بەرپرسانی ئێران پەیامی تووند بۆ ئەمریکا دەنێرن
لێکۆڵینڤانێک دەڵێت: تەنیا دۆناڵد ترەمپ دەزانێت کە ئایا شەڕ لەگەڵ ئێران روودەدات یان نا و تەنانەت بەرپرسانی باڵای ئەمریکاش نازانن چی روودەدات، مامۆستایەکی زانکۆش پێیوایە تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ پلانی قۆناخی دوای جەنگی بۆ ئێران نییە و ئامانجی سەردانی بنیامین نەتەنیاهووش بۆ کۆشکی سپی پەکخستنی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکایە.
د. هێمن سەیدی، لێکۆڵینڤان کە لە لەندەنەوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کردبوو گوتی: تەنیا ترەمپ دەزانێت شەڕ لەگەڵ ئێران روودەدات یان نا و روون نییە ئێران سازش دەکات یان جەنگ بەرپادەبێت لە ناوچەکە.
گوتیشی: ئێران پێیوایە پاراستنی حکومەتی ئیسلامی ئەرکی هەمووانە و لێدوانەکانی پێشتری ترەمپ بوونە خۆی خۆپیشاندان لە ئێران، لە چەند هەفتەی داهاتوو بە تەواوی روون دەبێتەوە کە سیستم لە ئێران دەگۆڕێت یان نا چونکە ئێستا ئێران لە دۆخێکدایە کە قەیرانە نێوخۆییەکانی زیاترە لە قەیرانە دەرەکییەکان.
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، د. نەوزاد هیتۆتی، مامۆستای زانکۆ گوتی: 100% ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ئێران و ئەمریکا هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر تاوەکو نیشانی جیهانی بدات ئێران.
گوتیشی: نەتەنیاهوو بە ئامانجی پەکخستنی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا چووەتە واشنتن و ترەمپ پلانی دوای هەڵگیرسانی شەڕی بۆ ئێران نییە.