ئێران و ئەمریکا لەنێوان جەنگ و رێککەوتن

06 February 2026
ئێران و ئەمریکا لەنێوان جەنگ و رێککەوتن
شارەزایەکی کاروباری ئێران دەڵێت، ئەمریکا و ئێران هیوایان بە دانوستاندنەکان نییە و هەردوولا کار بۆ بەدەستهێنانی کات دەکەن.
 
محەممەد هەورامی، شارەزای کاروباری ئێران لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ئێران و ئەمریکا هیچ هیوایان بە دانوستاندن نییە و ئامادەکارییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئامادەکاریی جەنگ نین و ئێران ترسی لە ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا نییە، چونکە تاران بڕوای وایە بە گورزی سەربازیی ناڕوخێت.
 
گوتیشی: ئێران رازییە بە کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئامادەشە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی بگوازێتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، بەڵام بەرنامەی مووشەکی بەهێزترین خاڵی ئێرانە، جگە لەوەش ئێران هەزاران مینی دەریایی هەیە و دەتوانێت گەرووی هورمز کۆنترۆڵ بکات و ئەگەر ئێران گەرووی هورمز مینرێژ بکات پاککردنەوەی ماوەی 2 ساڵی پێدەچێت.
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، مەیسەم مورادی، لێکۆڵینڤان گوتی: دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا تاکتیکین و ئەمریکا و ئێران کار لەسەر پاشکشێپێکردنی یەکتر دەکەن لە دانوستاندنەکان.
 
گوتیشی: دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا گەشبینانە نین و ئێران نایەوێت هیچ سازشێک بکات تاوەکو لە ناوچەکەدا لاواز دەرنەکەوێت.
بە گوتەی موردای ئێران و ئەمریکا هەردوولایان دەیانەوێت کاتیان دەستبکەوێت و دەشڵێت: جووڵاندنی هێزی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە دژی ئێران زیاترە لە گوشار و بابەتی مووشەکی ئێران بە دانوستاندن یەکلایی ناکرێتەوە چونکە ئێران ناوچەیەکی ئاسایشییە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.