رێبوار تەها: دەمانەوێت ناوی کەرکووک لە کێشەوە بگۆڕین بۆ جوانی و پێکەوەژیان
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونیدا، تەنیا بۆ ماوەی سێ مانگ بودجەی پترۆدۆلاری لەبەردەست بووە، بەڵام توانیویەتی گۆڕانکاریی گەورە لە بواری خزمەتگوزاری و پڕۆژە ستراتیژییەکاندا بکات و هیوایەک بۆ خەڵکی شارەکە بگەڕێنێتەوە.
رێبوار تەها گوتی: "ئەوەی لەنێو دڵی خەڵکدا لە ئازار و کۆژانەکان بیستوومە، هەوڵمداوە چارەسەری بکەم." ئەو ئاماژەی بەوەدا کە بە گشتی خەڵکی کەرکووک، بە کورد، عەرەب و تورکمانەوە، لە کارەکانی رازین، چونکە ئیدارەکەی خزمەتگوزاریی پێشکێش کردوون و کێشەکانیانی چارەسەر کردووە، نەک موزایەدەی سیاسی.
پارێزگاری کەرکووک، باسی لەوە کرد کە پێشتر شارەکە "بێناز" بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. ئەو گوتی: "خەڵک ئەمڕۆ خزمەتی دەوێت، گەنج کاری دەوێت، خەڵک حەز دەکات شارەکەی جوان و پاک بێت."
رێبوار تەها، ئاماژەی بە چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری کرد، لەوانە دانانی 400 محەویلەی کارەبا لە گەڕەکەکانی سێ کانیانەوە تاوەکو پەنجا عەلی و کۆنکرێتکردنی یەک ملیۆن و 400 هەزار مەتر چوارگۆشە لە کۆڵانەکانی شارەکە لە ماوەی هەشت مانگدا. ئەو گوتی: "ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بین، دوو بۆ سێ ساڵی دیکە کەرکووک لە هەولێر و سلێمانی زۆر جوانتر دەبێت."
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئیدارەی نوێی کەرکووک، بە گوتەی رێبوار تەها، گەڕاندنەوەی کۆمپانیای BPی بەریتانییە بۆ شارەکە.
رێبوار تەها، رایگەیاند: "بە BPم گوت، بینای نوێی پارێزگا چۆڵ دەکەین بۆتان، بەس وەرن لە کەرکووک کار بکەن." بەگوێرەی قسەکانی، BP بۆ ماوەی 25 ساڵ و بە بودجەی 26 ملیار دۆلار لە کەرکووک کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی:
- دروستکردنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجان.
- دروستکردنی کارگەیەکی پترۆکیمیایی، وێستگەیەکی کارەبای 400 مێگاواتی و پاڵاوگەیەک.
- پێدانی 10 ملیۆن دۆلاری ساڵانە بە ئیدارەی خۆجێی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە.
جگە لەوەش، رێبوار تەها باسی لە گرێبەستی دروستکردنی پاڵاوگەیەکی دیکە بە توانای 70 هەزار بەرمیل و دانانی بەردی بناخەی کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە کەرکووک کرد، کە بە هەوڵی خۆی لە بەغداوە گواستوویەتییەوە بۆ کەرکووک. ئەو گوتی: "دەمانەوێت ناوی کەرکووک لە کێشەوە بگۆڕین بۆ جوانی و پێکەوەژیان."
پارێزگاری کەرکووک، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سیاسەتی ئەو لەسەر بنەمای "گوتارێکی نەرم" و دوورکەوتنەوە لە ململانێی نەتەوەیی و حیزبی داڕێژراوە.
رێبوار تەها، گوتی: "نامەوێت کوڕ و کچەکانم لە ململانێی کورد و عەرەب و تورکماندا گەورە بن. 21 ساڵ ململانێی قەومی چیمان دەستکەوت؟" ئەو روونیکردەوە کە وەڵامی ئەو لایەنە سیاسییانە ناداتەوە کە رەخنەی لێدەگرن، بەڵکو لەبری ئەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانیان دەبات.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور، رێبوار تەها رایگەیاند کە دەستیان بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو خێزانانەدا کردووە کە بەهۆی سیاسەتەکانی رژێمی پێشووەوە لە کەرکووک دەرکراون. هەروەها کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمانیشیان چارەسەر کردووە و ئەمساڵ بە نرخی حکومەت گەنمەکەیان لێ وەرگیراوە.
لە کۆتاییدا، رێبوار تەها، دووپاتیکردەوە کە باوەڕی قووڵی بە پێکەوەژیان هەیە و گوتی "ئەمە باشترین رێگایە بۆ ئێمەی کورد" و چارەسەری کێشەکان بەهێزی سەربازی و دەسەڵات ناکرێت، بەڵکو بە خزمەتکردنی هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی دەکرێت.