غەیاس سوورچی: کورد نەگەڕێتەوە نەینەوا کارەسات روودەدات
لە کاتێکدا پارێزگای نەینەوا خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ستراتیژێکی جیاوازتری لە خولەکانی پێشووی گرتووەتەبەر و لە چوارچێوەی "هاوپەیمانیی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا" شانبەشانی دوو حیزبی سوننە بەشداریی رکابەرییەکان دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە لایەنە کوردییەکان جارێکی دیکە بە یەک لیست بەشدارییان نەکردووە و دانیشتووانی کورد لە موسڵ بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دابەشبوونی دەنگەکانیان هەیە.
غەیاس سورچی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا، لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" کە لە شاری موسڵ تۆمارکرا، رایگەیاند، ئامانجیان لەم هاوپەیمانییە ئەوەیە بیسەلمێنن ئەوان نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی نەینەوا دەکەن، نەک تەنیا کورد. ئەو گوتی: "موسڵ عێراقێکی بچووکە و هەموو پێکهاتەکانی تێدایە. ئێمەش کادیر و لایەنگرمان تەنیا کورد نین، بۆیە پێمان باش بوو لەگەڵ دوو حیزبی دیکەی سوننە کە بریتین لە حیزبی (رەفعەی نیشتمانی) و حیزبی (مەسیری نیشتمانی) هاوپەیمانی بکەین."
بە گوتەی غەیاس سوورچی، یەکێکی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانیان، کارکردنە بۆ گەڕانەوەی ئەو کوردانەی ئاوارە بوون و تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە شنگال، مەخموور و دەشتی نەینەوا. سوورچی هۆشداریی دا و گوتی: "دەتوانم بڵێم 15%ی خەڵکی کورد نەگەڕاوەتەوە شوێنی خۆی. ئەگەر ئەم خەڵکە نەگەڕێنەوە، خەڵکی دیکە شوێنیان دەگرنەوە و ئەمەش کارەساتە."
لەبارەی پێشبینییەکانیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن، غەیاس سوورچی ئاماژەی بەوە کرد ئەوان لە هەموو خولەکانی رابردوو دوو کورسییان بەدەستهێناوە و گوتی: "بڕوامان وایە دوو کورسیمان مسۆگەرە و هەوڵ دەدەین بیکەین بە سێ کورسی."
لە لایەکی دیکەوە، دانیشتووانی شاری موسڵ بۆچوونی جیاوازیان لەسەر هەڵبژاردن و دۆخی شارەکە هەیە. بەشێک لە دانیشتووانی موسڵ پێیان وایە دۆخی موسڵ لەڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییەوە باشتر بووە و حەماسی بەشدارییکردنیان لە هەڵبژاردندا هەیە.
هاونیشتمانییەک لە بازاڕی موسڵ بە رووداوی گوت، دابەشبوونی کورد بەسەر چەند لیستێکدا زیانی پێگەیاندوون و گوتی: "ئەگەر کورد یەک بێت، زۆر بەهێزتر دەبێت." بەڵام هاونیشتمانییەکی دیکە کە خۆی وەک لایەنگرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناساند، جەختی لەوە کردەوە ئەوان وەک بنەماڵە "لە باو و باپیرانەوە پارتی بوونە و هەرگیز دەنگ بە لایەنێکی دیکە نادەن." ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی خزمەتی کردوون و هەر کاتێک داواکارییان هەبووبێت، بەرپرسانی حیزبەکە بۆیان جێبەجێ کردووە.
هاووڵاتییەکی دیکەش رایگەیاند، لە موسڵ خەڵک بەپێی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەرژەوەندییەکانیان دەنگ دەدەن و گوتی: "هەیە خزمی عەرەبە و دەنگ بە عەرەب دەدات، هەیە کەسێک کاری بۆ دەکات و دەنگی پێدەدات. لێرە فەرقی نییە کورد بێت یان عەرەب، گرنگ ئەوەیە کارەکانمان بۆ رایی بکات."
بەم شێوەیە، لە کاتێکدا لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە پەرتەوازەیی دەچنە نێو هەڵبژاردنەکانی نەینەواوە، دەنگدەری کوردیش لەم پارێزگایەدا لە نێوان پابەندبوون بە حیزب، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی تاکەکەسیدا دابەش بووە.