رووداوی ئەمڕۆ؛ ئاڵای کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک؟
شاهۆ نەجم: کەرکووک پێویستی بە نوێنەری راستەقینە هەیە و دەمانەوێت ئەزموونی هەولێر بگوازینەوە بۆ شارەکە
لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"دا، شاهۆ نەجم کەرکووکی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، رایگەیاند کە خەڵکی کەرکووک لە بەڵێنی بێکردار بێزار بوون و پێویستیان بە "نوێنەر و خەمخۆرێکی راستەقینە" هەیە، جەختیشی کردەوە کە ئامانجیان گواستنەوەی ئەزموونی ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانە بۆ کەرکووک.
شاهۆ نەجم، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات لەنێو شاری کەرکووک، ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی و بەربژێرەکانیان "گڕوتینێکی گەورەی" خستووەتە نێو خەڵکەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. داوای لە دەنگدەران کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستە کوردییەکان بدەن، بەتایبەتی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دروشمی خزمەتکردنی هەڵگرتووە.
سەبارەت بە بەڵێنەکانی پێشووی لایەنەکان، بەربژێرەکەی پارتی گوتی: "ئێمە رۆژانە لەنێو خەڵکداین و گوێمان لەوە دەبێت کە پێشتر بەڵێنی جۆراوجۆر دراوە و جێبەجێ نەکراوە. درۆکردن لەگەڵ خەڵکی شارەکەت باجێکی قورسی هەیە." ئەو روونیکردەوە کە کەرکووک لە رووی خزمەتگوزارییەوە "شارێکی بێنازە" و ئەوان دەیانەوێت بە کردەوە خزمەتی بکەن، نەک بە رووکەش.
بە گوتەی شاهۆ نەجم، داواکاریی سەرەکیی خەڵکی کەرکووک بریتییە لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و هەلیکار بۆ گەنجان. ناوبراو گوتی: "کەرکووک یەکێکە لە دەوڵەمەندترین شارەکانی عێراق، بەڵام هەژارییەکی زۆری تێدایە. کارەبای ناجێگیرە و رێگەوبانەکانی خراپن. دەمانەوێت ئەزموونی هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ ئێرە." وەک نموونەیەکیش ئاماژەی بە دۆخی قەڵای مێژوویی کەرکووک کرد کە وەک "رەمزێکی پشتگوێخراو"ی شارەکە وەسفی کرد.
لەبارەی دامەزراندن و هاوسەنگیی نەتەوەیی، شاهۆ نەجم ئاشکرای کرد کە لە دوای ساڵی 2017ـەوە، نزیکەی 7,000 کەس لە کەرکووک دامەزراون، بەڵام "پشکی شێر" بەر عەرەب کەوتووە و رێژەی دامەزراندنی تورکمانیش لە کورد زیاتر بووە. هەروەها باسی لە بوونی نزیکەی 7,000 مامۆستای خۆبەخش کرد کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون و بەڵێنی دا کار بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە دامەزراندندا بکەن.
سەبارەت بە پرسی تەعریب، ناوبراو رایگەیاند: "بەداخەوە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە پرۆسەیەکی بەرفراوانی تەعریب لە شارەکەدا هەیە و چەندین گەڕەکی نوێ بۆ عەرەبی هاوردە دروستکراون."
لە کۆتاییدا، شاهۆ نەجم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە کەرکووک "کوردایەتی" پێش حیزبایەتییە و داوای لە هەموو لایەنە کوردییەکان کرد یەکگرتوو بن، چونکە "خەڵکی کەرکووک چیتر موزایەدەی سیاسی قبووڵ ناکات و تەنیا خزمەتی دەوێت." داوای لە خەڵکی کەرکووک کرد ئەمجارە متمانەیان پێ بدەن بۆ ئەوەی کار لەسەر کێشەکانی زەویوزار، زمانی کوردی و گەڕاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن.
پرسی قوربانییانی خۆپیشاندانەکانی 2023ی شارەکە و نەبەستنەوەی مافەکانیان، پرسێکی دیکەی بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" بوو
هەردی ستار، برای شەهید هەڤاڵ ستار، وردەکاریی رووداوی شەهید بوونی براکەی گێڕایەوە و رایگەیاند کە هەڤاڵ لە کاتی گەڕانەوەی لە کار، بەهۆی ئەو هەرایەی لەسەر گرتنی رێگەی هەولێر و کەرکووک دروست بوو، تەقەی لێ کرا و فیشەک لە پشتەوە بەر سەری کەوت. هەردی ستار ئاماژەی بەوەدا کە ئەوانەی تەقەیان کرد "سوپا" یان "هێزە رەشەکە" بوون و تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.
دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ و 3 گەنجی دیکە، نوێنەری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی ماڵەکەیانی کرد و بەڵێنی پێدانی مافی شەهیدانی پێدان. بەڵام، هەردی ستار جەختی کردەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ شتێکیان بۆ نەکراوە و داواکارییەکەیان 2 جار رەت کراوەتەوە بە بیانووی ئەوەی "خۆپیشاندەر" بوون.
هەردی ستار، رەخنەی لە پارتە کوردییەکان گرت و گوتی: "تاوەکو ئەم کاتە، کورد هیچی نەکردووە بۆ ئێمە... کەس خۆی نەکردووەتە خاوەنی." ئەو ئاماژەی بەوەدا کە سەرەڕای ئەوەی بابەتەکە "پرسی کوردایەتی" بوو، بەڵام هیچ حیزب و دەسەڵاتێک نەیتوانیوە مافی ئەو شەهیدانە وەربگرێت. شەهید هەڤاڵ ستار 4 کچی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە، کە یەکێکیان دوای شەهیدبوونی لەدایک بوو.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، هاونیشتمانییان دۆخی کوردیان لە کەرکووک بە "باش" وەسف کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی پارێزگارێکی کورد دەسەڵاتی ئیداریی شارەکەی گرتە دەست. هاونیشتمانییەک دەڵێت، دەسەڵاتی ئیداری لای کوردە و ئەمەش وای کردووە "تەعریبەکە راگیرێت"، بەڵام نەیتوانیوە ببێتە "بەربەستێکی گەورە".
هاوکات، هاونیشتمانییەکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەوەی پارێزگار کوردە، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و وەزارەتی بەرگریی عێراق هێشتا پرۆسەی تەعریب بەڕێوە دەبەن.