خورشید هەرکی: کێشەی گوندی لاجان چارەسەرکراوە و خەڵک گەڕاونەتەوە
خەڵکی گوندی لاجان گەڕانەوە گوندەکەیان و خورشید هەرکی دەڵێت، وەزیری ناوخۆ دڵنیاییدا کە دۆخی گوندەکە چارەسەر دەکرێت و بەڵێندراوە گیراوەکان ئازاد بکرێن.
خورشید هەرکی، کەسایەتیی دیاری هەرکی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "کێشەی گوندی لاجان چارەسەرکراوە و هاونیشتمانییان گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان."
نیوەڕۆی رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەشێک لە دانیشتووانی گوندی لاجان گوندەکەیان چۆڵکرد، خورشید هەرکی گوتی، "دەنگۆیەکی وا لەنێو خەڵکدا دروستکرابوو، کە خەڵک دەگیرێن و چەکدەکرێن و دەنگۆی دروستبوونی ئاژاوە وایکرد خەڵک گوندی لاجان چۆڵبکەن."
کێشەکانی گوندی لاجان دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە بەشێکی دانیشتووانی گوندەکە "بۆ هەلی کار" خۆپیشاندانیان کرد و دواتر سێ رۆژ ئاڵۆزیی کەوتەوە.
خورشید هەرکی لەبارەی سەرهەڵدانی کێشەکانەوە ئاماژەی بەوەکرد، "کێشەکە لەوە سەریهەڵدا کە خەڵکی لاجان داوای هەلی کاریان کرد."
باسی لەوەکرد، "نا دادپەروەری لە سوودمەندبوونی خەڵکی گوند لە دەرفەتەکانی کار لە لاناز هەیە، نوێنەری پاڵاوگەی لاناز دادپەروەرانە کاری نەداوەتە خەڵکی گوندی لاجان."
دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان، بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لە سنووری گوندی لاجان جێگیرکران، خورشید هەرکی روونیکردەوە، هێز بۆ پاراستنی خەڵک و پاراستنی پاڵاوگەی لاناز چوون."
بە گوتەی کەسایەتییەکەی عەشیرەتی هەرکی، "وەزیری ناوخۆ دڵنیاییدا کە دۆخی گوندی لاجان چارەسەر دەکرێت و بەڵێندراوە گیراوەکان ئازاد بکرێن."
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە سەرجەم ئەو چەکانەی لە گوندی لاجاندان "جەرد" دەکرێن. خورشید هەرکی لەبارەی بڕیارەکەوە گوتی، "چەک بنبڕ ناکرێت، بەڵام بەر لەوەی کێشە گەورەبێت دەبێت چارەسەر بکرێت."
لە گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی گوندی لاجان کەسێک گیانی لەدەستدا کە بە گوتەی کەسوکارەکەی "شۆفێری بارهەڵگر بووە و بە گولـلەی وێڵ شەهید بووە."
بهشی بكه لە