قەیرانی نەختینە دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە لە عێراق

09 February 2026
قەیرانی نەختینە دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە لە عێراق
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: عێراق خەرجییەکانی لە داهات زیاترە و تووشی گرفت بووە و یەکەم جارە مووچەی فەرمانبەرانی بەمجۆرە دوابکەوێت.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: عێراق تووشی کورتهێنانی دارایی بووە و دۆخی ناوچەکە کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر ئابووریی عێراق.
 
گوتیشی: بەهۆی دۆسیەی ئێران، گوشار لەسەر ئابووریی عێراق دروست دەکرێت، بەڵام عێراق کۆمەڵێک پایەی گرنگی هەیە تاوەکو لە قەیرانی دارایی رزگاربێت.
 
لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستانیش، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتن بێت، عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچە.
 
بە گوتەی کۆچەر، عێراق یەدەگی بانکیی هەیە و دەتوانێت مووچە دابین بکات و دەڵێت: حکومەتی عێراق پەنا بۆ هەموو رێگەیەک دەبات تاوەکو مووچەخۆران نەیەنە سەر شەقام و پێدەچێت بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، عێراق باج زیاد بکات، بەڵام زیادکردنی باج ناڕەزایی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە.