بۆ پاراستنی پێگەی خۆی." ئەو داوای کرد دەنگ بەو کەسە بدرێت کە "بە کردار کارت بۆ دەکات، دێتە هاناتەوە و لە کاتی تەنگانەدا لە خزمەتدایە."
چەندین هاونیشتمانیی دیکە، بەتایبەتی گەنجان، باسیان لە کێشەی بێکاری و نەبوونی هەلی کار کرد. گەنجێک گوتی، "بڕوانامەی ماستەرم هەیە و سێ ساڵە بێکار دانیشتووم." کەسێکی دیکەش داوای کرد "پشتگیری لە گەنجانی کورد بکرێت و دەرگای دامەزراندن بە روویاندا بکرێتەوە."
لە کۆتاییدا، د. ئەحمەد کەرکووکی، بەڵێنی دا کە ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە کەرکووک دەمێنێتەوە و تەنیا بۆ رۆژانی کۆبوونەوەی پەرلەمان سەردانی بەغدا دەکات. ئەو دووپاتیکردەوە کە دەیەوێت ببێتە "دەنگی راستەقینەی" خەڵکی شارەکەی و لە پەرلەمان شەڕ لەسەر ماف و داواکارییەکانیان بکات.