عەرەب و تورکمان رکابەریی تووندی کورد لە کەرکووک دەکەن

05 November 2025
عەرەب و تورکمان رکابەریی تووندی کورد لە کەرکووک دەکەن

لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، دوو بەربژێری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک لە دوو لیستی جیاواز، دید و بۆچوونی خۆیان لەبارەی دۆخی شارەکە، چارەسەرکردنی کێشەکان و پەیامیان بۆ پێکهاتەکان خستەڕوو

لەم ئەڵقەیەی "رووداوی ئەمڕۆ"دا، کە میوانداریی هەریەک لە ماردین گۆک کایا، بەربژێری لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو، و دکتۆر سەدام مەریر جومەیلی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزمی کرد، هەردوو بەربژێرەکە تیشکیان خستە سەر پرسی هەڵبژاردن، پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، کێشەی بێکاری و شێوازی بەڕێوەبردنی کەرکووک.

ماردین گۆک کایا، بەربژێری لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو، رایگەیاند کە هیواخوازن لەم هەڵبژاردنەدا بە بەراورد بە رابردوو دەنگی زیاتر بەدەستبهێنن، چونکە لیستێکی بەهێزیان هەیە و کاریان بۆ یەکخستنی ماڵی تورکمانی کردووە.

گۆک کایا، ئاماژەی بەوەدا کە لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵیانداوە کێشە نێوخۆییەکانی تورکمان چارەسەر بکەن و سەرۆکێکی نوێیان بۆ بەرەی تورکمانی هەڵبژاردووە. گوتیشی: "پلان و ستراتیژییەکانمان بۆ قۆناخی داهاتوو بوێرتر و کاراتر و میانڕەوترە."

سەبارەت بە داواکاریی خەڵکی کەرکووک، ئەو بەربژێرە تورکمانە باسی لەوە کرد کە هاووڵاتییان لە ناکۆکیی سیاسی بێزاربوون. ئەو پێشنیازی کردووە کە ئەگەر سەرکەوتوو بوو، هەموو نوێنەرانی سەرکەوتووی کەرکووک لە بەغدا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی "لانیکەم خولێک تەنیا و تەنیا بۆ کەرکووک کار بکەین" و خزمەتگوزاری بەبێ جیاوازی بگەیێننە هەموو ناوچەکان.

گۆک کایا، رەخنەی لە گوتاری "تووند و گرژ"ی بەشێک لە سەرکردایەتییە سیاسییەکانی کورد گرت و رایگەیاند کە ئەم جۆرە گوتارانە پێش 16ـی ئۆکتۆبەر زیانی بۆ هەموو لایەک هەبووە. داوایکرد هەموو لایەنەکان خۆیان لە گوتاری توند بەدوور بگرن، چونکە کەرکووک پێویستی بە ئارامی و ئاوەدانی هەیە.

لەبارەی پێکەوەژیانەوە، ناوبراو جەختی لەسەر پێویستیی بوونی "ئیدارە و حوکمڕانییەکی هاوبەش" کردەوە و رایگەیاند کە وەک پێکهاتەی تورکمان لە ئیدارەی ئێستا رازی نین و بایکۆتیان کردووە. گوتیشی: "کاتێک ئێمە لە دەسەڵات بەشدار دەبین، رەنگدانەوەی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانەوە دەبێت، هەر لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە."

بۆ چارەسەرکردنی پرسی بێکاریی گەنجان، گۆک کایا رایگەیاند کە ئامانجیان راکێشانی وەبەرهێنانە بۆ کەرکووک، هاوشێوەی هەولێر، و داوای لە گەنجان کرد کە تەنیا پشت بە دامەزراندن نەبەستن و لە پارێزگاکانی دیکەش بەدوای هەلی کاردا بگەڕێن.

میوانێکی دیکەی رووداوی ئەمڕۆ دکتۆر سەدام مەریر جومەیلی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم و مامۆستای زانکۆ، بوو ئەو هۆکاری هاتنە نێو کایەی سیاسیی گەڕاندەوە بۆ "ئەرکێکی نیشتمانی" و رایگەیاند کە بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ هەیە لە زانستی سیاسی و یاسادا.

جومەیلی، ئاماژەی بەوەدا کە پێکهاتەی عەرەب لە کەرکووک، بەپێچەوانەی کورد و تورکمان، رێکخستنی حیزبیی تۆکمەی نییە و ئەمەش وایکردووە کۆکردنەوەیان لەژێر یەک دیدگادا ئەستەم بێت. ناوبراو هۆشداری دا لەوەی کە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی "بوومەلەرزەیەکی" لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبیدا دروستکردووە و رەنگە ببێتە هۆی بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن بەشێکی زۆری عەرەبەوە.

ئەو بەربژێرەی هاوپەیمانیی عەزم، باسی لەوە کرد کە گۆڕەپانی سیاسیی عەرەبی لە کەرکووک لەبەردەم "وەرچەرخان"دایە و حیزبە گەورەکانی سوننەی عێراق (وەک عەزم، سیادە و تەقەدووم) سیاسەتی عەرەبی شارەکەیان "قۆرخ کردووە". لەگەڵ ئەوەشدا، پێیوابوو فرەیی باشترە لە قۆرخکاری.

جومەیلی، گلەیی لە سیاسەتڤانە گەورەکانی کەرکووک کرد کە رێکخستنی سیاسیی تایبەت بە شارەکەیان دانەمەزراندووە و گوتی: "کەرکووک عێراقێکی بچووکە و جگە لە رۆڵەی کەرکووکی رەسەن، کەس لەم دەستەواژەیە نازانێت."

سەبارەت بە باشترین شێوازی بەڕێوەبردنی کەرکووک، دکتۆر سەدام جومەیلی پێشنیازی کرد کە شارەکە ببێتە "هەرێمێکی فیدراڵی سەربەخۆ، نە سەر بە هەرێم بێت نە سەر بە بەغدا." بە بڕوای ئەو، ئەمە باشترین رێگەچارەیە بۆ پاراستنی تایبەتمەندیی شارەکە و رێگریکردن لەوەی ببێتە ناوچەی ناکۆکی. ئەو بیرۆکەیەشی بەستەوە بە تێزی دووەم دکتۆراکەی لە ساڵی 2012 و هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێشتر پارێزگاری کۆچکردووی کەرکووک، نەجمەدین کەریم، پشتیوانی لەم بیرۆکەیە کردووە.