هیچ پلانێک بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی کەرکووک هەیە؟
یەکێک لە کێشە بنەڕەتی و درێژخایەنەکانی کورد لە پارێزگای کەرکووک، کەمیی بەرچاوی رێژەی فەرمانبەرانیەتی لە دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی گشتیدا، کە بووەتە هۆی هەستکردن بە پەراوێزخستن و نایەکسانی. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەوە لە هەندێک دامەزراوەی گرنگدا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت؛ بۆ نموونە، لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کە یەکێکە لە گرنگترین کۆمپانیاکانی وزە لە عێراق، کورد تەنیا نزیکەی 5%ـی کۆی فەرمانبەران پێکدەهێنێت. بە شێوەیەکی گشتیش، رێژەی فەرمانبەرانی کورد لە تەواوی دامودەزگاکانی شارەکەدا کەمترە لە 25%، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی رێککەوتنە سیاسییەکان و بنەمای پێکەوەژیان، دەبووایە هەموو پێکهاتەیەکی سەرەکی (کورد، عەرەب و تورکمان) رێژەی 32%ـی پۆستە ئیداری و حکومییەکانیان بەرکەوێت.
لەم ئەڵقەیەی "رووداوی ئەمڕۆ" داچەند هاونیشتمانییەکی کورد لە کەرکووک قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و دیدگای خۆیان سەبارەت بە کێشەکان و رەوشی ئێستای شارەکە خستەڕوو. هاونیشتمانییەک بە رووداوی راگەیاند، "ناتەبایی و دووبەرەکیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان هۆکاری سەرەکییە کە وایکردووە نەتوانن خزمەتی خەڵک بکەن و مافە رەواکانیان لە بەغدا بەدەستبهێنن." هاونیشتمانییەکی دیکە رەخنەی توندی لە ئەدای لایەنە کوردییەکان گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت "لە سەردەمی حوکمڕانیی کوردیشدا لە شارەکە، لایەنەکان بەهۆی ململانێی حیزبییەوە نەیانتوانی خشتێک لەسەر خشت دابنێن و پڕۆژەی ستراتیژیی درێژخایەن جێبەجێ بکەن."
هاوکات، هاونیشتمانییەکی بەتەمەن باسی لە رابردووی پێکەوەژیانی شارەکە کرد و گوتی، "کەرکووک لە بنەڕەتدا حەوت گەڕەکی سەرەکی بوو، تێیدا کورد و تورکمان وەکو برا پێکەوە دەژیاین و هیچ جیاوازییەکی نەتەوەیی و ئایینی لەنێوانماندا نەبوو."
زۆربەی ئەو هاونیشتمانیانەی قسەیان بۆ رووداو کرد، کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان کلیلی چارەسەری سەرجەم کێشەکانە. یەکێکیان گوتی، "ئەگەر کورد، تورکمان و کریستیانەکان لە چوارچێوەی بەرەیەکی هاوبەشدا یەکبگرن، زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەبن." هاونیشتمانییەکی دیکەش نیگەرانیی خۆی لە پەرتەوازەیی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا نیشاندا و رایگەیاند، "باشترین دەرفەت بوو کە لایەنە کوردییەکان پێش ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە یەک لیستی هاوبەش دابەزنایە، چونکە ئەو کاتە بێگومان رێژەی بەشداریی دەنگدەران بەرز دەبووەوە و کورسی زیاترمان مسۆگەر دەکرد."
جگە لە پرسی دامەزراندن، کێشەیەکی دیکەی گەورەی کورد لە کەرکووک، پرسی خاوەندارێتیی زەوییە لە ژمارەیەک گەڕەکی کوردنشیندا، کە دانیشتووانەکانیان تاپۆیان نییە و بەردەوام رووبەڕووی هەڕەشەی دەرکردن و لەدەستدانی ماڵ و حاڵیان دەبنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کێشەی زەوزاری هاوشێوە لە رێگەی یاساوە چارەسەر کراوە.
کامیل ساڵەیی، قایمقامی پێشووتری کەرکووک و بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، میوانی سەرەکی بەرنامەکە بوو رایگەیاند کە پلانی "زۆر باش و گشتگیر"ـی بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی شارەکە ئامادە کردووە.
کامیل ساڵەیی، بە رووداوی گوت، "خەڵکی کەرکووک هەستێکی قووڵی پەراوێزخستنیان لا دروست بووە و پێیان وایە وەکو هاووڵاتیی پلە یەک مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت و لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بێبەشن." ناوبراو جەختی کردەوە کە، "چارەسەری بنەڕەتی و ریشەیی بۆ دۆخی کەرکووک لە جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووردایە. تاوەکو ئەو ماددەیە بە قۆناخەکانییەوە جێبەجێ نەکرێت، عێراق بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت."
ساڵەیی، رەخنەی لە کەمتەرخەمیی لایەنە کوردییەکان گرت لەسەر جێبەجێنەکردنی ماددەکە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و گوتی، "خەڵک گلەیی و رەخنەی زۆریان لە ناتەبایی حیزبە کوردییەکان هەیە و بە ئاشکرا دەڵێن، ئەگەر یەک نەگرن و بەرژەوەندیی باڵا لەبەرچاو نەگرن، رەنگە سزایان بدەین و دەنگ نەدەین."
سەبارەت بە کێشەی بێکاریی بەربڵاو لەنێو گەنجاندا، کامیل ساڵەیی ئاماژەی بەوە کرد کە کەرکووک شارێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و "دەتوانرێت لە رێگەی هاندانی کەرتی تایبەت، راکێشانی وەبەرهێنان و کردنەوەی پڕۆژەی گەورە و بچووک، هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان دابین بکرێت."
ئەو بەربژێرەی پارتی جەختی کردەوە کە گەڕانەوەی بارەگاکانی حیزبەکەی بۆ کەرکووک "شتێکی باش بووە و کاریگەریی ئەرێنی هەبووە و خەڵک دڵیان پێی خۆشە"، بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتیکردەوە کە داواکاریی سەرەکیی خەڵک و بنکەی جەماوەریی هەموو لایەنەکان، یەکگرتنی ماڵی کوردە، "چونکە رکابەرەکانمان نیازیان خراپە و سوود لە پەرتەوازەیی ئێمە وەردەگرن."