شێروان دووبەردانی: گەورەترین کێشە لەنێو شاری موسڵ بوونی حەشدی شەعبییە
لە دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق، نەینەوا، کە خاوەنی 34 کورسیی پەرلەمانییە و ناوچەیەکی جێناکۆکە، کورد رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە بووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی و مسۆگەرکردنی مافەکانی. لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"دا کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، شێروان دووبەردانی، بەربژێری پارتی باسی لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم کورد لە نەینەوا کرد.
شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگای نەینەوا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەیە. ئەو ناوچە کوردستانییانەی کەوتوونەتە ژێر مادەی 140ی دەستوور، وەکو شنگال، قەحتانیە، بەعشیقە و مەخموور، هێشتا جێبەجێ نەکراون. بە گوتەی دووبەردانی، گەورەترین کێشە لەنێو شاری موسڵ بوونی حەشدی شەعبییە کە کۆنترۆڵی زۆرێک لە پۆستەکان و دۆخی ئەمنییان کردووە.
دووبەردانی باسی لەوە کرد، زیاتر لە نیو ملیۆن کوردی ئاوارە هێشتا لە کەمپەکان یان لە دەرەوەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، بەتایبەتی ئاوارەکانی شنگال، بەهۆی ناکۆکییەکان و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگالەوە. جەختی "لەو غەدرە گەورەیە" کردەوە لە کورد کراوە لە بواری هاوسەنگی و پشکەکانیان لە پۆستە حکومی و هێزە ئەمنییەکاندا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورد لە پارێزگای نەینەوا زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە.
ناکۆکییە ناوخۆییەکان و کاریگەرییەکانیان
شێروان دووبەردانی، بە روونی باسی لە کاریگەریی ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی کرد و بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ لاوازبوونی پێگەی کورد لە نەینەوا داینا. ئەو گوتی: "ئەگەر پارتی و یەکێتی لە موسڵ و کەرکووک یەک بن، یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن، ئەوا کورد لە موسڵ زۆر بەهێز دەبێت". بەڵام، بەداخەوە ئێستا یەکێتی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە شیعەکان هاوپەیمانیی کردووە، نەک لەگەڵ کورد، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر مافەکانی کورد لە نەینەوا دروست کردووە.
بازگەکانی حەشدی شەعبی و بێهیواکردنی خەڵک
یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکان بریتییە لە زۆریی بازگەکانی حەشدی شەعبی لەنێو موسڵ و دەشتی نەینەوا. دووبەردانی گوتی: "لەنێو کەمتر لە کیلۆمەترێکدا 10 بازگەی جیاواز هەیە، کە ئەمەش خەڵکی بێزار کردووە و کاریگەریی لەسەر هاتووچۆی دانیشتووان و ئاوارەکان هەیە." سەرەڕای بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بۆ لابردنی ئەو بازگانە، هێشتا کاریگەرییان ماوەتەوە، ئەمەش پرسیار لەسەر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لە موسڵ دروست دەکات.
سەبارەت بە خزمەتگوزاری و دامەزراندن، شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە وەزارەتە سیادییەکان و هێزە ئەمنییەکاندا پشکی کورد زۆر کەمە. ئەو گوتی: "لە زانکۆی موسڵ هیچ سەرۆک یان جێگرێکی کورد نییە، لە هێزە ئەمنییەکانیشدا رێژەی کورد زۆر کەمە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی هەزاران کەسی لە کەرتی تەندروستی، پەروەردە و هێزە ئەمنییەکان دامەزراندووە و بەردەوام لە رێگەی نووسینگە و دیوەخانەکانییەوە لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە.
شێروان دووبەردانی، پەیامێکی ئاراستەی پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسییەکان کرد و جەختی لە پێویستیی یەکگرتوویی کورد کردەوە. ئەو گوتی: "ئەگەر کورد یەک نەبێت، کەس ناتوانێت مافەکانی بپارێزێت."