هەوڵێک هەیە کورد و سوننە لە نەینەوا هاوپەیمانی پێکبهێنن
پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ئاڵۆزدان کە تێیدا خواستی خەڵک بۆ خزمەتگوزاری و سەقامگیری، لەنێوان ململانێی تووندی هێزە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا گیرساوەتەوە.
بەرنامەی "ڕووداوی ئەمڕۆ - هەڵبژاردن" نوێنەر فاتیح بەدواداچوونێکی وردی بۆ دۆخەکە کرد و تیشکی خستە سەر دۆخی شەقامی موسڵ و شرۆڤەی سیاسیی پسپۆڕان.
گەڕان بەنێو شەقامەکانی موسڵ دا، پەرۆشی و نیگەرانییەکی زۆری دەنگدەرانی دەردەخست. هاووڵاتییان ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم هەڵبژاردنە کێبڕکێیەکی فرەلایەنەیە: لەنێوان هێزە رەسەنەکانی نەینەوا و ئەو لایەنانەی لە دەرەوەی پارێزگاکەوە هاتوون، هەروەها لەنێوان هێزە سوننییەکان و ئەو لایەنە شیعیانەی دەیانەوێت پێگەی خۆیان لەو ناوچەیە بەهێز بکەن.
زۆربەی هاووڵاتییان بە ئاشکرا ستایشی رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد لە رزگارکردنی ناوچەکانیان لە دەستی داعش و دابینکردنی ئاسایش. بەڵام لە هەمان کاتدا، گومانیان لە بەڵێنی بەربژێرەکانی دیکە هەبوو، پێیانوابوو زۆربەیان تەنیا بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیانەوەن.
پرسی ئاوەدانکردنەوە، دابینکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و سەقامگیریی ئەمنی، لە گرنگترین ئەو بابەتانە بوون کە خەڵک باسیان دەکرد. هەندێک لە هاووڵاتییان پشتیوانیی خۆیان بۆ پارێزگاری پێشووی نەینەوا، نەجم جبووری، دەربڕی بەهۆی ئەو کارانەی لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا ئەنجامی دابوون.
لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا، نوێنەر فاتیح میوانداریی د. محەممەد خەسووبی، لێکۆڵینڤان و مامۆستای زانکۆی کرد بۆ شرۆڤەی دۆخە سیاسییەکە. د. خەسووبی رایگەیاند کە دیمەنی سیاسیی نەینەوا دوای ساڵی 2017 و رزگارکردنی لە داعش بە تەواوی گۆڕاوە. بە گوتەی ئەو، لایەنەکانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" بەئاشکرا هەژموونی خۆیان بەسەر پارێزگاکەدا سەپاندووە، ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی سێ هۆکاری سەرەکی: دەسەڵات، پارە و چەک.
د. خەسووبی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هێزانە توانیویانە لەڕێگەی گوشار و بەکارهێنانی هۆزەکانەوە، پێگەی خۆیان بەهێز بکەن و، تەنانەت هەندێک "سەرکردەی سوننی دروستکراو" بهێننە پێشەوە کە لەژێر رکێفی ئەواندا کار دەکەن. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، پرسی دەستکاریکردنی هەڵبژاردن بوو. د. خەسووبی باسی لە دیاردەی کڕینی کارتەکانی دەنگدان کرد و روونیکردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم کارە تەنیا کڕینی دەنگ نییە، بەڵکو بێهواکردنی خەڵک و کەمکردنەوەی رێژەی بەشدارییە تاوەکو ئەو کەسایەتییە نیشتمانی و سەربەخۆیانە دەرنەچن کە ملکەچی ئەجێندا دەرەکییەکان نابن.
هەروەها، باسی لاوازیی دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی کرد لە بەرامبەر هێزی گرووپە چەکدارەکاندا، کە بە ئاسانی یاساکان پێشێل دەکەن و کەس ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
لە کۆتایی دا، گفتوگۆکە لەسەر رۆڵی کورد و پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی نەینەوا چڕ بووەوە. نوێنەر فاتیح ئاماژەی بەو لێکنزیکبوونەوە کۆمەڵایەتییە کرد کە دوای رووداوەکانی داعش لەنێوان کورد و عەرەبی نەینەوا دروست بوو، کاتێک هەرێمی کوردستان دەرگەی بەڕووی سەدان هەزار ئاوارەدا کردەوە. د. خەسووبی داوای کرد کە سەرکردە سوننییە رەسەنەکان هاوپەیمانییەکی ستراتیژی لەگەڵ کورد پێکبهێنن بۆ ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی ئەو هەژموونە دەرەکییە ببنەوە کە بووەتە هۆی گەندەڵی و پەکخستنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەڕێوەبردنی پارێزگاکە بەرەو داهاتوویەکی باشتر.