چارەنووسی زەویی جووتیارانی کوردی کەرکووک لەدوای هەڵبژاردن

28 October 2025
چارەنووسی زەویی جووتیارانی کوردی کەرکووک لەدوای هەڵبژاردن

لەم بەرنامەیەی رووداو ئەمڕۆدا لەگەڵ دیلان غەفوور، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند هاونیشتمانییەکی کەرکووک. دۆخی شارەکە و پرسی ئاڵای کوردستان، یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و کێشە ریشەییەکانی شارەکە گەنگەشە کرا.

دیلان غەفوور: پێویستە کورد بە 2 وەرەقەی دانوساندن بچێتە بەغدا.

لە بەرنامەکەدا دیلان غەفوور، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبازەنەی کەرکووک کە 8 ساڵە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، ئاماژەی بەوە دا کە لە خولی پێشوودا کاری لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، کردووە و بەهۆیەوە ناوبراو لە هەڵبژاردن بێبەش کراوە.

سەبارەت بە بەرنامەی داهاتووی، دیلان غەفوور پێشنیازی کرد کە کورد بە 2 وەرەقەی دانوساندن بچێتە بەغدا. وەرەقەی یەکەم تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان (بودجە و یاسای نەوت و گاز)، و وەرەقەی دووەمیش تایبەت بێت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چونکە کێشەکانی کەرکووک جیاوازن و پێویستیان بە مامەڵەیەکی وردتر هەیە.

کێشەی هاوسەنگی و زەوییە زیادەڕۆکان

لەبارەی کێشە ریشەییەکانی کەرکووک، دیلان غەفوور، دۆسیەی هاوسەنگی، لە دامەزراندن و پۆستە ئیدارییەکان بە گرنگترین زانی. ئەو رایگەیاند کە رێژەی کورد لە پارێزگاکەدا 50%ە، بەڵام لە دامەزراندنەکاندا رێژەکەیان نەگەیشتووەتە 32% و لە هەندێک فەرمانگەدا تەنیا 5% بۆ 18%ـیە.

بەربژێرەکەی یەکێتی، هەروەها باسی کێشەی خاوەندارێتی زەوییەکانی کرد، بەتایبەتی گەڕەکە کوردییە نوێیەکان کە لە دەرەوەی ماستەرپلانی شار دروست کراون و لەژێر هەڕەشەی وەزارەتەکانی نەوت و دارایی عێراقدان. ئەو پێشنیازی کرد کە لیژنەی تایبەتمەند لەگەڵ وەزارەتی دارایی و نەوت پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی ئەو زەوییانە بە دانیشتووان بفرۆشرێنەوە یان بە پارچە زەویی دیکە قەرەبوو بکرێنەوە. دیلان غەفوور، جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی بەعس، کە دەستکەوتێکی خولی پێشووی پەرلەمان بوو، هێشتا رێنمایی جێبەجێکردنی بۆ دەرنەچووە و پێویستی بە چاودێریی پەرلەمانتارانی داهاتوو هەیە.

لە بەرنامەکەدا سۆران تەباخ، هاونیشتمانیی دانیشتووی کەرکووک، تیشکی خستە سەر پرسی ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەری پێشمەرگە کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە ئاڵای عێراقی لەسەر دانراوە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە سیمبولێکی گەورەیە بۆ کورد و بە درێژایی مێژوو کەس نەبووە وەکو ئەو بچێتە بەردەم فەرماندەیەکی باڵای عێراقی و پرسیار بکات: "تۆ سیمبولی خۆتت هەیە، من بۆچی ناتوانم سیمبولەکەی خۆم کە ئاڵای کوردستانە لە کەرکووکدا بەرز بکەمەوە؟" سۆران تەباخ هەستی خۆی دەربڕی کە بینینی پەیکەری پێشمەرگە بە ئاڵای عێراقەوە وەکو "گولە" وایە و شەرم دەکات سەیری بکات.

سۆران تەباخ، رەخنەی لە یەکێتی و پارتی گرت، بەوەی کە لە کەرکووک یەکڕیز نین. ئەو داوای لە هەردوو حیزبەکە کرد کە لەم شارە یەکگرتوو بن، بەتایبەتی لەبەر خاتری "دایکی شەهید و کوڕی شەهید و ماڵە ئەنفالەکان". ئەو ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی هێرشی داعشدا، تەنیا پارتی و یەکێتی بەرگرییان لە شارەکە کرد. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر کورد لەم هەڵبژاردنەدا بە یەکدەنگی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، دەتوانن 67 کورسی بەدەست بهێنن.