دلاوەر ئاژگەیی: هەر گۆڕانکارییەک لە سووریا کاریگەریی لەسەر ئەورووپا دەبێت

10 February 2026
دلاوەر ئاژگەیی: هەر گۆڕانکارییەک لە سووریا کاریگەریی لەسەر ئەورووپا دەبێت
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: رەوەندی کوردی زۆر رێکخراوانە کاریان لەسەر پرسی رۆژئاوای کوردستان کرد و جوڵاندنی پرسەکەش لە پەرلەمانی ئەورووپا رەهەند و کاریگەریی گرنگی دەبێت.
 
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی:  رەوەندی کوردی زۆر رێکخراوانە کاریان لەسەر پرسی رۆژئاوای کوردستان کرد و یەکگرتوویی کورد لە دیاسپۆرا کاریگەریی گەورەی دەبێت.
 
گوتیشی: پەرلەمان و کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەزۆر پرسدا هاوڕا نین، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا گرنگییەکی زۆر بە پرسی سووریا دەدات.
بە گوتەی ئاژگەیی هەر گۆڕانکارییەک لە سووریا کاریگەریی لەسەر ئەورووپا دەبێت و دەڵێت: سووریا لەرووی ئابووری و ئەمنییەوە جێگەی بایەخی یەکێتیی ئەورووپایە و وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لەوەی گرووپەکانی داعش بوونتە بەشێک لە سووپای سووریا.
 
ئەو گوتانەی دلاوەر ئاژگەیی لەکاتێکدا بوو لە پەرلەمانی ئەورووپا کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی "سووریایەک بۆ هەموو خەڵکەکەی، ئایا ئەمە دەکرێت؟" بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە لەلایەن گرووپی دۆستانی کورد و چەند پەرلەمانتارێکەوە رێکخرابوو و تێیدا نوێنەری کورد، عەلەوی، دروز و عەرەبی سوننە بەشداربوون.