شیعەکان بە "زۆرینەی سادە" هەمواری دادگای فیدراڵییان تێپەڕاند

18 March 2021
شیعەکان بە "زۆرینەی سادە" هەمواری دادگای فیدراڵییان تێپەڕاند

شیعەکان بە "زۆرینەی سادە" هەمواری دادگای فیدراڵییان تێپەڕاند و جارێکی دیکە سەرکەوتوو بوون بەبێ کورد، بەڵام بەبێ زۆرینەی کورد، پرسێکی دیکەش تێبپەڕێنن. لەنێو هەموو لایەنە کوردستانییەکاندا، تەنیا فراکسیۆنی یەکێتی بۆچوونیان لەگەڵ تێپەڕاندنی یاساکە بوو؛ لە کۆتاییشدا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون و دەنگیان بە هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی دا.

رۆژی 18ی ئازار، بێستوون عوسمان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، بۆ گفتوگۆکردنی پرسەکە، میوانداری یەکە لە ئەمین بەکر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، کە ئێستا راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانە، نەهرۆ رەواندوزی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، هەڵبەت غەریب، راوێژکار لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو و سەباح سوبحی، پسپۆڕی بواری زانستە سیاسیەکانی کرد.

ئەمین بەکر بە بێستوونی گوت، "تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی بە زۆرینەی سادە، دەنگدانێکی نادەستوورییە بە یاسایەکی نادەستووری". پەرلەمانتارەکەی خولی پێشوو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە لێکەوتەی نەرێنی لێدەکەوێتەوە. بە گوتەی ئەو، "بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکە پێشێلکردنی دەستوور بووە و کارتی فشاری لایەنە کوردستانییەکانیش بایکۆتکردن بووە".

هەڵمەت غەریب دادگای فیدراڵی بە سیمایەکی دەوڵەتی فیدراڵی وەسفکرد و گوتی، "تێپەڕاندن بە زۆرینەی سادە پێشێلکردنی دەستوورە و دادگای فیدراڵیش توانای ئەوەی هەیە خودی ئەو یاسایە رەتبکاتەوە کە لە داهاتوو خۆی پێ بونیاتدەنرێت".

نەهرۆ رەواندوزی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، "لەمەودوا دادگای فیدراڵی لە کۆی 9 دەنگ، پێویستی بە 6 دەنگ دەبێت. ئەگەر کوردێکیش بە هەر هۆکارێک ئامادە نەبێت، بە جێگرەوە پڕیدەکەنەوە".

نەهرۆ رەواندوزی راشیگەیاند، "هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی کاریگەریی گەورە لەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراق دروست دەکات". لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، ئەمین بەکر سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە دەستووری عێراق نزیکە لەوەی بەهای نەمێنێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، "تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی هەڵەیەکی گەورەیە و قەرەبوو ناکرێتەوە".

سەباح سوبحی، شارەزای زانستە سیاسییەکانیش ئاشکرای کرد، "داهاتووی دادگای فیدراڵی دەستنیشانی دەکات چارەنووسی سیستمی عێراق چۆن دەبێت".
 
 رووداوی ئەمڕۆ بەرنامەیەکی رۆژانەیە، شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات. جگە لە رۆژانی دووشەممە و هەینی، لە کاژێر 22:00 بە کاتی هەولێر لەلایەن بێستوون عوسمان پێشکەش دەکرێت و محەممەد عوسمان پرۆدیوسەریەتی.