دیدی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2025 چییە؟

26 May 2021
دیدی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2025 چییە؟
 
 
هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن. هاوپەیمانان لە ساڵی 2015ـەوە لە هەوڵی چڕ و جیدیدان کە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێکی یەکگرتوو و نیشتمانیدا یەکبگرنەوە. بەم دواییەش بە پرۆژە و پلانێکی نوێوە و لەژێر ناوی "دیدی پێشمەرگە بۆ 2025" پرۆگرامێک خرایەڕوو کە لە 4 ساڵی داهاتوودا، پێشمەرگە ببێتە هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو.
 
کۆلۆنێل یان تێن هۆڤ، راوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی پرۆگرامەکەیە و لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا گوتی، "بەبێ بوونی وادەیەک بۆ یەکگرتنەوە، هەرگیز یەکناگرنەوە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەکەم تاوەکو ساڵی 2025 هێزێکی کاریگەر و هاوچەرخ و رێزلێگیراو دروستببێت".
 
لەلایەکی دیکەوە، رێڤینگ هرووری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەکە تاوتوێی ئەو بابەتەیان کرد.
 
رێڤینگ هرووری گوتی "هەوڵەکانی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لاوازن و دەبێت پارتی و یەکێتی بڕیاربدەن پێشمەرگە یەکبگرێتەوە". سەبارەت بە ئاماری هێزەکانی پێشمەرگە، ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا ئامارێکی وردی ژمارەی هێزەکان بەردەست نین.
 
عوسمان سێدەری سەبارەت بە هەنگاوەکانی چوونە پێشەوەی یەکگرتنەوەکە، ئاماژە بەوە کرد کە لیژنەی پێشمەرگە هەوڵی زۆری بۆ یەکگرتنەوە داوە، "یەکێتی و پارتیش لەگەڵ هاوپەیمانان هەنگاوی کردەییان ناوە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوە چڕتر بکرێنەوە.